بەرپرسێكی ئەمەریكی بە ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنالی ڕاگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، هەوڵ دەدات بە پەلە و خێرایی كۆتایی بە جەنگ لە دژی ئێران لە هەفتەكانی داهاتوو بهێنێت، ئەوەیشی بە یاریدەدەر و ڕاوێژكارانی ڕاگەیاندووە كە ئامانجیەتی بە خێرایی كۆتایی بە جەنگەكە بهێنێت.

وۆل ستریت جۆرنال لە زاری ئەو بەرپرسە ئەمەریكییە  ده‌ڵێ : بەشێك لە نزیكەكانی ترەمپ هانی دەدەن كە بەشێوەیەكی فراوانتر و چڕتر هێرش بكاتە سەر ئێران و لە جەنگ دژی ئێران نەوەستێت، تا گۆڕینی ڕژێمی ئێرانی لێ نەكەوێتەوە.

ئاماژە دراوە، ترەمپ ئامادەیی تەواوی دەربڕیوە بۆ ڕەوانەكردنی هێزی وشكایی بۆ ناوخۆی ئێران، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا دوودڵە لەناردنیان بەهۆی مەترسی لەسەر ژیانی سەربازانی ئەمەریكا و بەرزبوونەوەی ئاستی زیانە مرۆییەكان لە ئەگەری چوونی هێزەكانی ئەمەریكا بۆ ناو ئێران.

تا ئێستە زیانە گیانییەكانی هێزەكانی ئەمەریكا لە جەنگ دژی ئێران، 300 بریندار و 13 كوژراوە لە سەرەتای دەستپێكردنی جەنگەكەوە، هاوكات ترەمپ دەیەوێ هەوڵی گەیشتنە ڕێككەوتن و یەكلاكردنەوەی دۆسیەی ئێرانیش بدات، لە ئەگەری هەر رێككەوتنێكیش ترەمپ دەیەوێ بەشێك لە نەوتی ئێران بۆ ئەمەریكا مسۆگەر بكات.