خەبات – بەرهەم شێخ عزەدین:- دەربارەی بەشداریکردنی هونەرمەندان، لە پرسە نیشتمانی و نەتەوییەكان و ڕۆڵی بەرچاویان لەو نێوەندەدا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی هونەرمەند (دیاری باڵەبان) كرد، کە یەكێكە لەو هونەرمەندانەی هەمیشە بە ئامێرەكەی لە ڕێی هونەرەوە خزمەتی بە گەل و نەتەوەكەی کردووە.

* هونەرمەندان تاچەند توانیوایان ڕۆڵیان لە پشتیوانی و هاندانی هاوڵاتیان لەپرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكان هەبێت؟
بێگومان هونەرمەندان زۆرترین بەشدارییان لە یاكردنەوەی بۆنە نەتەوایەتی و نیشتمانییەکان هەبووە، جا چ بۆنەی شاد و خۆشی بێت یان ئەو کارەساتانەبێت کە بەسەر میللەتەکەماندا هاتووە و هیچ كات درێخیان نەكردووە و گوزارشتیان لە خەم و ئازاری میللەتەکەیاندا کردووە، چونكە دەنگ و ڕەنگی هونەرمەندان كاریگەری بەرچاوی دەبێت لە داكۆكیكردن لە خاك و گەلی كوردستان، هەمیشە هونەرمەندان بە هونەرەكەیان گوزارشتیان لەم بیرەوەرییانەدا کردووە و هەمیشە ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە.

* تاچەند كارەسات و خۆشی و ناخۆشییەكانی گەلەكەمان لەناو بوارە هونەرییەکان ڕەنگیداوەتەوە؟
بێگومان ئەو كارەساتە تاڵ و ناخۆشانەی کە بەسەر گەلەكەماندا هاتووە لەناو هونەرەکەماندا بە تەواوی ڕەنگیداوەتەوە لەسەر هزر و كار و چالاكی هونەرمەندان، دەیان فیلم لەسەر شەڕ و ماڵ وێرانی و كیمیاباران و ژانی گەل و ئەنفال و شەڕ بەرهەم هاتووە، سەدان سروود و گۆرانیش بۆ خۆشەویستی خاك و نیشتمان و بەرخۆدان گوتراوە.