لوقمان عوسمان گه ڵاڵی
کاتێک (تۆم باراک) باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا؛ یەکێکە لە نزیکترین کەسایەتییەکانی بازنەی بڕیاردانی ئەمریکا.
لە دوایین چاوپێکەوتنی بە سەرۆک بارزانی؛ (تۆم باراک) ئاماژە بە حکمەت و سیاسەت و ڕێنماییەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکات و تەنها وەک سەرکردەیەکی سیاسی نایبینێت، بەڵکو وەک (پێشەوای میللەتێک) وێنای دەکات کە لەناو جەرگەی زریانەکاندا توانیویەتی کەشتیی نەتەوەکەی و خەڵکی ناوچەکە بەرەو کەناری ئارامی ببات.
لە دیدی (باراک)ەوە، کێشە ئاڵۆزەکانی عێراق و ناوچەکە وەک گرێکوێرەیەکی لێهاتووە کە تەنها (پیرمام) کلیلی کردنەوەی لە لایە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ حیکمەتی سەرۆک بارزانی کە چۆن لە سەرووی ململانێ کاتییەکانەوە لە کێشەکان دەڕوانێت، ئەو پێی وایە هەرچەندە قەیرانەکان قووڵ بن، ئەزموونی دەوڵەمەندی (بارزانی) تاقە مۆدێلە کە بتوانێت عێراق لە چەقبەستوویی ڕزگار بکات.
باراک ئاماژەیەکی ورد بە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە قەیرانی سووریادا دەکات؛ لە کاتێکدا کە جیهان لە ئاست داڕمانی سووریادا دەستەوەستان بوو، حیکمەتی سەرۆک بارزانی بووە جێگەی متمانەی هێزە نێودەوڵەتییەکان. ئەو (نەخشەڕێگایەی) کە بارزانی بۆ سووریا کێشای، تەنها چارەسەرێکی سیاسی نەبوو، بەڵکو فەلسەفەیەک بوو بۆ ئاشتی و پاراستنی مرۆڤایەتی و ڕێگریکردن لە خوێنڕشتنی زیاتر. (باراک) پێی وایە ئەمڕۆ عێراقیش پێویستی بە هەمان (مۆدێلی پیرمام) هەیە، مۆدێلێک کە دەزانێت چۆن لەناو تەنگژەکاندا هاوسەنگی دروست بکات و هەموو لایەنە ناکۆکەکان لەسەر مێزی دیالۆگ کۆبکاتەوە.
زەعامەتی سەرۆک بارزانی لەوەدا چڕ دەبێتەوە کە توانیویەتی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەیەکی پڕ لە ئاگردا بپارێزێت، هەڵبەت سەرۆک بارزانی تەنها نوێنەری لایەنێک یان نەتەوەیەک نییە، بەڵکو مەرجەعێکی نێودەوڵەتییە بۆ پرسی سەقامگیری. سەرۆک ئەو سەرکردەیەیە کە دەزانێت کەی بە حیکمەت و کەی وەک پێشمەرگە بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ و خاکی کوردستان بکات.
حیکمەت و هەڵوێست و ڕێنماییەکانی سەرۆک بارزانی گەواهی دەری ئەوەن کە بەڕیزیان سەرکردەیەکی (ئەفسانەیی یە) کە توانیویەتی ئاشتی بکاتە گەورەترین دەستکەوت و دۆست و دوژمن لەوە بگەن کە بێ ڕاوێژ و هاوکاریی ئەم زەعامەتە، هیچ نەخشەڕێگایەک بۆ دواڕۆژ لە دەڤەرەکەدا سەرکەوتوو نابێت.
دیدەنی (تۆم باراک) بۆ حیکمەتی سەرۆک بارزانی تەنها گوزارشتێکی دیپلۆماسی نییە، بەڵکو خوێندنەوەیەکی واقیعبینانەیە بۆ نەخشەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کاتێک جیهان لە ئاستی عێراق و سووریادا لەبەردەم تەمومژێکی چڕدایە، (حیکمەتی سەرۆک بارزانی) وەک قیبلەنمایەکی ڕاست و نەگۆڕ دەردەکەوێت. ئەمڕۆ، پیرمام تەنها ناوەندێکی بڕیار نییە بۆ کورد، بەڵکو مەرجەعێکی نێودەوڵەتییە کە تێیدا (سەقامگیری) لە زمانی (بارزانی)یەوە پێناسە دەکرێتەوە. مێژوو ئەوەشی سەلماند؛ کە کلیلی چارەسەرە پرسە ئەستەمەکان، هەمیشە لای ئەو سەرکردانەیە کە دەزانن چۆن ئاشتی بکەنە سەرکەوتنێکی ئەفسانەیی.