ڕێکكەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ گەورەترین دەستکەوتی مێژوویی میللەتی کوردە

128

شێخ ستار عەواڵانی
ڕێکكەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠، گەورەترین وەرچەرخانی یاسایی، سیاسیی و مێژوویی بوو لە مێژووی هاوچەرخی گەلی کورددا.
ئەم ڕێکكەوتنە، کە لە ئەنجامی نۆ ساڵ تێکۆشانی بێوچانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر هاتە کایەوە، بۆ یەکەمجار لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا، عەقڵییەتی ناوەندگەرایی شۆڤێنی ناچار کرد ددان بە ڕاستییەکی مێژووییدا بنێت، کە کورد نەتەوەیەکی خاوەن ناسنامە و خاکە، تەنیا کەمینەیەکی ئایینی یان نەتەوەیی نییە. ئەم ڕێكکەوتنە لووتکەی سەرکەوتنی ئیرادەی گەلێک بوو، کە هێزی لۆژیکی بەسەر داگیرکەراندا سەپاند.
گرنگیی ئەکادیمی و سیاسیی ١١ی ئادار لەوەدایە، کە دۆزی کوردی لە کێشەیەکی «ئەمنی» و «بە زمانی ڕژێمی ئەوکاتی بەعس یاخیبوون» گۆڕی بۆ کێشەیەکی «یاسایی» و «دەستووری».
کاتێک حکومەتی عێراق لە ڕێگەی بەیاننامەیەکی فەرمییەوە دانی نا بە مافی ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کورد، لە ڕاستیدا شەرعییەتێکی نێودەوڵەتی بە خەباتی کورد بەخشی. ئەمە یەکەمجار بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەوڵەتێکی نەتەوەیی عەرەبی بە فەرمی ددان بنێت بە بوونی نەتەوەیەکی تر وەک هاوبەشی ڕاستەقینە لە نیشتماندا.
ئەم دەستکەوتە مەزنە لە چوارچێوەی سیاسیی نەمایەوە، بەڵکوو ڕەهەندێکی کولتووری و نەتەوەیی قووڵی هەبوو. بڕیاری بە فەرمیکردنی زمانی کوردی لە دامودەزگەکانی دەوڵەت و ناوەندەکانی خوێندندا، گەورەترین گورز بوو لە سیاسەتی «تەعریب» و سڕینەوەی ناسنامە. ئەمە وایکرد، کە نەوەیەکی نوێی کورد بە زمان و شکۆی نەتەوەیی خۆیانەوە پەروەردە ببن، کە ئەمەش بناغەی ئەو هۆشیارییە نەتەوەییە بوو، کە دواتر بووە هەوێنی ڕاپەڕین و دامەزراندنی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەگەر بە دیدێکی تردا سەیری مێژووی یاسایی کوردستان بکەین، دەبینین، کە هەموو ئەو دەستکەوتانەی کورد لە دوای ساڵی ١٩٩١ و پاشان لە دەستووری ٢٠٠٥ی عێراق بەدەستی هێنان، ڕەگ و ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ شەرعییەتی ١١ی ئادار. ئەو ڕێکكەوتنە سەلماندی، کە مافی کورد «خەڵات» نییە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، بەڵکوو مافێکی سرووشتی و مێژووییە، کە بە خەبات و قوربانیدان سەپێنراوە. سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لەو سەردەمەدا بە وردی کاری لەسەر ئەوە دەکرد، کە کورد وەک «هاوبەش لە نیشتمان» بناسێنرێت.
نەخشەی سیاسیی ئەم ڕێکكەوتنە، بەرهەمی وشیاریی سیاسیی وردی بارزانیی نەمر بوو. ئەو توانی هاوسەنگییەک لەنێوان مەیدانی جەنگ و مێزی گفتوگۆدا دروست بکات. کاتێک جیهان بینی، کە شۆڕشی ئەیلوول خاوەن دامودەزگەی بەڕێوەبردن و سوپایەکی ڕێکخراو و سەرکردایەتییەکی یەکگرتووە، ناچار بوون مامەڵەی دەوڵەت لەگەڵ شۆڕشدا بکەن.
١١ی ئادار سەلماندی، کە کورد تەنیا شۆڕشگێڕێکی باش نییە، بەڵکو دانوستانکارێکی لێهاتووشە، کە دەتوانێت لە دژوارترین بارودۆخدا گەورەترین دەستکەوت بۆ میللەتەکەی بەدەست بهێنێت.
ڕێکەوتننامەی ١١ی ئادار یادەوەرییەک نییە بۆ ڕابردوو، بەڵکوو وانەیەکی بەردەوامە بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو.
ئەم ڕێکكەوتنە پێمان دەڵێت، کە یەکڕیزیی نەتەوەیی و هەبوونی سەرکردایەتییەکی لێهاتوو، کلیلی هەموو سەرکەوتنەکانە. پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی، کە ئەمڕۆ هەمانە، بەردەوامیی ئەو ڕێچکە پیرۆزەیە، کە لە ١١ ی ئادارەوە دەستی پێکرد. ئەو ڕێكکەوتنە خاڵی کۆتایی نەبوو، بەڵکوو بووە خاڵی دەستپێکی گەشتێکی دوور و درێژ بوو بەرەو سەربەخۆیی و ئازادیی تەواوەتی.
١١ی ئادار وەک مەزنترین دەستکەوتی سیاسیی سەدەی بیستەم، لە مێژووی گەلی کورددا دەمێنێتەوە، چونکە بناغەی هەموو ئەو ئازادییە فیکری و سیاسیی و نەتەوەییەیە، کە ئەمڕۆ لە کوردستانی ئازاددا شانازیی پێوە دەکەین.