دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییەکی توند ئاراستەی تاران دەکات و هەڕەشەی خاپوورکردنی کێڵگەی گازی “پارسی باشوور” دەکات لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەر پەلامارێکی ئێران بۆ سەر دامەزراوە گازییەکانی قەتەر؛ ئەم هەڕەشەیەی ترەمپ هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنی زیانی گەورە بە ژێرخانی گازی قەتەر بەهۆی هێرشە موشەکییەکانەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆمپانیای (قەتەر وزە) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: “ژمارەیەک لە دامەزراوەکانی گازی سروشتیی شل (LNG) ڕووبەڕووی هێرشی موشەکی بوونەتەوە، کە بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر و گەیاندنی زیانی مادیی زۆر و گەورە.” هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە: “تیمەکانی بەرەنگاربوونەوەی بارودۆخی نائاسایی دەستبەجێ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی زیانەکان بڵاوەیان پێکراوە و خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەکەوتووەتەوە.”









