سهرهتا وتار شیکردنەوەی ستراتیژیی بۆ خەبات و شۆڕشەکانی بارزانی(1945 ـ 1947)
نەورۆز عهلی كاكهئەمین
لێکۆڵینەوە لە مێژوو و ستراتیجیەتی سەربازیی مستەفا بارزانی؛ تەنها گێڕانەوەی داستان نییە، بەڵکو تێگەیشتنە لە چۆنیەتی کارلێکی بڕیاری سیاسی و سەربازیی بارزانی نەمر لە نێوان ساڵانی (١٩٤5 بۆ ١٩٤٧). لەو سەردەمەدا (جەنگی جیهانی دووەم) کوردستان و دەڤەرەکە کەوتنە ناو گێژاوێکی جیۆپۆلەتیکی لەم چوارچێوەیەدا، جووڵە سەربازییەکانی مەلا مستەفا بارزانی لە بارزانەوە بۆ مەهاباد و دواتر بۆ ڕووباری ئاراس،”مانۆڕێکی ستراتیژی” بوو بۆ پاراستن و پێشڤەچوون هەستی نەتەوەیی کورد لەناو گەمارۆی سیاسی و عەسکەری سی وڵاتدا؛
جیۆگرافیا وەک چەک”بەرگریی”
بارزانی لە ساڵی ١٩٤٥دا لە بەرامبەر سوپایەکی ڕێکخراوی وەک عێراق کە لەلایەن بەریتانیاوە پشتگیری دەکرا، ستراتیژی (جەنگی ناهاوسەنگ)ی بەکارهێنا.
بارزانی چیاکانی وەک “قەڵای سروشتی” و تۆپۆگرافیای جەنگ بەکارهێنا. چونکە دەیزانی کە فڕۆکە و تانکەکانی دوژمن لە ناوچە شاخاوییە سەختەکاندا کاریان ئاسان نابێت.
کاتێک بارزانیی بڕیاریدا هێزەکانی ڕوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن، لەبەر نەبوونی هێز نەبوو، بەڵکو گۆڕینی “مەیدانی جەنگ” بوو بۆ شوێنێک کە قوڵایی ستراتیژی زیاتری هەبێت ئەویش (کۆماری کوردستان) بوو.
لە ساڵی ١٩٤٦دا، بارزانی و هێزەکانی بوونە “هێزی پارێزەری” کۆماری کوردستان. لێرەدا بڕیاری جیۆپۆلەتیکی بارزانی لە دوو خاڵدا چڕ دەبێتەوە:
یەکەم/ پێکهێنانی سوپایەکی نیشتمانی: گۆڕینی شێوازی جەنگی پارتیزانی بۆ سوپایەکی یەکگرتوو کە بەرگری لە سنوورێکی سیاسی دیاریکراو دەکات.
دووەم/ هاوسەنگیی هێز: بارزانی هەرزوو درکی بەوکرد کە مەهاباد تەنها شارێک نییە، بەڵکو هێمایەکی سیاسییە. پاراستنی مەهاباد واتە پاراستنی شەرعییەتی سیاسی کورد لەو قۆناغەدا.
ڕێڕهو بەرەو یەکێتی سۆڤیەت
گەورەترین مانۆڕی لۆجستی لە مێژووی کورددا کە دوای نسکۆی کۆمار لە ١٩٤٧، بارزانی ڕووبەڕووی بڕیارێکی مێژوویی بووەوە: ئەویش تەسلیمبوون یان بڕینی نزیکەی 1000 کیلۆمەتر لەناو خاکی دوژمن و بەنێو دۆڵ و سەرشاخی سەخت؛ بە برسیتی و سەرما، کە یەکێک بوو لە سەختترین ڕووداوەکانی مێژووی سیاسیی کورد.
شیکردنەوەی ستراتیژیی ڕێڕەوەکە
بڕینی گەمارۆی سێ لایەنە: سوپای ئێران، عێراق و تورکیا کە لە ئامادەباشیدا بوون. بارزانی ستراتیژی “جووڵەی خێرا” و “شەوڕۆیی” بەکارهێنا بۆ ئەوەی لە خاڵە لاوازەکانی سنوورەکان بدات.
ئیدارەدانی قەیران: گواستنەوەی زیاتر لە ٥٠٠ چەکدار لە ناوچەیەکی شاخاوییەوە بۆ دەشتاییەکانی ئاراس، پێویستی بە زانستێکی لۆجستی بەهێز هەبوو لە ڕووی دابینکردنی خۆراک و تەقەمەنی بەبێ هەبوونی هیچ بنکەیەکی پشتیوانی.
دەرەنجامە جیۆپۆلەتیکییەکان
خەبات و شۆڕش و بەرخودانی سەربازییانەی بارزانی لەو سەردەمەدا؛ سێ ئەنجامی گرنگیان هەبوو کە تا ئێستاش کاریگەرییان ماوە:
یەکەم: بە جیهانیکردنی دۆزی کورد: گەیشتنی بارزانی بۆ سۆڤیەت، کێشەی کوردی لە کێشەیەکی ناوخۆیی عێراق و ئێرانەوە گۆڕی بۆ کێشەیەکی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی جەنگی سارددا.
دووەم: پاراستنی “هێزی مرۆیی”: ئەگەر بارزانی ئەو بڕیارە جیۆپۆلەتیکییەی نەدایە، ڕەنگ بوو سەرکردایەتی بزووتنەوەی کورد لەو قۆناغەدا بە تەواوی لەناو بچووبوا.
سێیەم: دروستکردنی ئەفسانەی “پێشمەرگە”: خەبات و شۆڕشەکانی بارزانی و پێشمەرگەکانی متمانەی بە تاکی کورد بەخشی کە پێشمەرگە و مەلامستەفا بارزانی دەتوانێت لە بەرامبەر دەوڵەتە ناوچەییەکاندا خۆی ڕابگرێت.
بۆیە دەتوانین بڵێین جووڵە سەربازییەکانی مەلا مستەفا بارزانی لە نێوان ساڵانی ١٩٤٥-١٩٤٧ تەنها کردەی جەنگی نەبوون، بەڵکو “داڕشتنەوەی نەخشەی هێز” بوون لە ناوچەکەدا. بە بەکارهێنانی ژیرانەی زەوی (تۆبۆگرافیا) و ناسینی هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکان، توانی بزووتنەوەی کورد لە فەوتان ڕزگار بکات و بپەڕێتەوە بۆ قۆناغێکی نوێ کە تێیدا کورد وەک ئەکتەرێکی سیاسی و سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا حیسابی بۆ دەکرێت.