کوسوڵخانەى ئەمەریکا لە هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە: لە چوارچێوەی هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و لە میانەی ساڵانێکی زۆر لە دۆستایەتی و هاریکاریی ستراتیژیی هاوبەش لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و ئەمنیدا- کە بە هەوڵە هاوبەشەکان بۆ تێکشکاندنی داعش گەیشتە لوتکە- بڕیار درا لیژنەی باڵای هەماهەنگیی هاوبەش پێک بهێنرێت.

  ٢٦ی ئاداری ٢٠٢٦، لە یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هەماهەنگیی هاوبەشدا، هەردوو لایەنی عێراقی و ئەمەریکی بڕیاریان دا هاریکارییەکان چڕتر بکەنەوە بۆ ڕێگریکردن لە هێرشە تیرۆریستییەکان و دڵنیاییدان لەوەی کە خاکی عێراق وەک خاڵی دەستپێک بۆ هیچ جۆرە دەستدرێژییەک دژی گەلی عێراق، هێزە ئەمنییەکانی عێراق، دامەزراوە و سامانە ستراتیژییەکانی عێراق، هەروەها دژی کارمەندانی ئەمریکی، نێردە دیپلۆماسییەکان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەکارناهێنرێت.

هەردوو لا جەختیان لەسەر پابەندبوونی خۆیان کردەوە بۆ هێشتنەوەی عێراق لە دەرەوەی بازنەی ململانێ سەربازییە بەردەوامەکانی ناوچەکە، بە ڕێزگرتنی لە سەروەرییەکەی بە تەواوەتی و پشتیوانیکردنی عێراق لە دڵنیاییدان لەوەی کە ناکرێت خاک، ئاسمان و ئاوە ناوچەییەکانی بۆ هەڕەشەکردن لە عێراق، یان وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە بەکار بهێنرێن.

هەردوو لایەن دووپاتیان لە نوێکردنەوەی پابەندبوونی خۆیان کردەوە بۆ هەماهەنگیکردن لە هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە شێوەیەک کە پێشینە بدات بە هەنگاوەکانی عێراق بۆ بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکان، بە جۆرێک کە سەقامگیری بپارێزێت و پارێزگاری لە سەروەریی عێراق بکات.