گرەوی جێبەجێکردنی دەستوور و ئایندەی لە عێراقدا، کورد لەنێوان دەق و واقیعدا

140

د.محەمەد خورشید*
کاتێک باس لە ئایندەی کورد لە عێراقدا دەکەین، ئێمە باس لە «گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی و یاسایی» دەکەین کە لە ساڵی ٢٠٠٥دا واژۆمان کردووە، بەڵام ئەمڕۆ ئەو گرێبەستە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە.
ڕۆڵی کورد و سەرۆک بارزانی لە بنیاتنانەوەی عێراق (دوای ٢٠٠٣)
پاش ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە ساڵی ٢٠٠٣، کورد وەک کاراکتەرێکی سەرەکی و بڕیاردەر گەڕایەوە بۆ بەغدا. گەڕانەوەی کورد «گەڕانەوەی قوربانی بوو بۆ ناو جەستەی دەوڵەتێک کە ساڵانێک بوو جینۆسایدی دەکرد». لێرەدا دەبێت ئاماژە بە ڕۆڵی مێژوویی و ستراتیژیی سەرۆک مەسعود بارزانی بکەین. سەرۆک بارزانی تەنها وەک ڕێبەرێکی کورد، وەک «ئەندازیاری عێراقی نوێ» لە کۆنگرەکانی لەندەن و سەڵاحەدین و دواتریش لە ئەنجومەنی حوکم، کاری بۆ ئەوە کرد عێراق لە دەوڵەتێکی دیکتاتۆرییەوە ببێتە دەوڵەتێکی فیدراڵی، دیموکراسی و فرەیی.
سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی کورد، بژاردەی «ئارەزوومەندانە»یان بۆ مانەوە لەگەڵ عێراق هەڵبژارد، بەو مەرجەی عێراق ببێتە وڵاتی هەمووان. لە ساڵی ٢٠٠٥دا، بە هەوڵی بێوچانی جەنابیان، توانییان زیاتر لە ٥٠ ماددەی دەستووری بچەسپێنن کە مافی پێکهاتەکان و فیدراڵیزم دەپارێزێت. سەرۆک بارزانی هەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە کە «سەقامگیری بەغدا لە سەقامگیری هەولێرەوە دەست پێ دەکات»، ئەم ڕوانگەیەش بوو وایکرد کورد ببێتە پارێزەری سەرەکی یەکپارچەیی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور.
دەستوور؛ مۆزەخانەی ماددە جێبەجێنەکراوەکان
کاتێک سەیری دەستووری ٢٠٠٥ دەکەین، دەبینین زیاتر لە ٥٥ ماددەی دەستووری یان جێبەجێ نەکراون، یان بەلاڕێدا براون. ئەمە تەنها ژمارە نییە، بەڵکو پەکخستنی ژیانی سیاسییە.
* ماددەی ٦٥: کە تایبەتە بە دروستکردنی «ئەنجومەنی ئیتحاد» (مجلس الاتحاد). جێبەجێنەکردنی ئەم ماددەیە وایکردووە عێراق تەنها یەک ژووری یاسادانانی هەبێت کە تێیدا «زۆرینەی نەتەوەیی و مەزهەبی» بڕیارەکان بەسەر کەمینەکاندا بسەپێنن.
* ماددەی ١١١ و ١١٢: سەبارەت بە نەوت و گاز، کە دەڵێت سامانی هەموو گەلی عێراقە و دەبێت بە هاوبەشی بەڕێوەببرێت. بەغدا بە عەقڵیەتێکی مەرکەزییەوە دەیەوێت ئەم ماددانە وەک چەکێک دژی قەوارەی هەرێم بەکاربهێنێت
* ماددەی ١٢١: کە دەسەڵاتی بە هەرێمەکان داوە یاسای فیدراڵی ڕەت بکەنەوە ئەگەر لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیان نەبوو (لە غەیری دەسەڵاتە حەصرییەکان)، بەڵام دادگای فیدراڵی بە بڕیارە سیاسییەکانی ئەم مافەی لە هەرێم زەوت کردووە.
* جێبەجێنەکردنی ئەم ماددانە بووەتە هۆی دروستبوونی «بۆشایی متمانە». کاتێک دەستوور پێشێل دەکرێت، دەوڵەت لە دەوڵەتی یاساوە دەبێتە دەوڵەتی «هێز و هەژموون».
ماددەی ١٤٠ و یاسا پەکخراوەکان
‎ماددەی ١٤٠ تەنها کێشەی خاک نییە، بەڵکو پێوەری دڵسۆزیی بەغدایە بۆ دەستوور. بڕیار بوو تا ٣١/١٢/٢٠٠٧ ئەم ماددەیە جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئێستا ١٨ ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕیوە. پشتگوێخستنی ئەم ماددەیە و جێبەجێنەکردنی یاسای «نەوت و گاز» و یاسای «دابەشکردنی داهاتە فیدراڵییەکان»، عێراقی خستووەتە ناو قەیرانێکی بەردەوام. نەبوونی ئەم یاسایانە وایکردووە پێکەوەژیان تەنها دروشم بێت و لەسەر ئەرزی واقیع ململانێی توند هەبێت.
دادگای باڵای فیدراڵی (ماددەی ٩٢)
ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە:
* ماددەی ٩٢ دەڵێت دەبێت یاسای دادگای فیدراڵی بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی پەرلەمان دەربچێت
* تا ئێستا ئەو یاسایە دەرنەچووە! دادگای ئێستا بە «یاسای ژمارە ٣٠ی ساڵی ٢٠٠٥» کاردەکات کە پێش دەستوور دەرچووە. بۆیە زۆرێک لە یاساناسان پێیان وایە بڕیارەکانی ئەم دادگایە لە ڕووی شەرعییەتی دەستوورییەوە جێگەی گومانن، چونکە دادگاکە خۆی بەپێی ئەو میکانیزمە دروست نەبووە کە دەستوور داوای دەکات.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٥ و پێشتریش، سێ چەمکی سەرەکی کردووەتە بنەما: (هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان).* ئەگەر سەیری داتاکان بکەین، لەو ساڵانەی کە «سازان» (Consensus) هەبووە، ڕێژەی گەشەی ئابووری عێراق گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و توندوتیژی بە ڕێژەی ٤٠٪ کەمی کردووە. بە پێچەوانەوە، کاتێک بەغدا پەنای بۆ «زۆرینەی سیاسی» بردووە، عێراق تووشی شەڕی ناوخۆیی و هاتنی داعش بووە. سەقامگیریی عێراق بەندە بەوەی کە ئایا کورد «شەریکە» یان «بەشدار»؟ ئێمە دەمانەوێت شەریک بین لە بڕیارە نیشتمانییەکاندا، نەک تەنها بەشدار بین بۆ پڕکردنەوەی کورسییەکان
ڕەتکردنەوەی پاشکۆیەتی
پەیامی کورد ڕوونە نەتەوەیەکی خاوەن مێژوو و جوگرافیایە. ئێمە باوەڕمان بە «پاشکۆیەتی» (Subordination) نییە. عێراق ناتوانێت بە عەقڵیەتی «سەردەست و ژێردەست» بەڕێوە بچێت. مافەکانی کورد «دیاری» نین لەلایەن بەغداوە، بەڵکو مافێکی دەستووریی و سروشتین. هەر هەوڵێک بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان، لاوازکردنی خودی دەوڵەتی عێراقە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
بوودجە و مووچە؛ لە هەواڵەوە بۆ ماف
گرنگە پرسی شایستە داراییەکانی هەرێم لە قاڵبی «موزایەدەی سیاسی» دەربهێنرێت و بکرێتە «ئیلتزامێکی یاسایی جێگیر». ناردنی پشکی هەرێم (کە بەپێی دانیشتووان دەبێت نزیکەی ١٢٪ بۆ ١٤٪ بێت) نابێت تێکەڵی ململانێی نەوتی بکرێت. ژیانی ١.٢ ملیۆن مووچەخۆر نابێت بکرێتە بارمتەی بڕیارە مەزاجییەکان.
ئایندەی عێراق لە سایەی گۆڕانکارییە جیهانییەکاندا
جیهان لە گۆڕانکارییەکی خێرادایە. نەخشەی وزە و سیاسەتی نێودەوڵەتی دەگۆڕێت. عێراق ئەگەر بیەوێت لەم نەخشە نوێیەدا جێگەی ببێتەوە، دەبێت کێشە ناوخۆییەکانی چارەسەر بکات. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وەبەرهێنەرە بیانییەکان ناچنە وڵاتێکەوە کە دەستوورەکەی تەنها «مەرەکەبی سەر کاغەز» بێت. ئایندەی عێراق بەستراوەتەوە بە ڕێزگرتن لە مافەکانی گەلی کوردستان؛ چونکە کوردستان دەروازەی عێراقە بۆ جیهانی دەرەوە و مۆدێلێکی سەرکەوتووی ئاوەدانییە کە دەبێت بەغدا سوودی لێ ببینێت نەک دژایەتی بکات.
کۆبەند
کورد هەمیشە دەستی ئاشتی و دیالۆگی درێژ کردووە. بێدەنگییشی لە هەندێک بوار و بابەت «بەرپرسیاریەتی مێژووییە» بۆ پاراستنی سەقامگیری.
عێراق تەنها بە یەک ڕێگە دەتوانێت بەسەر ئاستەنگییەکان زاڵ بێت: «گەڕانەوە بۆ دەستوور وەک پاکێجێکی تەواو، نەک هەڵبژاردنی ئەو ماددانەی کەیفی بەغدایان لێیە و پشتگوێخستنی ئەوانەی مافی کوردن».
ئایندەی ئێمە لە دەستی خۆماندایە، و بە یەکگرتوویی و تێگەیشتنی ئەکادیمی و سیاسی، دەتوانین گرەوی ئەم قۆناغە سەختە ببەینەوە.
* ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، بەرپرسی لقی ١٢ی پ.د.ک