ئیزرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 28ـی شوباتی 2026 “هێرشی پێشوەختەمان لە دژی ئێران دەست پێکردووە و ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیمان کردووەتە سەر تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە.”

هاوکات میدیاکانی ئێرانی بڵاویان کردووەتەوە، دەنگی چوار تەقینەوەی بەهێز لە ناوەندی تارانی پایتەخت بیستراون.

کەنالی 12ـی ئیسرائیلیش رایگەیاند، هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر دەیان پێگەی سەربازی لە ئێران. باس لەوەش کراوە، هێرشەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا کراون.

بە گوێرەی سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان، ئیسرائیل ئاسمانی خۆی بە تەواوەتی داخستووە و چەندان کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ تەلئەڤیڤ هەڵوەشاندووەتەوە.

حکوومەتی ئیسرائیل باری نائاسایی لە ناوخۆی وڵاتەکە راگەیاندووە و دەوامی قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندنی راگرت. بەهۆی ئەم دۆخەشەوە هاتوچۆی هاووڵاتییان لە هەندێک ناوچەی ئیسرائیل سنووردار کراوە.