سهرهتا وتار خەباتی نیو سەدەی بارزانیی نەمر؛ مافی میللەتی کوردی چەسپاند
کاروان محەمەد سینۆ
ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠، یەکێکە لە درەوشاوەترین و گرنگترین وێستگەکانی مێژووی سیاسیی گەلی کورد لە باشووری کوردستان. ئەم ڕێککەوتنە مێژووییە کە لە نێوان ڕابەری مەزنی کورد مستەفا بارزانی و حکومەتی ئەوکاتی عێراقدا (سەددام حوسێن جێگری سەرۆک کۆماری ئەوکاتی حکومەتی عێراق) واژۆ کرا، ئەم ڕێککەوتنە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا دانپێدانانێکی فەرمی و یاسایی بوو بە مافە نەتەوەییەکانی کورد. ئەم دەستکەوتە گەورەیە دەرەنجامی ساڵانێکی درێژ لە خۆڕاگری، خەباتی چەکداری و قوربانیدانی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان بوو، کە داگیرکەری ناچار کرد لە جیاتی زمانی چەک، پەنا بۆ زمانی دیالۆگ ببات. ١١ی ئازار ڕێککەوتنێک بوو، کە بووە بەردی بناغەی یاسایی و سیاسی بۆ هەموو ئەو دەستکەوتە نیشتمانییانەی کە ئیستا لەدەست دایە و لە داهاتووشدا زیاتر بەدەست دێت.
کێشەی کورد لە عێراقدا لە کۆتایی ساڵی ١٩٢٥دا دەستی پێکرد دوای لکاندنی ویلایەتی مووسڵ و سەرجەم شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان بە دەوڵەتی عێراق. حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق هەردەم خواست مافەکانی نەتەوەیی کوردیان فەرامۆش دەکرد و بەڵکو ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر میللەتی کوردیان دەچەوساندەوە. ئەم دۆخە بەردەوام بوو تا ساڵی ١٩٥٨، کاتێک کودەتای عەبدولکەریم قاسم و ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی ڕوویدا. ئەم گۆڕانکارییە وەرچەرخانێکی جۆریی بە مژاری نەتەوەیی کورد و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بەخشی؛ بەتایبەت کاتێک بۆ یەکەمجار لە ماددەی سێیەمی دەستووری کاتیی عێراقدا نووسرا کە “گەلی عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەکی (کورد و عەرەب) پێکدێت”. ئەمە دەرەنجامی شۆڕشەکانی بارزان و خەباتی چالاکانەی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو کە لە 16ی ئابی 1964دامەزرابوو و سەرچەم شۆڕشگێڕ و ڕۆشنبیر و کرێکار و جوتیار لە دەوری ئەم پارتە پێشڕەوە کۆببوونەوە و گوشار و پەیوەندی و هەوڵەکانی مەلامستەفا بارزانی و هەڤاڵەکانی لە یەکیتی سۆڤیەت (کە ئەوکات پەنابەری سیاسی بوون لەو وڵاتە) کاریگەریی ڕاستەو خۆی هەبوو لەسەر حکومەتی عەبدولکەریم قاسم و عێڕاقی کۆماریی بۆیە ئەم وەرچەخانە لە عێراقدا (ئەوکات) گۆڕانگارییەکی مەزن بوو لە بزاڤی ڕزگاری خوازی میللەتی کورد لە عێراقدا، چونکە لەو سەردەمەدا کورد لە سووریا بێ ناسنامە بوون، لە تورکیا بە “تورکی شاخاوی” ناودەبران و لە ئێرانیش لە ناو کلتووری فارسیدا توابوونەوە.
شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١ – ١٩٦٣)
پاشگەز بوونەوەی حکومەتی عەبدولکەریم قاسم لە جێبەجێکردنی داواکارییەکان میللەتی کورد، بووە هۆکاری ئەوەی لە ئەیلوولی ١٩٦١دا درێژترین بزووتنەوەی چەکداریی کورد دژی دەسەڵاتی عەبدولکەریم قاسم دەستی پێکرد. لە حوزەیرانی ١٩٦٣دا، هەردوو وڵاتی (عێراق و سوريا) هاوکار بوون لەسەر سەرکوتکردنی شۆڕشی ئەیلوول و پڕۆسەی “دیجلە”یان دەستپێکرد، کە ئەگەر دەستێوەردانی یەکێتیی سۆڤیەت و نەتەوە یەکگرتووەکان نەبوایە، خەریک بوو شۆڕشەکە لەناو ببەن. دوای ڕووخانی قاسم و گەیشتنی عەبدولسەلام عارف بە دەسەڵات، حکومەتی نوێ درکی بەوە کرد کە ناتوانێت بە بژاردەی سەربازی کۆتایی بە شۆڕش بهێنێت، بۆیە دەرگای دانوستانی کردەوە.
پڕۆسەی “دیجلە” 1963بۆسەر شۆڕشی ئەیلوول
پڕۆسەی دیجلە (پەلاماری سوپای عێراق)، شاڵاوێکی سەربازیی بەرفراوان بوو کە سوپای عێراق لە ڕۆژی ٩ی حوزەیرانی ١٩٦٣دا دژی پێگەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەستی پێکرد. ئەم هێرشە دوای شکستهێنانی دانوستانەکانی نێوان بەغدا و مەلا مستەفا بارزانی هات، کە هۆکارەکەی ڕەتکردنەوەی داواکاریی بارزانی بوو لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ گەڕاندنەوەی کەرکووک بۆ سەر ناوچەی حوکمی زاتیی کورد کە بڕیار بوو دوای کودەتای ٨ی شوباتی ١٩٦٣ واژوو بکرێت.
سوپای عێراق بۆ (پڕۆسەی دیجلە) هێزێکی گەورەی کۆکردەوە، کە پێکهاتبوون لە: فیرقەی چوارەمی شاخاوی، فیرقەی دووەمی کەرکووک، هێزێکی زۆری جاش و (خۆفرۆشان) و لیوای (یەرمووکی سووری) بە سەرکردایەتی “فەهد ئەلشاعیر” کە بۆ هاوکاری سوپای عێراق هاتبوون.
ئەم شاڵاوە بەسەرکردایەتی هەریەک لە یوونس عەتار باشی، خەلیل جاسم دەباغ، عەبدولجەبار شەنشەل، سەعید حەمۆ، ئیبراهیم فەیسەڵ ئەنساری، و عەبدولڕەزاق سەید مەحموود کە ئەوکات موتەسەڕیفی سلێمانی بوو.
ئەم هێرش و پەلامارە تا مانگی شوباتی ١٩٦٤ بەردەوام بوو. سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتای شاڵاوەکەدا سوپای عێراق و جاشەکانی هەندێک سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، بەڵام نەیانتوانی ئامانجە کۆتاییەکانیان بپێکن.
دوای ٤٥ ڕۆژ لە شەڕی سەخت، پێشمەرگەکانی مەلا مستەفا بارزانی توانییان لە شەڕی (چیای مەتین) سەرکەوتن بەدەستبهێنن و چیاکە لە هێزەکانی حکومەت و جاشەکان پاک بکەنەوە.
شکستی گەورەی سوپای عێراق و جاشەکانی لە شەڕی ڕواندز و سەرکەوتنی پێشمەرگە، سوپای عێراقی ناچار بە پاشەکشە کرد. دوای ئەم شکستە سەربازییانەی سوپا، عەبدولسەلام عارف (سەرۆک کۆماری ئەوکاتەی عێراق) داوای ڕاگرتنی شەڕی کرد و ئاگربەستی ڕاگەیاند، مەلا مستەفا بارزانییش بە مەبەستی پاراستنی خوێنی گەلی کورد و ئامادەکاری بۆ دانوستان لە قۆناغێکی نوێدا ڕەزامەندی لەسەر ئاگربەستەکە دەربڕی.
