خەبات – تریفە ئازاد
لە گۆشەیەکی پڕ لە ئارامیی شاردا، «ماڵی ئارام» وەک چرایەکی ڕووناک بۆ ئەو کەسانە دەدرەوشێتەوە کە چارەنووس لە سۆز و پشتیوانیی خێزانیی بێبەشی کردوون. ئەم ماڵە تەنها چواردیوارێک نییە بۆ حەوانەوە، بەڵکو ماڵێکە پڕ لە چیرۆکی جیاواز و وانەی مرۆڤایەتی. بۆ تیشک خستنە سەر کار و ئامانجەکانیان، ڕۆژنامەی «خەبات» دیمانەیەکی تایبەتی لەگەڵ خاتوو نەرمین شەعبان، بەڕێوەبەری ماڵی ئارام، ساز کرد.
سەرەتایەکی پڕ لە ئامانج
خاتوو نەرمین شەعبان، لە دەستپێکی دیمانەکەدا تیشکی خستە سەر مێژوو و فەلسەفەی دامەزراندنی ماڵی ئارام و گوتی: «ماڵی ئارام لە ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە. ئامانجی سەرەکیی ئێمە بریتی بوو لە دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار و ئارام بۆ ئەو کەسانەی کە لە پایە سەرەکییەکانی ژیان، وەک پەناگە، خێزان و ئاسایش، بێبەش بوونە. ئێمە هەوڵ دەدەین شوێنێکی گونجاویان بۆ دابین بکەین کە تێیدا هەست بە شکۆ و بەها مرۆییەکانیان بکەنەوە. کارکردنمان تەنیا دابینکردنی شوێنی مانەوە نییە، بەڵکو چارەسەرکردنی بەشێک لەو گرفتە کۆمەڵایەتییانەشە کە بەهۆی بێلانەیی و بێسەرپەرشتییەوە دێنە ئاراوە. لێرە، ٢٤ کاتژمێر لە خزمەتی ئەو کەسە بەڕێزانەداین و چاودێریی تەواویان دەکەین.»
دانیشتووانی ماڵەکە؛ چیرۆکی جیاواز لەژێر یەک سەقفدا
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ژمارە و پێکهاتەی دانیشتووانی ماڵەکە، بەڕێوەبەری ماڵی ئارام ڕایگەیاند: «ئێستا ٥٣ کەسی بەڕێز لە ماڵی ئارام نیشتەجێن. بەداخەوە زۆرینەیان ئافرەتن کە ژمارەیان دەگاتە ٤٠ ئافرەت، لە بەرامبەردا ١٣ پیاویشمان هەیە. ئەم ژمارەیە خۆی لە خۆیدا ئاماژەیە بۆ دۆخی هەستیاری ئافرەت لە کۆمەڵگەکەماندا. هەریەک لەمانە خاوەنی چیرۆک و ڕابردوویەکی تایبەت بە خۆیەتی، بەڵام ئەوەی لێرە کۆیان دەکاتەوە، گەڕانە بەدوای ئارامی و ژیانێکی شایستەدا.»
مەرجەکانی وەرگرتن؛ دەرگایەک بە ڕووی لێقەوماواندا کراوەیە
سەبارەت بە میکانیزمی وەرگرتنی کەسانی پێویست، خاتوو نەرمین شەعبان ڕوونی کردەوە: «پرۆسەی وەرگرتن لای ئێمە دوو جۆری سەرەکی لەخۆ دەگرێت. یەکەمیان، لە ڕێگەی بڕیاری دادوەرەوەیە. جۆری دووەمیش، ئەو کەسانەن کە لە ڕێگەی دامەزراوە حکومییەکانی وەک بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانییەوە ئاراستەی ئێمە دەکرێن. ئەم کەسانە ڕەنگە هەڕەشەی ڕاستەوخۆیان لەسەر نەبێت، بەڵام بێسەرپەرشت و بێ شوێنن. لە هەردوو حاڵەتەکەدا، وەرگرتنیان بە تەواوی بێ بەرامبەرە و هەموو خزمەتگوزارییەکیان پێشکەش دەکرێت.»
هاوکاری و پشتیوانی؛ کۆڵەکەی بەردەوامیدان
بەڕێوەبەری ماڵی ئارام باسی لە سەرچاوەی پشتیوانییەکانیان کرد و گوتی: «خۆشبەختانە، بە پاڵپشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیمان لە خانوویەکی بچووکەوە بگوێزینەوە بۆ ئەم باڵەخانە شایستە و فراوانە. ئەم هەنگاوە ئاسانکارییەکی یەکجار گەورەی بۆ کارەکانمان کرد، چونکە توانیمان ژووری زیاتر و شوێنی تایبەت بە پێداویستییە جۆراوجۆرەکان بۆ دانیشتووانەکەمان دابین بکەین. جگە لەوەش، خێرخوازان و کەسانی دڵسۆز ڕۆڵێکی یەکجار گرنگ دەبینن لە دابینکردنی پێداویستیی ڕۆژانەدا، وەک جلوبەرگ، خۆراک و کەلوپەلی تایبەت. هەندێک لە دانیشتووانی ماڵەکەش مووچەی کەمئەندامییان هەیە کە بڕەکەی (١٥٠) هەزار دینارە؛ ئێمە ئەو بڕە پارەیەیان بۆ وەردەگرین و یارمەتییان دەدەین بۆ کڕینی پێداویستییە تایبەتییەکانی خۆیان، ئەمەش هەستێکی باشتریان پێدەبەخشێت. سەبارەت بە کاریگەریی قەیرانە داراییەکان، لەبەر ئەوەی ئێمە پشت بە هاوکاریی خێرخوازان دەبەستین، دواکەوتنی مووچە لە بەغداوە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کارەکانمان نەبووە.»
تراژیدیای چاوەڕوانی؛ دەرگایەک کەس لێی نادات
یەکێک لە خاڵە هەرە کاریگەر و تراژیکەکانی ژیانی نیشتەجێبووانی ماڵی ئارام، بابەتی پەیوەندییە خێزانییەکانە. خاتوو نەرمین بە نیگەرانییەوە وتی: «زۆر بەداخەوە، زۆربەی هەرە زۆری ئەو کەسانەی لای ئێمە دەژین، هیچ کەسێک لە خزم و کەسوکاریان سەردانیان ناکات. تەنانەت لە بۆنە و جەژنەکانیشدا، کە مرۆڤ زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێویستی بە سۆزی ئازیزانی هەیە، چاویان لە ڕێگایە و کەس نایەت بەسەریان بکاتەوە. ئەم دۆخە خەمباریان دەکات و هەندێک جار دەروونیان ماندوو دەکات، بەڵام ئێمە وەک ستافی ماڵەکە، هەمیشە هەوڵ دەدەین ببینە خێزانی دووەمی ئەوان. لە بۆنەکاندا کەشێکی شاد و گەرموگوڕیان بۆ ساز دەکەین تا ئەو بۆشاییە گەورەیە تا ڕادەیەک پڕ بکەینەوە و هەست بە تەنیایی نەکەن.»
ئاوڕ لەم توێژە پەراوێزخراوە بدەنەوە
لەکۆتاییدا، خاتوو نەرمین شەعبان جەختی لەوە کردەوە کە «ماڵی ئارام» تەنیا ناوەندێک نییە، بەڵکو ماڵ و هیوا و شکۆیە بۆ ئەو کەسانەی کە کۆمەڵگە و خێزان، بە هەر هۆکارێک بێت، پشتیان تێکردوون، و داوای لە هاووڵاتیان و خێرخوازان کرد کە زیاتر ئاوڕ لەم توێژە پەراوێزخراوە بدەنەوە، چونکە پشتیوانیی ئەوان دەتوانێت ژیانی دەیان مرۆڤی خەمبار بگۆڕێت.