خەبات: عامر فەرحان:- لەنێوان جەنجاڵی و ماندووبوونی هاووڵاتییان بە شەڕ و قەیرانە جیاوازەکانەوە، گەنجێکی جوانبین و دەستڕەنگین بەناوی دیار ڕەزا، توانیویەتی لەڕێگەی زوومی کامێراکەیەوە وێنەیەکی جوان و گەشاوەی ناوچە گەشتیارییەکانی کوردستان بەگشتی و ناوچەی هەورامان بەتایبەتی، نیشانی جیهانی دەرەوە بدات. دیار ماوەی چوار ساڵە بە بەردەوامی و خۆبەخشانە لەڕێگای کامێراکەیەوە سەرقاڵی ناساندنی ناوچە گەشتیارییەکانە بە گەشتیاران و وەک خۆی دەڵێت: «ئامانجم ڕاکێشانی گەشتیارە بۆ ناوچە گەشتیارییەکان.

دیار ڕەزا، فۆتۆگرافەر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە «خەبات»ی ڕاگەیاند: «سەرەتای کارکردنم وەک فۆتۆگرافەرێک دەگەڕێتەوە بۆ چوار ساڵ پێش ئێستا، کاتێک خوێندکار بووم لە زانکۆی ڕاپەڕین لە بەشی زانستی بایۆلۆجی. ئەوکاتە زۆر سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕینم دەکرد و وێنە و ڤیدیۆم بۆ خۆم تۆمار دەکرد. دواتر، خۆشەویستیم بۆ سروشت و ژینگەی دڵڕفێنی کوردستان وای لێکردم کاری فۆتۆگرافی بکەم بە پیشەی سەرەکیی خۆم و بە هەموو توانامەوە هەوڵ دەدەم جوانییەکانی ناوچە گەشتیارییەکان و سروشتی کوردستان بەگشتی و ناوچەی هەورامان بەتایبەتی، بخەمە پێش چاوی گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی.» هەروەها دەشڵێت: «هەرچەندە کاری فۆتۆگرافی تێچووی ماددیی دەوێت، بەڵام من خۆبەخشانە بە هاوکاریی خێزانەکەم (دایک، باوک و براکانم) توانیومە پەرە بە کارەکەم بدەم، بەبێ ئەوەی هیچ سوودێکی ماددیم دەست بکەوێت.

دیار ڕەزا ئەوەشی بۆ «خەبات» ڕوون کردەوە: «بە حوکمی ئەوەی من خۆم دانیشتووی قەزای خورماڵم، زۆربەی وێنە و ڤیدیۆکانم هی ناوچە گەشتیارییەکانی قەزای خورماڵ و ناوچەی هەورامانە. بێگومان ناوچەکەش خاوەنی ژمارەیەکی زۆر ناوچەی گەشتیاریی جوان و دڵڕفێنە، کە بەشێکی زۆری ئەو ناوچانە گەشتیاران پێی ئاشنا نەبوون و نەیاندەزانی دەکەونە کوێوە. بۆیە من بەجدی کارم لەسەر ناساندنی ئەو ناوچە گەشتیارییانە کردووە.

سوپاس بۆ خوا، ئێستا ڕۆژانە چەندین نامەم بۆ دێت کە گەشتیاران داوای ناونیشانی ئەو ناوچانە دەکەن. بەشێکی زۆریش لە کۆمپانیا گەشتیارییەکان وێنە و ڤیدیۆکانی من بەکاردەهێنن بۆ ڕاکێشانی گەشتیاری ناوخۆ و بیانی بۆ سنووری خورماڵ و هەورامان. ئەمەش من زۆر دڵخۆش دەکات، چونکە هاوشارییەکانم بەهۆی هاتنی گەشتیارانەوە لە ڕووی ماددییەوە سوود دەبینن.

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: «کوردستان بەگشتی و ناوچەی هەورامان بەتایبەتی، خاوەنی سروشت و ئاووهەوایەکی زۆر تایبەتە کە لە جیهاندا وێنەی نییە. بۆیە من بڕوام وایە لەم دۆخەی ئێستاماندا کە ناوچەکە بە جەنگێکی ناخۆشدا تێپەڕ دەبێت، وەک فۆتۆگرافەرێک پێشنیاز بۆ هاووڵاتییان دەکەم کە بۆ ئارامبوونەوەی دەروونیان و دوورکەوتنەوەیان لە هەواڵی جەنگ و ماڵوێرانی، سەردانی ناوچە گەشتیارییەکان بکەن، تا بە چاوی خۆیان ئارامی و ئاسایشی کوردستان ببینن و دڵ و دەروونیان ئاوێتەی سروشتی جوانی کوردستان بکەن. خۆشم وەک فۆتۆگرافەرێک، لەم دۆخەدا لە ڕابردوو زیاتر وێنە و ڤیدیۆی جوانییەکانی سروشتی کوردستان تۆمار دەکەم و بڵاویان دەکەمەوە، تا زۆرترین کەس ئاشنای جوانییەکانی کوردستان بکەم.

دیار ڕەزا ئەوەشی بە «خەبات» ڕاگەیاند: «لەبەر چەندین هۆکار، بەداخەوە تائێستا نەمتوانیوە پێشانگایەکی تایبەت بە وێنەکانم بکەمەوە، بەڵام سۆشیال میدیا وەک سەکۆیەک ئەو بۆشاییەی بۆ من پڕکردووەتەوە. ڕۆژانە وێنە و ڤیدیۆی سروشتی کوردستان و ناوچە گەشتیارییەکان تۆمار دەکەم و بڵاویان دەکەمەوە، کە خۆشبەختانە هەندێک لە وێنە و ڤیدیۆکانم بە سەدان هەزار بینەری هەیە. ئەمە من زۆر دڵخۆش دەکات و هانم دەدات لە کارەکەم بەردەوام بم. هەروەها، بەشێکی زۆر لە وێنە و ڤیدیۆکانم لە لایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە سوودیان لێ وەردەگیرێت و بەکار دەهێنرێن. بەشێکی زۆریش لە کۆمپانیا گەشتیارییەکان لەڕێگەی وێنە و ڤیدیۆکانی منەوە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار دەهێننە ناوچەی هەورامان. بۆیە ئومێدەوارم لە داهاتوودا بتوانم کاری باشتر و جوانتر بکەم، تا لەڕێگەی کارەکانمەوە زۆرترین گەشتیار بۆ قەزای خورماڵ و ناوچەی هەورامان ڕابکێشم.