بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، ئەبو موجاهید عەساف، ڕایگەیاند کە ئەمینداری گشتیی کەتیبەکان فەرمانی داوە بە هەڵپەساردنی بەئامانجگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ.
لە بەیاننامەکەدا ڕوون کراوەتەوە کە ئەم ماوەی ڕاگرتنە بە چەند مەرجێک بەستراوەتەوە، لەوانە: ڕاگرتنی بۆردومانەکانی داگیرکەری ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی “زاحیە” لە بەیروت، پابەندبوون بە بۆردوماننەکردنی ناوچە نیشتەجێبوونەکان لە بەغدا و پارێزگاکانی تری عێراق، هەروەها کشانەوەی ئەندامانی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) لە بنکەکانیان لەناو شارەکاندا، بێجگە لە هەرێمی کوردستانی عێراق.
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەر جۆرە پابەندنەبوونێک بەم مەرجانە، بە وەڵامێکی ڕاستەوخۆ و چڕ ڕووبەڕوو دەبێتەوە و دوای تەواوبوونی وادەکەش ئاستی هێرشەکان بەرزتر دەکرێتەوە. هەروەها جەختی کردووەتەوە لە پاڵپشتیکردنی حکوومەت و دەزگا ئەمنییەکان لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و دامەزراوە ئابوورییەکان، بەو مەرجەی وڵاتەکانیان پابەند بن بەوەی تێوەنەگلێن لە ململانێکاندا.