خەبات ـ عەلی بانیشاری
جەنگی نێوان ئێران-ئەمریكا+ئیسرائیل، نرخی زۆرینەی كاڵ و شتومەك و پێداویستییەكانی ڕۆژانەی هاووڵاتیانی بەرزكردووەتەوە، بەڵام نرخی زەوی و خانوو و شوقە بە ڕێژەی 10-15% دابەزاندووە. بەپێی بەدواداچوونی (خەبات) مامەڵەی خانووبەرە بە ڕێژەیەكی بەرچاو كەمیكردووە و لەئێستادا هاووڵاتیان خۆیان لە كڕین و فرۆشتنی موڵك بە دوور دەگرن. خاوەن كۆمپانیایەكی تایبەت بە كەرتی خانووبەرە دەڵێت: مامەڵەی خانووبەرە تاڕادەیەك وەستاوە و خەڵك چاوەڕێی ئەوەیە بزانێت ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە بەكوێ دەگات.
بەپێی ئەو بەدواداچوونی ڕۆژی شەممە 7ـی ئاداری 2026 پەیامنێری (خەبات) لە شاری هەولێر كردووە و پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ چەند نووسینگەیەكی خانووبەرە ئەنجامداوە، لە هەفتەی یەكەمی جەنگی نێوان ئێران-ئەمریكا+ئیسرائیل نرخی زەوی و خانوو شوقە بە ڕێژەی 10-15% دابەزیووە و مامەڵەی خانووبەرەش بە ڕێژەی زیاتر لە 70% كەمیكردووە.
موخڵیس محەمەد، خاوەن كۆمپانیای بزنس دەی بۆ خانووبەرە كە 25 لقی لە شاری هەولێر هەیە بە (خەبات)ـی گوت: ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر بازاڕی خانووبەرە هەبووە و خەڵك چاوەڕێی ئەوە دەكات بزانێت دۆخەكە باشتر دەبێت یان خراپتر. گوتیشی: بازاڕی خانووبەرە تاڕادەیەك وەستاوە.
ڕاشیگەیاند: ئەگەر لە دۆخێكی وەكو ئێستادا هاووڵاتیان موڵك بە هەرزان بكڕن، لەگەڵ ئاسایی بوونەوەی بارودۆخەكە بێگومان قازانج دەكەن. باسیلەوەشكرد، هەفتەی یەكەمی جەنگی نێوان ئێران-ئەمریكا+ئیسرائیل كاریگەریی لەسەر بازاڕی خانووبەرە جێهێشتووە، بەڵام وەكو ئەو دەڵێت (كۆمپانیاكەمان بە دروستی نازانێت لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا بە ڕێژەی چەند لەسەد نرخی موڵك دابەزینی تۆماركردووە).
موخڵیس محەمەد ئاماژەی بەوەشدا، لە بارودۆخی ئێستادا هاووڵاتیان زیاتر ئەو موڵكانە دەكڕن كە داهاتی مانگانەیان هەیە وەكو دوكان و بینای بازرگانیی. پێشتر زۆرینەی كڕیارانی موڵك بەتایبەت شوقە و ڤێڵا هاووڵاتیانی بە ڕەگەز عەرەب بوون، بەڵام بەوتەی خاوەنی كۆمپانیای خانووبەرەی بزنس دەی، ئێستا زۆرینەی كڕیاران هاووڵاتیانی كوردن.
لە دەوروبەری شاری هەولێریش بازاڕی خانووبەرە وەكو سەنتەری شارەكە سست بووە.
سەعید حەسەن خۆشناو، خاوەنی نوسینگەی ناڵەشكێن بۆ خانووبەرە لە شارۆچكەی كەسنەزانی قەزای دەشتی هەولێر بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: پێش جەنگی ئێران- ئەمریكا + ئیسرائیل هەفتانە دوو بۆ سێ گرێبەستی كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانوومان ئەنجامدەدا، بەڵام لەوەتەی جەنگ دەستیپێكردووە یەك گرێبەستیمان نەكردووە و خەڵك نە موڵك دەفرۆشێت نە دەیكڕێت.
گوتیشی: ماوەی هەفتەیەكە لە نوسینگە هیچ ئیشوكارێكمان نییە و یەك موڵكیش نەخراوەتەڕوو بۆ فرۆشتن. ئاماژەی بەوەشدا، بەشێك لە خەڵكی پێشتر موڵكیان كڕیووە بۆ ئەوەی قازانجی لێ بكەن، بەڵام ئێستا نافرۆشنەوە، چونكە زەرەریانە. خەڵكانێكیش دەیانەوێت موڵك بكڕن، بەڵام چاوەڕێ دەكەن نرخ زیاتر دابەزێت، بۆیە هەردوولا كڕین و فرۆشتن ئەنجام نادەن، ئەوەش كاریگەریی خراپی كردووەتە سەر بازاڕی خانووبەرە. سەعید خۆشناو باسی لەوەشكرد، تەنیا خانووی كرێ خەڵك لێ دەپرسێت. وەكو ئەو دەڵێت، ئەویش دەستناكەوێت.