هەریەك لە كەشتی فڕۆكەهەڵگری یو ئێس ئێس جۆرج دەبلیو بۆش و سێ كەشتیی تری جەنگی هێرشبەری ئەمەریكی، بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەن، بە ئامانجی بەشداریكردن لە جەنگی وڵاتەكەیان دژ بە كۆماری ئیسلامیی ئێران.
تۆڕی بی بی سی بڵاوی كردەوە، كەشتی فڕۆكەهەڵگری جۆرج دەبلیو بۆش كە وەك بنكەیەكی سەربازی فرەوان وایە و 80 فڕۆكەی جەنگی هەڵگرتووە، بە ئاراستەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چوونە ژێر فەرمانی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاو دەنێت، بەشداریی لە جەنگ و هێرشەكان بۆ سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكات.
بەرپرسانی ئەمەریكا ئاشكرایان كرد، كەشتییە فڕۆكەهەڵگرەكە و فڕۆكە جەنگییە هێرشبەرەكانی سەر كەشتییەكە، مەشق و ڕاهێنان و ئامادەكارییەكانیان لە ناوەڕاستی ئەم مانگە تەواو كرد و ئێستەیش بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێگەوەن، ئامانجیش لە ناردنی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چوونە پاڵ هێزەكانی ئەمەریكایە بۆ لێدان لە كۆماری ئیسلامیی ئێران.
هاوكات بەرپرسانی ئەمەریكا ئاماژەیان بەوە كردووە، جیا لە كەشتی فڕۆكەهەڵگری جۆرج دەبلیو بۆش، هەریەك لە كەشتیی جەنگی هێرشبەری یو ئێس ئێس دۆناڵد كۆك و یو ئێس ئێس ماسۆن ئەم هەفتەیە ئەمەریكایان جێهێشتووە و دەچنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوكات كەشتی وێرانكەری یو ئێس ئێس رۆز بەهەمانشێوە لەم هەفتەیە ئەمەریكای جێهێشتووە، بەڵام تا ئێستە ئەو شوێنەی كە بۆی دەچێت ڕوون نییە.
ئەمەریكا ئێستە هەریەك لە كەشتی فڕۆكەهەڵگری ئەبراهام لنكۆلن و جیرالد فۆردی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ هێرشكردنە سەر ئێران جێگیر كردووە، هاوكات كەشتیی جەنگی یو ئێس ئێس تریپۆلی بە دوو هەزار سەربازی هێزی دەریاوانییەوە پێشتر ژاپۆنیان جێهێشت و بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەن.