خەبات – حەمید سوورچی
کەرتی کشتوکاڵ بە کەرتێکی گرنگ و ستراتیژی و به‌ یه‌ك له‌ چالاکییە ئابوورییەکانی وڵاتان دەژمێردرێت و، سامانێکی گرنگی نیشتیمانییە و ڕۆڵێکی کارا دەگێڕێت لە بەرزکردنەوەی داهاتی نەتەوەیی، بۆ برەودان بەکەرتی کشتوکاڵ پێویستە دەوڵەت بەپێی پلان و بەرنامەیەکی داڕێژراوی ستراتیژی کار بۆ زیاتر گەشەسەندن و بەهێزکردنی ئەم کەرتە گرنگە بکات. لە بارەی کوردستانیشەوە زۆربەی توێژینەوە کشتوکاڵیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کوردستان بێشکەی سەرهەڵدانی کشتوکاڵ بووە، بەهەردوو لقیەوە « ڕووەکی و ئاژەڵی « جێگەی ئاماژەپێکردنە چالاکییە کشتوکاڵییەکان سەرچاوەی دابینکردنی خۆراک و پۆشاکی مرۆڤ و ئاژەڵییەکانیەتی، هەرێمی کوردستان بە چەندین تایبەتمەندی کشتوکاڵییەوە دەناسرێت، لەوانە فراوانی زەوی شیاو بۆ کشتوکاڵکردن، کە ڕووبەرەکەی دەگاتە نزیکەی شەش مڵێۆن و نیو دۆنم زەوی، کە نزیکەی لە سەدا سی %30 رووبەری هەرێم پێکدەهێنێت. لەم سۆنگەیەوە بۆ ڕۆشنایی خستنە سەر ڕەوشی کشتوکاڵ لە دەڤەری بەردەڕەش، بەپێویستمانزانی ئەم دیدارە لە گەڵ ئەندازیار تەحسین گۆران بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بەردەڕەش سازبکەین، کەبەم شێوەیە زانیاری پێویستی بۆ ڕۆژنامەی خەبات خستەڕوو:
*بەشێوەیەکی گشتی دۆخـی کەرتی کشتوکاڵ لە دەڤەری بەردەڕەش لە چی ئاستێکدایە؟
– بەشێوەیەکی گشتی کەرتی کشتوکاڵ لە سنوورەکەمان، لە سەرەتای کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیووە، چونکە حکوومەت پاڵپشتیی جووتیارانی کردووە لە دابینکردنی بازاڕ.
*ئایا بۆ وەرزی چاندنی دەغڵودان و بەرهەمەکانی دیکەى کشتوکاڵى لەساڵانی رابردوودا هاوکاریتان چی بووە بۆ جووتیارانی دەڤەرەکە؟
– ساڵانە ڕێژەیەکی باش لە بنەتۆوی گەنم بە پاڵپشتی حکوومەت ، کە گەنمە پاڵپشتی کراوە، بۆ جووتیاران دابین دەکرێت، بەپێی توانای حکوومەت پاڵپشتی جووتیاران کراوە، لەساڵانی ڕابردووشدا ڕێژەیەکی باش لە قڕکەر بۆ جووتیاران دابین کراوە.
ئاستی بەرهەمهێنانی گەنم لەدەڤەری بەردەڕەش چۆن دەخەمڵێنن؟
– ڕێژەی بەرهەمهێنانی گەنم لە سنوورەکەمان لە ئاستێکی باشدایە، ساڵانە نزیکەی هەشتا هەزار تەن بەرهەم دێت.
*لە ڕووی سامانی ئاژەڵییەوە تاچەند لەم دەڤەرە بایەخ بەم بوارە دراوە ؟
– لە ڕووی سامانی ئاژەڵیەوە، ڕێژەیەکی باش لە پڕۆژەی پەڵەوەڕی لە سنوورەکەمان هەیە، نزیکەی هەشتا پڕۆژە دەبێت، لەگەڵ چەند پڕۆژەی دیکە وەکوو پرۆژەی مریشکی هێلکەی خواردن و، هەڵهێنەری جووجەڵە و، چێڵی شیری و پڕۆژەی دیکە.
*لەم دەڤەرە بەخێوکردنی هەنگ لەچی ئاستێکدایە؟
– وەکوو پڕۆژەی هەنگ لە سنوورەکەمان کەمە، بەهۆی ئەوەی ناوچەکە دەشتاییە، هەنگ پێویستی بە کەش و هەوای چیایی هەیە، چونکە لەوەرزی هاوین دەشت زۆر گەرم دەبێت.
* بەرهەمهێنانی پەتاتە ساڵانە لەم دەڤەرە چۆن دەخەمڵێنن، تا چەند هاوکاری ئەم جووتیارانە دەکرێت کە پەتاتە دەچێنن ؟– لە سەرەتایی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شۆڕەشێک پەرپابوو لە دەڤەرەکەمان بەهۆی پێشکەوتن لە بەرهەمهێنانی پەتاتە، کەساڵانە ڕوو لە زیادبووندایە، ئەوەش بەهۆی پەیداکردنی بازاڕ بۆ جووتیاران و لەباری کەشوهەوای ناوچەکەمان و بەپیت و بەرەکەتی زەوییەکانەوەیە.
چەند جۆر بەرهەمی کشتوکاڵی لە سنووری قەزای بەردەڕەش دەچێنرێن؟
– ئەو بەرهەمە کشتوکاڵیانەى لە سنوورەکەمان دەچێنرێن، بریتین لە : گەنم، پەتاتە، پیاز، گەنمەشامی، شووتی و زۆربەرهەمی دیکە.
*ئایا تا چەند وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بایەخی بەکەرتی کشتوکاڵ داوە لەم دەڤەرە، لەم سۆنگەیەوە ڕۆڵی وەزارەتی ناوبراو چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
– ئەوەی لە توانای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی وەزارەتی کشتوکاڵ دا هەبووە، درێخی نەکراوە لە پاڵپشتیکردنی جووتیاراندا.