
خەبات – عەلی بانیشاری
چەند بەركەوتوویەكی چەكی كیمیایی كە دانیشتووی شاری هەڵەبجەن لە ماوەكانی ڕابردوودا لە وڵاتی ئێران نەشتەرگەری چاندنی گلێنەی چاویان بۆ ئەنجامدراوە، بەڵام بەهۆی ئەو جەنگەی وڵاتەكەی تێكەوتووە نەخۆشەكان ناتوانن بگەڕێنەوە ئێران بۆ ئەوەی پزیشك بیانبینێت و سەیری ئەنجامی نەشتەگەرییەكەیان بكات. سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە كە لە نزیكەوە ئاگاداری بارودۆخی ئەو نەخۆشانەیە كە نەشتەرگەریەكەیان بۆ ئەنجامدراوە دەڵێت: بەهۆی ئەوەی بەركەوتووەكان لە كاتی خۆیدا سەردانی پزیشكیان نەكردووەتەوە، نیگەرانی باڵی بەسەریاندا كێشاوە.
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: بەهۆی جەنگی نێوان ئێران-ئەمهریكا+ئیسرائیل ژمارەیەك بەركەوتووی چەكی كیمیایی كە نەشتەرگەری چاندنی گلێنەی چاویان لە وڵاتی ئێران بۆ كراوە ناتوانن بگەڕێنەوە ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی پاش نەشتەرگەرییەكە پزیشك بیانبینێت، ئەوەش بارودۆخی نەخۆشەكانی قورستر كردووە. گوتیشی: پەیوەندی نێوان پزیشك و نەخۆشەكان پچڕاوە و نازانین ئەو پزیشكانەی كە نەشتەگەرییەكانیان ئەنجامداوە لە شوێنی خۆیان ماون یان نا.
زیاتر گوتی: هەر نەخۆشێك نەشتەرگەری چاندنی گلێنەی چاوی بۆ ئەنجام بدرێت، پێویستە پاش 40 ڕۆژ سەردانی پزیشك بكاتەوە. بەوتەی لوقمان عەبدولقادر، ئەو كەسانەی كە نەشتەرگەرییەكەیان بۆ ئەنجامدراوە دانیشتووی شاری هەڵەبجەن و چاوەڕێی پەیوەندی تەلەفۆنین بۆ ئەوەی كاتی سەردانی پزیشكیان لە وڵاتی ئێران بۆ دیاری بكرێت.
باسی لەوەشكرد، ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بە چاندنی گلێنەی چاوە بەپێی كات زیاد و كەم دەكەن، وەكو ئەو دەڵێت ((لەوانەیە دوو مانگی دیكە پێنج بەركەوتووی دیكە پێویستیان بە چاندنی گلێنەی چاو بێت)). سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە دەڵێت: تەواوی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی ڕۆژانە دەرمان بەكاردێن بەتایبەت ئەو نەخۆشانەی كێشەی كۆندامی هەناسەیان هەیە. بەگوێرەی ئاماری كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، 808 بەركەوتووی چەكی كیمیایی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان هەیە.
ڕاشیگەیاند: لە ئێستادا شەش بۆ حەوت بەركەوتووی چەكە كۆمەڵكوژەكە لە هەڵەبجە باری تەندروستیان ناجێگیرە و بە بەردەوامی ئامێری ئۆكسجینیان لەسەرە، وەكو ئەو دەڵێت ((ئەگەر ئامێرەكەیان لێ بكەیتەوە گیانلەدەستدەدەن)). دەشڵێت: لە بالیسانیش نزیكەی 15 بەركەوتووی چەكی كیمیایی بەردەوام پێویستیان بە ئامێری ئۆكسجینە.
لوقمان عەبدولقادر داواشی له حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد لە ڕێگەی وەزارەتی تەندروستییەوە بەركەوتووانی چەكی كیمیایی بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی ئەڵمانیا بكات. بەوتەی سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، ئەڵمانیا باشترین وڵاتە بۆ چارەسەری بەركەوتووانی چەكی كیمیایی و تەواوی دەرمان و پێداویستییەكانی بەركەوتووان لەو وڵاتە بەردەستە.
بەگوێرەی دواین ئاماری كۆمەڵەی قوربانییانی كیمیابارانی هەڵەبجە، لە 23 ساڵی ڕابردوودا لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان 121 بەركەوتووی چەكی كیمیایی گیانیانلەدەستداوە و ساڵانە ژمارەكە زیاد دەكات. لە 16ـی ئاداری 2025ـەوە تاوەكو 13ـی ئاداری 2026 سێ بەركەوتووی چەكی كیمیایی گیانیانلەدەستداوە.
38 ساڵ لەمەوبەر و لە ڕێكەوتی 16ـی ئاداری 1988 ڕژێمی بەعس بە چەكی كیمیایی بۆردومانی شاری هەڵەبجە كرد و لە چەند كاتژمێرێكدا 5000 كەسی لە دانیشتووانی شارەكە شەهید كرد. جگەلە شەهیدكردنی هاووڵاتیان، سەدان كەس بەهۆی چەكە كۆمەڵكوژەكەوە برینداربوون، بەشێك لە بریندارەكان بەهۆی سەختی برینەكانیانەوە لە ماوەیەكی كەمدا لە سەنتەری شاری هەڵەبجە و دەوروبەری و نەخۆشخانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران گیانیانلەدەستدا و بەشێكی دیكەشیان تاوەكو ئێستا بەو ئازارەوە دەناڵێنن.