ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی ئاداری 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی 56 ساڵیادی رێککەوتننامەی 11ـی ئادار، رایگەیاند؛ ئەو دەستکەوتە مێژووییە بەرهەمی شۆڕشی ئەیلوول و خۆڕاگریی پێشمەرگە و سەرجەم چین و توێژەکان بووە کە حکوومەتی ئەوکاتی عێراقی ناچار کرد بە فەرمی دان بە مافەکانی گەلی کوردستاندا بنێت؛ هاوكات جەختی لە پاراستنی دەستکەوتەکان و بەردەوامیی پەیامی ئاشتیخوازی و پێکەوەژیان کردەوە.

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی؛ 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

ڕێككەوتننامەی یازدەی ئادار بەرهەمی شۆڕشی ئەیلول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و سەرجەم چینوتوێژەکانی كوردستان بوو. بەرهەمی ئەو خەباتە پتەو و سەرتاسەرییە بوو كە لەپێناو گەڕاندنەوەی مافەكانی گەلی كوردستان و بەدیهێنانی دیموكراسی لەعێراقدا دەستی پێكرد و دواجار حكوومەتی ئەوكاتی عێراقی ناچار كرد بە شێوەیەكی فەرمی دان بە بەشێك لە مافەكانی گەلەكەماندا بنێت.

لە پەنجا و شەشەمین ساڵیادی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئاداردا پێزانینمان بۆ تێكۆشان و ماندووبوونی سەرجەم ئەو پێشمەرگە و شۆڕشگێڕ و نیشتیمانپەروەرانەی شۆڕشی ئەیلوول هەیە كە بە ماندووبوون و قوربانیدانی خۆیان دەستكەوتی مێژوویی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئاداریان بۆ گەلەكەمان مسۆگەر كرد. لەو یادەدا جەخت لە پاراستنی دەستكەوتەكان و پەیامی ئاشتیخوازانە و پێكەوەژیانی گەلی كوردستان دەكەینەوە و سڵاو بۆ ڕۆحی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و سەرجەم شەهیدانی كوردستان دەنێرین.

مسعود بارزانی
11ی ئاداری 2026