شەش وڵاتی عەرەبی کە پێک هاتوون لە (شانشینی عەرەبستانی سعوودی، کوێت، قەتەر، ئیمارات، بەحرەین و ئوردن)، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و تێیدا داوایان لە حکوومەتی عێراق کرد “ڕێکاری دەستبەجێ و یەکلاکەرەوە بگرێتە بەر بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانەی کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکان و میلیشیاکان لە ناو خاکی عێراقەوە بەرەو وڵاتانی دراوسێ ئەنجام دەدرێن”.

وڵاتانی واژۆکەری بەیاننامەکە جەختیان کردەوە کە ئەم داواکارییە لە سۆنگەی پەرۆشییان بۆ پەیوەندیی دۆستایەتی و ئارەزووی دوورکەوتنەوەیە لە هەر پەرەسەندنێکی زیاتر کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.

لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا جەخت کراوەتەوە سەر دەستگرتن بە “مافی تەواو و ڕەسەنی بەرگری لەخۆ کردن” لە بەرامبەر ئەم هێرشانەی کە بە “تاوانکاری” وەسفیان کردووە، ئەوەش بە پشتبەستن بە ماددەی ٥١ی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە مافی بەرگریکردن، بە تاک یان بە کۆمەڵ، بۆ وڵاتان دەستەبەر دەکات لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر دەستدرێژییەکی چەکداری.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، ئەو شەش وڵاتە جەختیان لە مافی خۆیان کردەوە بۆ “گرتنەبەری هەموو ڕێکار و هەنگاوە پێویستەکان کە پاراستنی سەروەری، ئاسایش، سەقامگیریی هاووڵاتییانیان مسۆگەر بکات لە هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی کە لە خاکی عێراقەوە سەرچاوە بگرێت”.