پێشمەرگە لە بەردەم شەڕ پێفرۆشتندا

157

هەورامان عەلی تۆفیق
دەنگی ئاشتی لە ناوەندی شەڕدا
لە کاتێکدا ئاگری شەڕ و گرژی لە ناوچەکەماندا بەرز دەبێتەوە و بە دوای خۆیدا ناسەقامگیریی دێنێتە ئاراوە، لە کاتێکدا ئەو جۆرە ناسەقامگیرییانە بە جۆری جیاواز خۆیان پیشان دەدەن، سەرۆک مەسعود بارزانی وەک دەنگی ئاشتیخوازی و بنەمای مێژوویی گەلی کورستان لەو پەیامەیدا ئاماژەی بەوە دا، کە کورد بە دێژاییی مێژوو لەگەڵ شەڕ نەبووە، بەڵکوو هەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێکەوەژیان بووە، ئەگەر شەڕیشیان کردبێت، ئەوە بەرگریی بووە لە مافی خۆیان و بەرگریی بووە بەرانبەر بەو هێرشانەی کراوەتە سەرمان، نەک ئامانجگێڕی یان دەستدرێژی.
لەم بنەما نەگۆڕاوە، ئەم فەرهەنگە دەوڵەمەندە ئاشتیخوازانەی گەلی کوردستانی لێ سەرچاوە دەگرێت، سەرۆک بارزانی بە ڕوونی و ئاشکراکردنی ئەم بنەمایەی لە کاتێکدا کرد، کە هێرشی ناڕەوا لەسەر هەرێمی کوردستان بەردەوامیی هەیە و لەژێر پاساوی بێبنەمادا ڕەوایی دەدەنە هێرشەکانیان، ئەم پەیامە ئامانجی ئەوە بوو، کە دونیا بزانێت کورد هەمیشە ئاڵای ئاشتیی بەرز و شەکاوەیە.
شەڕ پێفرۆشتن بە ناوی موقاوەمەوە
یەکێکە لە گرنگترین خاڵەکانی پەیامەکە، ئاشکراکردنی ڕاستی ئەو گرووپانەیە لەژێر ناوی موقاوەمە یان بەرەی موقاوەمە درێژە بە هێرشە ناڕەواکانیان دەدەن، بێشک لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا ئەمەی بە شەڕفرۆشتن و دەستدرێژیی ئاشکرا وەسف کرد، بەو پێیەی هێرشەکان ئاراستەی خەڵکی سڤیل و شوێنی مەدەنیی دەکرێن و هەوڵەکان بۆ ئەوەیە ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان پەک بخەن و پێگە و بارەگاکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج.
ئەوانەی ئەو درووشمانە بەرز دەکەنەوە بە ناوی موقاوەمە، کردەوەکانیان ڕاستی ئەو درووشمانەیان پوچەڵ دەکەنەوە، چونکە شەڕفرۆشتن بە نەتەوەیەک، هەرێمێک بۆ خۆی ساڵانێکی دوورودرێژ قوربانیی دەستی دیکتاتۆریەت و شەڕ و داگیرکاری و دەستدرێژیی بووە.
سنووری دانبەخۆداگرتن و مەرجی ئارامی
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا بە ڕوونی ئاماژەی پێ دا، کە دانبەخۆداگرتنیش سنووری هەیە، ئەمەش بڕوای هەمیشەیی پێشمەرگە بووە و کورد بەردەوام خۆڕاگربووە بەرانبەر بە ڕووداوەکان، دانبەخۆداگرتن مانای ئەوە نییە کورد توانای وەڵامدانەوەی نییە، بە درێژایی مێژوو، کورد بەرانبەر دووژمنەکانی خۆڕاگر و جەنگاوەر و سەرکەوتوو بووە، ئەم پەیامەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، مانا و لێکدانەوەی قووڵتر هەڵدەگرن لەوەی وەک تەنیا ئاگادارییەک حسابی بۆ بکرێت، ئەم پەیامە بڕیاری سیاسیی ڕوون و ئاشکران، دیدی ستراتیژی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەر کوردستان و ئەو دۆخەی لە ناوچەکە لە ئارادایە هاوتەریبە.
داوایەکی سیاسی بۆ بەغدا و لایەنەکانی دیکە
پەیامێکی ئاشکرا و ڕوون بۆ هەموو لایەنە سەرەکییەکان، حکومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتە سیاسییەکان و بەتایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی، داوای ئەوەیان لێ دەکات، کە بە جدیی سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێن.
ئەم داواکارییە ئەوە پیشان دەدات، سەرۆک بارزانی بڕیاری سەربازیی تاک لایەنە نادات، بەڵکوو داوای گفتوگۆیەکی سیاسیی بەرفراوان لە عێراق دوکات، ئەوەش بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و دوورخستنەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئاگری ئەم شەڕەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە، هەرێمی کوردستان بە دیدگەی شارەزایی و لێهاتوویی و دیبلۆماسیی سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرانبەر بە ڕووداوەکان و ئاستی مەترسییەکانی بۆ هەموو لایەک.
هاوخەمی و وابەستەبوونی بەردەوام
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا بە دڵسۆزییەوە هاوخەمیی خۆی گەیاندە خانەوادەی شەهیدان و ئەوانەی لەو ڕووداوانەدا شەهید بوون، ئەمەش پیشاندەری ئەوەیە، کە ئەو پەیوەندییە نزیکەی نێوان ڕووبەڕووبوونەوە مێژووییەکان و ئەرکەکانی ئێستایدا، بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە لە ئەستۆ گرتووە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان. بەرپرسیارێتییە بەردەوامەکانی بۆ دوورخستنەوەی کوردستان لە شەڕ و نەهامەتی، پەیامێکە پڕ لە هیوا و ئومێد، نەک تەنیا بۆ ئێستا، بەڵکوو بۆ نەوەکانی داهاتووی کوردستان لەهەر پارچەیەک بێت، لەهەر شوێنێکی کوردستان کورد کێشەی هەبێت سەرۆک بارزانی وەک مەرجەع و پێشەوایەک لە خەمی ئەو بارودۆخە سەپێنراوانەدا دێتەک دەنگ و وەک داکۆکیکارێک و پێشمەرگەیەک لە مەیدانەکەدا دەبینرێت، وەک چۆن لە بارودۆخی ڕۆژاوادا ڕۆڵی جدی و کاریگەریی هەبوو لە هێورکردنەوەی دۆخەکە و ئاشتەوایی نیشتمانی لە نێوان کورداندا.
پەیامی سەرۆک بارزانی تەنیا پەیامێکی سادەی ئاگادارکردنەوە نییە، ئەمە بڕیارنامەیەکی سیاسی و مژووییە، دیدی کوردستانه‌ بۆ خۆپارێزی و بنەما نەگۆڕەکانی پێشمەرگە بەرجەستە دەکات، لە کاتێکدا ناوچەکە لەژێر دۆخێکی خراپی شەڕ و ئاڵۆزیی دایە، چ لە ناخۆ بێت یان دەرەکی، ئەمەش تەنیا دەنگی سیاسییەک نییە، بەڵکوو دەنگی نەتەوەیەکی خاوەن مێژووی بەرگری و خۆڕاگرییە و هەمیشە ئارەزومه‌ندی ئاشتییە.