خەبات – ڕۆشنا عەلی
زیرەكی دەستكرد بۆتە بەشێكی گەورەی تەكنەلۆژیاو دەستی بەسەر تەواوی بوارەكانی ژیانی مرۆڤایەتیدا گرتووە.هاوكات سوودی بە زۆربەی بوارەكان گەیاندووە هەر لە پزیشكی و سیاسی و ئابووری ..هتد بۆ بواری پەروەردەش بە بۆچوونی شارەزایان تاڕادەیەكی باش دەتوانێت سوود مەند بێت ،بەڵام هەستیاری ئەم بوارە هەڵوەستەی بە پەروەردەكاران كردووە كە ڕەنگە بۆ ئەم بوارە سنوورێك هەبێت ،چونكە بەشێك پییان وایە ئاڵاندنی قوتابی بە ژیری دەسكرد پڕۆسەی ڕۆبۆتسازییە وبیركردنەوەی مرۆڤ لاواز دەكات و كاتێك دەگاتە قوتابی پڕۆسەكە هەستیارتر دەبێت .لاپەڕەی پەروەردەو خوێندن بۆ زانینی ئەو سنورانەی دەبێت هەبێت لەبەركارهێنانی ژیری دەسكرد لە پەروەردەدا و تاچەند ئەم بۆچوونانە ڕاستن دیمانەیەكی تایبەتی لەگەڵ مامۆستا سەروەر شوان پسپۆڕی بواری پەروەردە و ڕاهێنەر لە بواری تەکنەلۆژیای پەروەردەیی و بەڕێوەبەری ڕاهێنان لە دامەزراوەی سماڕت گاید ئەنجامدا:
*سەرەتا دەربارەی ئەوەی كە ئایا زیرەكی دەستكرد لە چوارچێوەی پەروەردەدا چۆن پیناسە دەكەن گوتی: زیرەکیی دەستکرد لە پەروەردەدا تەنیا کۆد و پرۆگرام نییە، بەڵکوو، هاوکارێکی زۆر زیرەک، بەتوانا و لێهاتووە، من پێناسەی دەکەم بە سیستەمێکی تەکنەلۆژی کە دەتوانێت پێویستییە تاکەکەسییەکانی هەر قوتابییەک بناسێتەوە و ژینگەیەکی فێربوونی تایبەتی بۆ دروست بکات، کە تێیدا کات و شێوازی فێربوون بەپێی توانای قوتابییەکە بگۆڕێت.
*دەبارەی ئەوەشی كە ئایا گەورەترین کاریگەریی زیرەکیی دەستکرد لەسەر پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن چی دەبێت لە داهاتوویەکی نزیکدا؟ لەمبارەیەوە ئەو شارەزایەی بواری تەكنەلۆژیا بۆخەبات گوتی: گەورەترین گۆڕانکاری لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەوەیە هەر قوتابییەک لە هەر شوێنێکی جیهان بێت، دەتوانێت دەستی بە مامۆستایەکی تایبەتی زۆر ژیر ڕابگات کە ٢٤ کاتژمێر ئامادەیە. هەروەها، تاقیکردنەوە کلاسیکییەکان کۆتاییان دێت و جێگەیان بۆ هەڵسەنگاندنی بەردەوام چۆڵ دەبێت.
*هەروەها لەبارەی ئەوەی كە ئایا زیرەکیی دەستکرد چۆن ئەرکە ڕۆتینییەکانی سەرشانی مامۆستایان کەم دەکاتەوە و وا دەکات کاتی زیاتریان بۆ خودی پڕۆسەی فێرکردن هەبێت؟ مامۆستا سەروەر ئاماژە بەوەدەدات كە ئەوەی مامۆستا بەچەند ڕۆژێك دەیكات ژیری دەسكرد دەتوانێت بە چەند چركەیەك بیكات ئەو بۆخەبات گوتی: مامۆستا لە ئێستادا کاتێکی زۆر بۆ ئامادەکردنی پلانی وانەو ڕاستکردنەوەی دەفتەر و کارگێڕی بەفیڕۆ دەدات، زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت لە چەند چرکەیەکدا ئەمانە ئەنجام بدات. ئەمەش کاتێکی زێڕین بۆ مامۆستا دەگەڕێنێتەوە تا بتوانێت تەرکیز بخاتە سەر لایەنی مرۆیی، پەروەردەیی، و گفتوگۆی قووڵ لەگەڵ قوتابییەکانی، کە هیچ ئامێرێک ناتوانێت جێگەی بگرێتەوە.
*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا گەورەترین مەترسی یان لایەنی نەرێنیی بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد لە پۆلدا چییە لە لایەن مامۆستاوە كە كاریگەر بێت بۆ قوتابی مامۆستا سەروەر ئاماژەی بەوەدا گەورەترین مەترسی پشتبەستنی کوێرانەیە بە زیرەکیی دەستکرد، ئەگەر مامۆستا وەکوو جێگرەوەیەک بۆ بیری خۆی سەیری بکات، نەک وەکوو ئامرازێک، ئەوا داهێنانی مامۆستا و پەیوەندییە مرۆییەکان لاواز دەبن. هەروەها مەترسی لایەنگیریی ئەلگۆریتمی هەیە، کە ڕەنگە زانیارییەکان هەمیشە بێلایەن نەبن، بەتایبەت لە مەسەلەی ئاینی، نەتەوەیی و نیشتمانیدا.
