47 ساڵ پاش ماڵئاوایی؛ خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ میراتی بارزانی لە مێژووی هاوچەرخی کورد دا

130

هاوکار محەمەد محەمەد
(١ی ئادار)، تەنها بەروارێکی ڕۆژژمێر نییە بۆ بیرهێنانەوەی ماڵئاوایی سەرکردەیەک، بەڵکو وێستگەیەکە بۆ هەڵسەنگاندنەوەی یەکێک لە هەستیارترین قۆناغەکانی مێژووی هاوچەرخی کورد.
دوای ٤٧ ساڵ لە کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی، کاتێک لە گۆشەنیگای مێژوو و ستراتیژیی سەربازییەوە دەڕوانینە میراتەکەی، دەبینین ئەو تەنها سەرکردەیەکی سیاسیی نەبوو، بەڵکو داڕێژەری ڕێبازێکی نوێی بەرگری بوو، کە خەباتی چەکداری کورد لە قۆناغی بەرەنگاربوونەوەی پەرتەوازە و لۆکاڵییەوە، گواستەوە بۆ هێزێکی ڕێکخراو و خاوەن ئامانجی سیاسیی ڕوون.
یەکەم:
وەرچەرخان لە خەباتی چەکداریدا؛ لە شەڕی پارتیزانییەوە بۆ هێزی پێشمەرگەی ڕێکخراو
یەکێک لە گەورەترین میراتەکانی مستەفا بارزانی، کە پێویستی بە تێڕامانی قووڵی سەربازی هەیە، دامەزراوەییکردنی هێزی پێشمەرگەیە. پێش هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول، زۆرجار ڕاپەڕینەکانی کورد پشت‌بەستوو بوون بە هێزی کاتی، عەشیرەتی یان ناوچەیی، کە بە خێرایی کۆدەبوونەوە و بە خێراییش پەرتەوازە دەبوون. بەڵام بارزانی توانی بنەماکانی شەڕی پارتیزانی و بەرگریی شاخ تێکەڵ بە دیسیپلینێکی سەربازیی تۆکمە بکات.
ئەم ستراتیژە نوێیە وایکرد کە پێشمەرگە بتوانێت نەک تەنها بەرگرییەکی درێژخایەن بکات، بەڵکو لە زۆر قۆناغدا هێرشی پێچەوانە ئەنجام بدات و کۆنترۆڵی ناوچە ستراتیژییەکان بکات. مانەوەی خەباتی چەکداری بۆ ماوەی زیاتر لە دەیەیەک (١٩٦١-١٩٧٥) بەرامبەر بە سوپایەکی پڕچەکی وەک سوپای عێراق، گەواهیدەری ئەو ڕاستییەیە، کە سەرکردایەتیی مەیدانیی بارزانی لەسەر بنەمای خوێندنەوەی وردی جوگرافیا، لۆجستیك، و ئیدارەدانی توانای هێزی مرۆیی داڕێژرابوو. ئەو توانی چەمکی “پێشمەرگە” لە وشەیەکەوە بکاتە ناسنامەیەکی نەتەوەیی بەرگریکار.
دووەم:
ڕێپێوانە مێژووییەکە؛ پاشەکشەی تاکتیکی وەک ئامرازی مانەوە
لە زانستی ستراتیژیی سەربازیدا، هەندێک جار پاشەکشەکردن بۆ پاراستنی هێزی ناوەکیی شۆڕش، گەورەترین سەرکەوتنە لە قەیرانەکاندا.
بڕینەوەی ڕووباری ئاراس و پەنابردنی سیاسی بۆ یەکێتیی سۆڤیەت بە یاوەریی(٥٠٠ )، پێشمەرگە لە ساڵی( ١٩٤٧)، دوای ڕووخانی کۆماری مەهاباد، تەنها ئاوارەبوونێکی سادە نەبوو، بەڵکو بڕیارێکی ستراتیژیی بوو بۆ هێشتنەوە و بەردەوامیدان بە ئیرادەی شۆڕش و پاراستنی فەرماندە و جەنگاوەرەکان بۆ قۆناغێکی نوێ.
ئەم جووڵە تاکتیکییە لە بارودۆخێکی جیۆپۆلەتیکیی سەختدا، پیشانی دەدات کە بارزانی دەیزانی کەی پێویستە ڕووبەڕوو ببێتەوە و کەی پێویستە هێزەکانی بکێشێتەوە بۆ ئەوەی لە لەناوچوونی یەکجاری ڕزگاریان بکات و دووبارە ڕێکیان بخاتەوە. ئەم تێگەیشتنە قووڵە بۆ هاوکێشەی (کات و شوێن)، بووە هۆی پاراستنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد و ئامادەکردنی نەوەیەک لە فەرماندەی مەیدانی کە دواتر بوونە بڕبڕەی پشتی شۆڕشی ئەیلوول.
