خەبات- عەلی بانیشاری
لە ماوەی سێ هەفتەدا، نرخی هەر كیلۆیەك گۆشتی ئاژەڵ بەشێوەی زیندەكێش لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر زیاتر لە سێ هەزار دینار بەرزبووەتەوە. یەكێك لەو گۆشتفرۆشانەی ڕۆژانە سەردانی مەیدانەكە دەكات قسەی بۆ (خەبات) كردووە و دەڵێت: هۆكاری سەرەكی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ڕۆژانە دەیان لۆری ئاژەڵی گەورە و بچووك لە مەیدانی ئاژەڵانەوە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق بار دەكرێت.
حاجی موزەفەر قەساب، گۆشتفرۆشێكی شاری هەولێرە و دەڵێت: بۆ سێ هەفتە دەچێت نرخی گۆشتی سوور بەتایبەت جوانگەكا و گۆلك بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە. پێشتر نرخی كیلۆیەك گۆشتی جوانەگا بەشێوەی زیندەكێش شەش هەزار دینار بووە، ئێستا بووەتە نۆ هەزار دینار، بەوهۆیەوە نرخی كیلۆیەك گۆشتی ئەو ئاژەڵە لە 17 هەزار دینارە بۆ 20-22 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
ئەو چوونی ئاژەڵ لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەهۆكار سەرەكی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور دەزانێت و دەڵێت: لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر قەسابەكانی خۆمان دەتوانن 15-20 سەر ئاژەڵی بچووك بكڕن، بەڵام دەبینی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە عەرەب دێن و بەیەكجار دوو بۆ سێ لۆری ئاژەڵ باردەكەن و پارەی نەقدیشیان پێیە.
دەشڵێت: ئەگەر ئێمە نۆ هەزار دینار بدەین بە كیلۆیەك گۆشتی ئاژەڵ بە زیندەكێش، ئەوان 9.5 هەزار دیناری پێ دەدەن، ئەوە وایكردووە نرخی گۆشت بەرزببێتەوە و كاریگەری زۆر لەسەر بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بەجێبهێلێت. زیاتر گوتی: بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور بۆ ئێمە چاوەڕواننەكراو بوو.
بەوتەی حاجی موزەفەر، ئەو جوانەگایەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەیە، جۆرجییە و لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و ئاكرێ دابەستە دەكرێت و پاشان ساغ دەكرێتەوە. لەبارەی گۆشتی جوانەگای جۆرجی، ئەو گۆشتفرۆشە دەڵێت: گۆشتی جوانەگای جۆرجی گۆشتێكی باشە و هیچ كێشەیەكی نییە.
سەبارەت بە نرخی گۆشتی بەرخ و گیسك، حاجی موزەفەر گوتی: بەرخی ئەمساڵ بۆ گۆشت نابێت، چونكە هێشتا بچووكە، بەڵام لەئێستادا بە زیندوویی هەر كیلۆیەكی 11 بۆ 11.5 هەزار دینارە، ئەگەر گۆشتفرۆشەكان كیلۆی بدەن بە 22 هەزار دیناریش زەرەریانە. ساڵی ڕابردوو نرخی هەر كیلۆیەك گۆشتی بەرخ بە زیندەكێَش تەنیا هەشت هەزار دینار بوو. هەرچی سەبارەت بە نرخی گۆشتی گیسكە ساڵی ڕابردوو هەر كیلۆیەكی بە زیندوویی 6.5 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا بۆ 9.5 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
ئەو گۆشتفرۆشە نیگەرانە لە كەمی كڕیار و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، مانگی ڕەمەزانی پار ڕۆژانە زیاتر لە 15 سەر ئاژەڵی بچووكی سەربڕیووە، ڕۆژ هەبووە جوانەگایەكی ساخ كردووەتەوە، بەڵام وەكو خۆی دەڵێت ((ڕەمەزانی ئەمساڵ ڕۆژ هەیە سێ سەر ئاژەڵی بچووك نافرۆشم)). گوتیشی: ڕەمەزانی ساڵی ڕابردوو بۆیە خواست لەسەر گۆشت زۆر بوو، هەم نرخەكەی هەرزان بوو، هەم خەڵك پارەی پێ بوو، بەڵام ڕەمەزانی ئەمساڵ خەڵك پارەی پێ نییە و مووچە دواكەوتووە و نرخی گۆشتیش بەرزە.
یەكێكی دیكە لە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بۆ بەرزی نرخی ئاژەڵی سووری و ئێرانی دەگەڕێتەوە. حاجی موزەفەر لەو بارەیەوە دەڵێت: لەئێستادا نرخی ئاژەڵ لە سووریا و ئێران هەر لە ناوخۆی وڵات بەرزە، بۆیە كە هاوردەی هەرێمی كوردستانیش دەكرێت چ بە ڕەسمی بێت یان قاچاخ نرخەكەی زیاتر بەرزدەبێتەوە. گۆشتفرۆشەكان دەڵێن، ئەگەر ئاژەڵ لە دەرەوە هاوردە نەكرێت، گۆشتی ئاژەڵی خۆماڵی بەشی مانگێكی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان ناكات.