*لەبارەی ئەوەشی كەئایا چۆن دەتوانین دڵنیابین لە پاراستنی نهێنی وداتای تایبەتی قوتابییان لە کاتی بەکارهێنانی ئەم سیستەمانەدا؟ مامۆستای ناوبراو گوتی: ئەمە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە. پێویستمان بە یاسای توندی پاراستنی داتا هەیە، چونکە هەمیشە ئەگەری ئەوە هەیە زانیارییەکان دزەیان پێ بکرێت یان بۆ مەبەستی بازرگانی بەکاربهێنرێن. بۆ ڕێگری لەمە، دەبێت تەنیا ئەو پلاتفۆرمانە بەکاربهێنرێن کە پابەندن بە ستانداردە جیهانییەکان. هەروەها پێویستە فێربین و قوتابییانیش فێربکەین کە تا دەکرێت داتای زۆر کەسی (وەکوو ناوی تەواو، ناونیشان، یان وێنەی تایبەت) نەدەینە زیرەکیی دەستکرد و تەنیا ئەو زانیارییانە بەکاربهێنین کە بۆ پڕۆسەی فێربوون پێویستن.
*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا مەترسی ئەوە هەیە کە زیرەکیی دەستکرد بێتە هۆی بڵاوبوونەوەی زانیاریی هەڵە و نادروست، بەتایبەت لە نێو قوتابییاندا؟ مامۆستا سەروەرگوتی: بەڵێ، دیاردەیەک هەیە پێی دەوترێت وەهمی زیرەکیی دەستکرد. بۆیە ئەرکی نوێی پەروەردە تەنیا پێدانی زانیاری نییە، بەڵکوو فێرکردنی «بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە»یە (Critical Thinking). دەبێت منداڵان فێر بکەین کە چۆن گومان لە زانیارییەکان بکەن و سەرچاوەکان پشتڕاست بکەنەوە.
*دەربارەی ئەوەی ئایا پشتبەستنی زۆر بە زیرەکیی دەستکرد، توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و داهێنەری لای قوتابیان کەم ناکاتەوە؟ مامۆستا سەروەر گوتی: ئەگەر وەک ئامرازی وەڵامدانەوە بەکاربێت، بەڵێ کەم دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر وەکوو هاوبەشی داهێنان بەکاربێت، ئەوا تواناکان زیاد دەکات. زیرەکیی دەستکرد دەبێت وەک پەیژەیەک بێت بۆ سەرکەوتن، نەک عەرەبانەیەک بۆ تەمبەڵی، کلیلی سەرکەوتن لێرەدا شێوازی داڕشتنی پرسیارەکانە .
*پرسیمان ئایا بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە نابێتە هۆی زیادبوونی جیاوازیی دیجیتاڵی لە نێوان ئەو قوتابیانەی دەستیان پێی دەگات و ئەوانەش كە لێی بێبەشن؟ وەڵامی مامۆستا ئەوەبوو:
بەڵێ ئەمە یەکێکە لە نیگەرانییە هەرە گەورەکان، ئەگەر حکوومەتەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بە یەکسانی ژێرخانی ئینتەرنێت و ئامێرەکان دابین نەکەن، جیاوازیی چینایەتی لە نێوان فێرخوازاندا قووڵتر دەبێتەوە. دەبێت زیرەکیی دەستکرد ببێتە هۆی کەمکردنەوەی بۆشاییەکان، نەک دروستکردنی دیوارێکی نوێ لە نێوان هەژار و دەوڵەمەند.
* لە مامۆستا سەروەرمان پرسی، مامۆستا چۆن دەتوانێت هاوسەنگییەک لە نێوان بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و پاراستنی ڕۆڵی مرۆیی خۆی وەک ڕێپیشاندەر و هاندەر دروست بکات؟ گوتی: مامۆستا دەبێت لە سەرچاوەی زانیارییەوە بگۆڕێت بۆ ڕاهێنەری ژیان. هیچ زیرەکییەکی دەستکرد ناتوانێت چاو لە چاوی قوتابییەک بکات و هەست بە خەمەکەی یان حەزەکەی بکات، ئەوە جیاکەرەوەی مرۆیی مامۆستایە.
*لە كۆتایی ئەم دیمانەیە پرسیمان چ جۆرە ڕاهێنانێک پێویستە بۆ مامۆستایان تا بتوانن بە شێوەیەکی دروست و کاریگەر سوود لەم تەکنەلۆژیایە وەربگرن؟ مامۆستا سەروەر ئاماژەی بەوەكرد كە سێ ڕەهەند پێویستن وەك ڕەهەندی تەکنیکی: چۆنیەتی کارکردن لەگەڵ ئامرازەکان ،ڕەهەندی پەروەردەیی: چۆن ئەم ئامرازانە بخەینە خزمەت پڕۆگرامی خوێندن وڕەهەندی ئەخلاقی: تێگەیشتن لە سنوورەکان و پاراستنی مافی فێرخواز. دەبێت مامۆستا فێری ئەوە بکرێت کە چۆن ببێتە هاندەر و نەخشەسازی پرۆسەی فێربوون.