ڕێککەوتنی ١٩٦٤
لە ١٠ی شوباتی ١٩٦٤دا، ئاگربەستێک لە نێوان مستەفا بارزانی و عەبدولسەلام عارف واژۆ کرا. بەپێی ئەم ڕێککەوتنە کورد هەندێک مافی نەتەوەیی (٨ خاڵ)ی بەدەستهێنا، بەڵام ئەم (8خاڵە) هەموو داواکارییەکانی شۆڕشی مەلامستەفا نەبوو. لەم قۆناغەدا ڕژێمی عێراق هانی لێکترازانی ناوخۆیی پارتی دیموکراتی کوردستانی دەدا بۆ دوو باڵ (باڵی مەکتەبی سیاسی و باڵی مستەفا بارزانی) تا یەکڕیزیی کورد لاواز بکات. بەداخەوە ڕژێمی عێراق توانی ئەو کارە بکات و ئەو باڵەی کە ناوی (باڵی مەکتەبی سیاسی)یان لە خۆنابوو چوونە باوەشی ڕژێمی عێراق و دەستیان کرد بە دژایەتی کردنی شۆڕشی ئەیلوول و مەلامستەفا بارزانی، ئەمەش ڕێخۆشکەربوو بۆ جێبەجێنەکردنی بەندەکانی ڕێکەوتنی 1964و لە ٢ی نیسانی ١٩٦٥دا شەڕ دەستی پێکردەوە.
ڕێککەوتننامەی مێژوویی ١١ی ئاداری ١٩٧٠
دوای ساڵانێکی لە شەڕ و ململانێی ساڵی 1965، شۆڕشی ئەیلوول بە ڕێبەرایەتی و کاریزمای مستەفا بارزانیی نەمر توانی یەکڕیزیی خۆی بپارێزێت و لە ساڵی 1970 ڕژیمی عێراق ناچار بکات بێتە سەر مێزی دانوستان.
ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠؛ وەرچەرخانێکی مێژوویی لە خەباتی نەتەوەیی کورددا
ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠، یەکێکە لە درەوشاوەترین و گرنگترین وێستگەکانی سەدەی بیستەم بوو لە مێژووی باشووری کوردستاندا. ئەم ڕێکەوتنە دەستکەوتێکی مێژووی بوو کە لەژێر فشاری پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانیدا واژۆ کرابێت، هەروەها یەکەمین بەڵگەنامەی فەرمی بوو لە مێژووی هاوچەرخی کورددا کە تێیدا حکومەتی ناوەندیی عێراق بە فەرمی دان بنێت بە مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی گەلی کورد. هەرچەندە دواتر ڕژێمی بەعس لە بەڵێنەکانی پەشیمان بووەوە، بەڵام ئەم ڕێککەوتنە وەک ناسنامەیەکی یاسایی و مێژوویی بۆ کورد هەر مایەوە.
دیپلۆماسی و پێگەی مستەفا بارزانی لە ڕیکەوتنەکەدا
گەورەیی ئەم ڕێککەوتنە لە دوو خاڵی جەوهەریدا کورت دەبێتەوە کە نیشانەی هێز و پێگەی بەرزی سەرکردایەتی کورد بوو:
یەکەم: پاراستنی شکۆی شۆڕش لە دانوستاندا؛ لە ماوەی دوو ساڵی گفتوگۆکاندا (١٩٦٨-١٩٧٠)، مەلا مستەفا بارزانی ئامادە نەبوو بۆ واژۆکردنی هیچ بڕگەیەک سەردانی بەغدا بکات. ئەو نەک وەک داواکارێک، بەڵکو وەک سەرکردەی نەتەوەیەک مامەڵەی کرد و نوێنەرانی حکومەتی عێراقی ناچار کرد بێنە بارەگای سەرکردایەتی شۆڕش لە ناوچە ئازادکراوەکان. ئەمە پەیامێکی دیپلۆماسی بەهێز بوو کە دەیسەلماند کورد لە پێگەی لاوازییەوە گفتوگۆ ناکات.
دووەم: گوشاری سیاسی بۆ ڕاگەیاندنی فەرمی؛ بارزانی سوور بوو لەسەر ئەوەی کە دەبێت ڕێککەوتننامەکە لە لایەن بەرزترین دەسەڵاتی وڵات، واتە سەرۆک کۆمار (ئەحمەد حەسەن بەکر) بخوێنرێتەوە. بەعسییەکان ئەمەیان بە کەمکردنەوەی پایەی سەرۆک کۆماری خۆیان دەزانی، چونکە وەک ڕێککەوتنی “دەوڵەت لەگەڵ دەوڵەت” دەردەکەوت، بەڵام دواجار ئیرادەی بارزانی سەرکەوت و سەرۆک کۆمار خۆی ڕێککەوتنەکەی ڕاگەیاند، کە ئەمەش یەکەمین جار بوو لە مێژوودا دەوڵەتێکی داگیرکەر بەو ئاستە فەرمییە دان بە مافی کورددا بنێت.
گرنگترین بەندەکانی ڕێککەوتننامەکە بریتی بوون لە:
1- زمانی کوردی لەپاڵ عەرەبیدا ببێتە زمانی فەرمی و زمانی خوێندن لەو ناوچانەی زۆرینەی کوردن.
2- بەشداریی کورد لە دەسەڵات و وەزیفە گشتییەکان و سوپا بەبێ جیاکاری و بە ڕێژەیەکی دادپەروەرانە.
3- دانانی پلان بۆ چارەسەری دواکەوتوویی ڕۆشنبیری و پەروەردەیی کورد، خێراکردنی بڕیارەکانی مافی کولتووری و گەڕاندنەوەی قوتابییە دەرکراوەکان.
4- فەرمانبەر و بەرپرسە سەرەکییەکانی (پارێزگار، قایمقام، بەڕێوەبەری پۆلیس و ئەمن) ناوچە کوردییەکان دەبێت کورد بن یان زمانی کوردی بزانن.
5- داننان بە مافی کورد بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوی خوێندکاران، لاوان، ئافرەتان و مامۆستایانی تایبەت بە خۆی.
6- گەڕاندنەوەی هەموو ئەو کرێکار و فەرمانبەرە مەدەنی و سەربازییانەی بەهۆی شەڕەوە دوورخرابوونەوە.
7- پێکهێنانی دەستەیەکی پسپۆڕ بۆ گەشەپێدانی ناوچەکە، تەرخانکردنی بودجەی پێویست و بڕینەوەی مووچەی خانەنشینی بۆ شەهیدانی شۆڕش و کەمئەندامان.
8- گەڕاندنەوەی دانیشتووانی گوندە کوردی و عەرەبییەکان بۆ شوێنەکانی پێشووی خۆیان و قەرەبووکردنەوەیان.
9- خێراکردنی چاکسازیی کشتوکاڵی، نەهێشتنی دەرەبەگایەتی و بەخشینی جوتیاران لە باجە کۆنەکان.
10- هەموارکردنی دەستوور: داننان بەوەی گەلی عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەکی (عەرەب و کورد) پێکدێت.
11- گەڕاندنەوەی ئێستگە و چەکە قورسەکان بۆ حکومەت لە قۆناغی کۆتایی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.
12- یەکێک لە جێگرانی سەرۆک کۆمار دەبێت کورد بێت.
13- هەموارکردنی یاسای پارێزگاکان بەپێی بەیاننامەکە.
14- یەکخستنی ئەو پارێزگا و یەکە کارگێڕییانەی زۆرینەیان کوردن بەپێی سەرژمێری بۆ پەیڕەوکردنی ئۆتۆنۆمی.
15- بەشداریی کورد لە دەسەڵاتی یاساداناندا بەپێی ڕێژەی دانیشتووان.
ڕەهەندە مرۆییەکان و کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان
ڕێککەوتننامەکە ڕەنگدانەوەی گیانی مرۆیی و تەبایی بوو. لەم ڕووەوە؛ بارزانیی نەمر و (ئیدریس بارزانی و مەسعوود بارزانی) ڕێبازی مرۆییان لە بەرامبەر دیلەکانی سوپای عێراق پەیڕەو دەکرد، کە خەڵکی ناوچەکانی بەسرە، ناسریە و موسڵ شایەتی بۆ دەدەن. هەروەها فەتوای مەرجەعی باڵای شیعە بۆ حەرامکردنی شەڕی کورد، کەشێکی نیشتمانیی ئەرێنی دروست کرد.
دەرەنجام
لە ساڵی ١٩٧٤، حکومەتی ناوەندی عێراق؛ هەولێری وەک پایتەختی ئۆتۆنۆمی دیاری کرد، بەڵام بەهۆی دەستێوەردانی دەرەکی، پابەند نەبوونی ڕژیمی بەعس بە نییەتی پاک و خۆدزینەوە لە جێبەجێ کردنی خاڵەکانی ڕێکەوتنی 11ی ئادار و سوودوەرگرتن لە کوردانی سەر بە بەعس (جاشەکان) لە جیاتی نوێنەری ڕاستەقینەی میللەتی کورد، دۆخەکە تێکچوو و شەڕ لە ساڵی ١٩٧٥دا دەستی پێکردەوە.
میراتی مێژوویی ڕیکەوتنی 11ی ئادار
ئەمڕۆ کە ٥٦ ساڵ بەسەر ئەو مێژووەدا تێدەپەڕێت، دەبێت درک بەوە بکەین کە پەرلەمان، حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی ئەو ڕەنج و خەباتە دوورودرێژەن. دەستکەوتەکانی ئێستا لە بۆشایییەوە نەهاتوون، بەڵکو دەرەنجامی قوربانیدانی پێشمەرگەی ئەیلوول و ڕابەری کورد مستەفا بارزانی یە.
مستەفا بارزانی نموونەی سەرکردەیەک بوو کە هەموو ژیان و ئارامیی خێزانەکەی کردە قوربانیی خاک و خەڵکی کوردستان. بۆیە ئەمڕۆ ئەرکی هەمووانە، بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازیی سیاسی، بە گەورەیی لەم مێژووە بڕوانن، چونکە ١١ی ئادار ئەو بەردی بناغەیە بوو کە کوردی لە “بزووتنەوەیەکی چەکداری”یەوە گۆڕی بۆ “قەوارەیەکی سیاسیی دانپێدانراو” لەسەر ئاستی جیهان.
ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠، سەرڕای ئەوەی واژۆکردنی بەڵگەنامەیەکی سیاسی مێژوویی بوو لە داننان بەمافی میللەتی کورد، هەروەها تەقینەوەی کانییەکی کپکراوی شادی و ئۆخخەی نەتەوەیی بوو. دوای نۆ ساڵ لە خەباتی شۆڕشی ئەلوول و سەپاندنی شەڕی وێرانکەری بەسەر کوردستاندا. هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم ڕێککەوتنە لەسەر زاری سەرۆک کۆماری ئەکاتی عێراق (ئەحمەد حەسەن بەکر) بەئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و کاک ئیدریسی هەمێشە زیندوو و سەددام حوسێن (جێگری سەرۆک کۆمار لە کاتەدا)، سەرتاسەری عێراق و بەتایبەت کوردستان بوونە گۆڕەپانی ئاهەنگ و شایی و شادی. لە بەسرە و بەغداوە تا زاخۆ، شەقامەکان پڕ بوون لە هاوڵاتیانی کورد و عەرەب کە پێکەوە وەک برا باوەشیان بە یەکدا دەگرت و کۆتاییهاتنی خوێنڕشتنیان پیرۆز دەکرد.
بۆ چینی ڕۆشنبیر و نووسەران، ئەم ڕێککەوتنە وەک هەڵاتنی سپێدەیەکی نوێ بوو. شاعیران و ئەدیبان، کە ساڵانێک بوو لەژێر هەورە ڕەشەکانی جەنگدا قەڵەمەکانیان بۆ خۆڕاگری و ستایشی پێشمەرگە و شۆڕشی ئەیلوولیان تەرخان کردبوو، ئێستا بە زمانێکی پڕ لە هیوا و ئاشتی دەستیان کرد بە نووسین. گۆڤار و ڕۆژنامەکان پڕ بوون لە وتار و دەقی شیعری کە ستایشی سەرکەوتنی ئیرادەی گەل و سەرکردایەتییان دەکرد. شاعیران و نووسەرانی ئەو سەردەمە، بە تێڕوانینێکی نەتەوەیی و مرۆیی، ئەم وەرچەرخانەیان وەک «جەژنی ئازادی» وێنە کرد.