سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، كرد و چەند بابەتێكی هەنووكەیی تاوتوێ كران.

ئەمڕۆ چوارشەممە 11/3/2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە سەڵاحەددین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان كرد، لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی دۆخیی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەكە ئاڵوگۆڕ کرا.

هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هاوهەڵوێستی و یەکڕیزیی هێز و لایەنە کوردستانییەکان لەپێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.

دووپاتیش کرایەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەرێکی ئارامی و ئاشتی دەبێت لە ناوچەکەدا.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە گرنگیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا.