بە مەبەستی پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتیان و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان لە بارودۆخی ئێستادا، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێنماییەکی تایبەت و چەند قەدەغەکردنێکی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی (ناوخۆیی و بیانی) و دیجیتاڵمیدیا بەکارهێنەرانی سۆشیالمیدیا دەرکرد. فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەخت دەکاتەوە کە پێویستە لە کاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوە ئەمنییەکاندا، ڕەچاوی چەند خاڵێک بکرێت، لەوانەش بڵاونەکردنەوەی ڤیدیۆی ڕاستەوخۆی ئاراستەکردنی درۆن و مووشەکەکان، شوێنی وردی زیانلێکەوتووان، هاوکات کۆمەڵێک ڕێنمایی دەداتە ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی میدیا لەبارەى بڵاوکردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لەلایەن هاووڵاتییانەوە بۆیان دەنێردرێت، جگە لە پێدانی ڕێنمایی دروست، بۆ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەم دۆخەدا.
لە ڕێنوێنییەکەدا جەخت لەو خاڵانە کراوەتەوە کە قەدەغەن و نابێ بکرێن:
بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ڕاستەوخۆ یان وێنەی ئاراستەکردنی درۆن/ مووشەک و شوێنی زیانپێکەوتوو، هەروەها شوێن و کاتی کەوتنەخوارەوەیان.
بڵاوکردنەوەی شوێنی وردی کەوتنەخوارەوە و قەبارەی زیان.
وێنەگرتن یان تۆماری ڤیدیۆیی شوێنە سەربازی و ئەمنییەکان و جموجۆڵ و کەلوپەلە سەربازییەکان و چەک و تەقەمەنی و دامەزراوەکانی حکوومەت و نێردە دیپلۆماسییەکان.
ڕۆژنامەنووسان دەبێت وریا بن لە کاتی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی گرتە ڤیدیۆ و وێنەکان کە لەلایەن خەڵکەوە دەنێردرێن؛ نابێت وێنە هەستیارەکان یان ژێرخانی ئەمنی تیایدا دەربکەون.
دامەزراوەکانی میدیا، هان دەدرێن کە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری بکەن لە کاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوە ئەمنییەکان بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی بێ مەبەست زانیاری هەستیار ئاشکرا نەکرێت.