خه‌بات: یانەی ئۆبه‌رهاوزن SC Rot-Weiß Oberhausen بە شێوەیەكی فەرمی گرێبەستی لەگەڵ بەهرەمەندی كورد رۆژیار فریاد (19 ساڵ) بۆ تیپی تۆپی پێ یانەكە ئیمزا كرد.
یانەی SC Rot-Weiß Oberhausen لە ساڵی 1904 لە شاری ئۆبەرهاوزن دامەزراوە كە دەكەوێتە هەرێمی نۆردن ڤێست ڤاڵن NRW لە رۆژئاوای وڵاتی ئەڵمانیا.
یانەكە لە هەواڵی گرێبەستكردن لە گەل ئەو بەهرەمەندە لە زاری ستافی دۆزینەوەی یاریزانانی نوێ و راهێنەرەكە روونی دەكەنەوە، ماوەیەكی زۆرە چاودێریی ئاستی رۆژیار دەكەن و پێیانوایە چاوەڕوانی ئاستی باشتری لێدەكرێت.
رۆژیار فریاد كە لە خولی ئەڵمانیا بە رۆژیار ئەربیلی ناسراوە (19 ساوڵ) خەڵكی شاری هەولێرە و ماوەی 10 ساڵە لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە، لە یانەكانی كیڤڵار، ئۆبەرهاوزن و پۆترۆپ یاریی كردووە.
دانێل شیلڤا راهێنەری تیپەكە كە یەكێك بوو لەوانەی پێداگیری بۆ گرێبەست كردن لەگەل رۆژیار دەكرد بە سایتی یانەكەی راگەیاندووە، چەند لایەنێكی گرنگ هەیە لە توانای رۆژیار دەبینین لەوانە: كۆنترۆڵی بەهێزی تۆپ، خێرایی، چالاكی و هەستێكی باش بۆ دۆزینەوەی بۆشایی لە ناو تیمی بەرگری تیپی بەرامبەر.
دانێل جەخت دەكاتەوە كە رۆژیار بە هۆی تەمەنەكەیەوە توانای گەشەسەندنی گەورەی هەیە و ئێمە هاوكارو هاوبەشی دەبین بۆ پەرەپێدانی تواناكانی،لەگەڵ ئەوەشدا ماوەیەكی زۆر بوو چاودێریی ئەو بەهرەمەندەمان كردووە.
دەستنیشان كردنی پێكهاتەی سەرەكی تیپ لە ئەستۆی منە، پێموایە جگە لە یاریزانە بە ئەزمونەكان ئەم جۆرە بەهرانە زۆر گرنگن و تێكەڵەیەكی گونجاو بۆ تپیەكە بنیاددەنێین، من دڵنیام پارچەیەكی گرنگمان بە دەستهێناوە.
دانێل نمونەی ئەو یارییە دەهێنێتەوە كە لە خول دا لە دژی تیپەكەی یاری كردووە و دەڵێ» رۆژیار لەو یارییەدا بە راستی ژاوەژاوێكی لە دژمان دروست كردوو تەحەدایەكی گەورەی بۆ یاریزانانی هێلی بەرگریی تیپەكەم درووستكرد و گوڵێكی تۆماركرد».
ئەو تیپەی ئێستە گرێبەستی لەگەڵ رۆژیار فریاد ئیمزا كردووە لە خولی پلە چواری ئەڵمانیا لە هەرێمی NRW یاری دەكات، لە ریزبەنددا بە كۆكردنەوەی 56 خاڵ لە پلەی یەكەم دێن 6 خاڵ جیاوازیان لەگەڵ پلەی دووەم هەیە و ساڵی داهاتوو كە رۆژیار یاری بۆ دەكات بە ئەگەرێكی زۆرەوە سەردەكەون بۆ پلەی سێ.
پێنج یانە زۆر بە چڕی و وردی چاودێری تواناكانی رۆژیاریان كردووە و بە فەرمی داوایان لێكردووە بۆ ساڵی داهاتوو یارییان بۆ بكات، بەڵام رۆژیار ئەربیلی بۆ سایتی یانەكە جەختی لەوە كردۆتەوە كە ئەو یانەیە دڵخوازی ئەو بووە، دووپاتی كردەوە هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی باشترین ئاست پێشكەش بكات و پەرەش بە تواناكانی بدات.