سێیەم:
دیپلۆماسییەت و هاوسەنگیی هێز لەژێر سێبەری جەنگی سارددا
میراتێکی دیکەی بارزانی، بریتی بوو لە توانای تێکەڵکردنی فشاری مەیدانی لەگەڵ دانوستانی سیاسی. ڕێککەوتننامەی (١١ی ئاداری ١٩٧٠)، تەنها بەرهەمی لێهاتوویی سیاسیی نەبوو، بەڵکو دەرەنجامی حەتمییەتی ئەو فشارە سەربازییە و ئەو باڵادەستە مەیدانییە بوو، کە هێزی پێشمەرگە لەسەر عەرزی واقیع سەپاندبووی بەسەر حکومەتی بەغدادا.
مستەفا بارزانی لە سەردەمێکی زۆر ئاڵۆزدا( قۆناغی ململانێی بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا) سەرکردایەتیی کوردی دەکرد. مامەڵەکردن لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت لە قۆناغێکدا، و دواتر کرانەوە بەڕووی جیهانی ڕۆژئاوا و پیشاندەری ئەو “واقیع‌بینییە سیاسییە” کە ئەو پەیڕەوی دەکرد. بارزانی زۆر باش لەو ڕاستییە تێگەیشتبوو، کە جووڵانەوەی چەکداریی نەتەوەیی بەبێ دۆزینەوەی پێگەیەک لەناو هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و دروستکردنی هاوسەنگیی هێز، ناتوانێت ئامانجە ستراتیژییەکانی بپێکێت.
چوارەم:
وانەکانی نسکۆ و بەرپرسیارێتیی مێژوویی
ساڵی( ١٩٧٥ )، دەرەنجامەکانی ڕێککەوتننامەی جەزائیر، زەبرێکی گەورە بوو بۆ شۆڕشی کورد، بەڵام شێوازی بڕیاردانی سەرکردایەتیی کورد لەو ساتەوەختە چارەنووسسازەدا جێگەی هەڵسەنگاندنە. کاتێک هاوکێشە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان بە تەواوی لە دژی کورد گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بارزانی بڕیارێکی سەخت دەدات؛ ئەو ناهێڵێت شۆڕشەکە بکەوێتە ناو شەڕێکی بێئاکامی خەمڵێنراو کە دەکرا ببێتە هۆی کۆمەڵکوژیی و جینۆسایدکردنی تەواوەتیی گەلی کورد.
بڕیاری وەستاندنی شەڕ لەو ساتەدا، هەرچەندە بڕیارێکی تاڵ بوو، بەڵام بڕیارێکی بەرپرسیارانەی ئەخلاقی و نەتەوەیی بوو بۆ پاراستنی ژیانی سەدان هەزار هاووڵاتی و پێشمەرگە. هەر ئەم ژێرخانە مرۆییە، و ئەو ئیرادەیەی کە لە ناخدا شاردرایەوە، بووە هەوێنی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشەکانی دواتر لە باشووری کوردستان و پاراستنی بەردەوامیی خەباتی چەکداری.
دوای ٤٧ ساڵ، کاتێک دەڕوانینە میراتی مستەفا بارزانی، دەبێت وەک توێژەرێکی مێژوو و ستراتیژ لێی بڕوانین. ئەو کۆڵەکە سەرەکییەی خەباتی چەکداریی ڕێکخراو و ناسنامەی نەتەوەیی سەردەم داڕەڕێژێت. ئەمڕۆش، هەرێمی کوردستان و ئەو قەوارە سیاسییەکەی، کە هەیە بەرهەم و کەڵەکەبووی ئەو قوربانیدان و ستراتیژە درێژخایەنەیە کە بناغەکەی لە سەردەمی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا دامەزراوە.
تێگەیشتن لە بڕیارە مەیدانی و سیاسییەکانی بارزانی، نەک تەنها بۆ خوێندنەوەیەکی دروستی ڕابردوو گرنگە، بەڵکو چرایەکە بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی ئامادەکاریی هێزی پێشمەرگە و مامەڵەی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد، لەگەڵ ئەو قەیرانە جیۆپۆلەتیکی و ئەمنییانەی کە ئەمڕۆش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوامن. ڕێبازی بارزانی، وانەیەکی پڕاکتیکییە لەسەر ئەوەی چۆن نەتەوەیەک دەتوانێت ئیرادەی خۆی بکاتە قەڵغانێک لە بەرامبەر زریانی ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا.