بەغدا – واع/ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ شەممە جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق کردەوە لە ڕەتکردنەوەی پەرەسەندنی کردەوە سەربازییەکان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوە کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) وەریگرتووە، “فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێگەیشت. لەو پەیوەندییەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران پەرەسەندنەکانی دۆخی سەربازیی وڵاتەکەی لە دوای هێرشەکانی ئەم دواییە خستە ڕوو.”
عێراقچی لە پەیوەندییەکەدا جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە خۆی و ئاماژەی بەوەش کرد، “وەڵامدانەوەکەی ئێران بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکاتە ئامانج، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەوەی کە وەک ‘مافی بەرگریکردن لە خۆی’ وەسفی کرد.” هەروەها ڕوونی کردەوە کە “ئەم هێرشانە وڵاتانی پەیوەندیدارناکەنە ئامانج، بەڵکو تەنها بۆ سەر پێگە سەربازییەکانە.”
لای خۆیەوە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە، جەختی لە “هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق لە ڕەتکردنەوەی پەرەسەندنی کردەوە سەربازییەکان” کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە “جەنگ ناتوانێت ببێتە ئامرازێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان؛ گفتوگۆ وهێورکردنەوە باشترین ڕێگەن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، بە شێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بپارێزرێت.”