فەرەیدوون سامان*
ماوەیەکە بێ هیچ بنەماو میتۆدێکی زانستی زمان ، لێرەو لەوێ دەنگۆیەک هەیە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە زاری هەورامی زمانە و جیاوازە لەگەڵ زمانی کوردی، هەڵبەتە ئەم بۆچوونە ڕەگاژۆیەکی مێژینەی هەیە ، هەر لە سەردەمی دەورانی دەسەڵاتی ڕەزاخانی پەهلەوی و توێژینەوە کرچەکانی ڤلادیمێر مینۆرسیکییەوە هات ، کاتی گوتی گۆرانەکان لە باکووری دەریای خەزەرەوە بۆ ناوچەی هەورامان هاتوون و زارەکەشیان لەگەڵ زمانی کوردی جیاوازە.
لەم ڕووەوە چەند تێبینییەکم لا گەڵاڵە بوو، لەمەڕ زاری هەورامی و پرسی زارو بنزارە کوردییەکان.
ئاشکرایە زمانی کوردی وەک زمانی هەر نەتەوەیەکی سەر ڕووی زەوین لە چەندان زار و بنزار و دەڤۆک پێکهاتووە، سەبارەت بە حوکمی جوگرافیای سرووشتی، چەند هۆکارێکی سیاسی و دابەشکردن و زەوتکردنی بەسەر چوار نەتەوەی دەسەڵاتداردا، لەماوەی سەدساڵی ڕابردوودا زمانی کوردی ڕووبەڕووی توانەوە و سیاسەتی ئاسمیلاسیۆن بوویەوە، مخابن وەک نەتەوە سەرفرازەکان کورد نەبووە خاوەنی زمانێکی پێوەر و یەکگرتوو بۆ هەموو بەشەکانی کوردستانی گەورە.
وێڕای ئەوەش کە زمانی کوردی جوگرافیایەکی بەرفراوانی هەیە، هەر لە ڕۆژاوای کوردستانەوە تا ڕۆژهەڵات، هەر لە باکوورەوە تا باشوور، جگە لە چەندان دەڤەری کوردنشینی وەک هەبوونی ڕێژەیەکی زۆری ڕەوەندی کورد لە شارەکانی ئەستەنبۆڵ و ئیزمیر، لە ئوستانەکانی تاران و مازەنداران و خۆراسان، لە وڵاتانی قافقاس-ئەرمەنستان و گورجستان و ئازەربایجان- تادەگاتە ئاسیای ناڤین، هەروەها ڕێژەیەکی زۆری کوردانی تاراوگە لە پایتەختەکانی وڵاتانی ئەوروپا و ئامریکا و ئوسترالیادا.
لە سەرەتای سەدەی بیستەم و دوای دامەزراندنی دەوڵەتە نەتەوەییەکانی وەک ئێران و تورکیا و عێراق و سووریا، دابەشکردنی بەشێک لە نیشتمانەکەمان، ئەوەی ئەم دەوڵەتانە زیاتر کاریان لەسەر کرد جینۆسایدی کەلتووری و توانەوەی زمانەکەمان بوو، ئەویش لە ڕێگای سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەییمان، لە ڕێگای بە یاسا قەدەغەکردنی زمانی کوردی، کە ئامانجی ستراتیژی ناسیۆنایستی نەتەوەی سەردەست گۆڕانکاریی دیموگرافی و سیاسەتی بە عەرەبکردن و فارسکردن و تورککردن بوو، ئەویش بە حاشاکردن لە کوردبوونی پێکهاتە-ئیتنیکە کوردییەکانی وەک هەورامی، ئێزیدی، شەبەک، زازاکی، لەک و لوڕ تا دەگات بەوەی کە حاشا لە کوردبوونی ڕەسەنایەتی کاکەییەکانیش بکەن، دیارە بە بیانووی ئەوەی کە زارەکانیان لە گەڵ زمانی کوردی ناوەند- زاری سۆرانی جیاوازە، هەر بۆیەش ئەوان زمانی کوردی بە یاسا قەدەغە دەکەن، چونکە لێی دەترسن و بە هەرەشەی دەزانن لەسەر ئاساییشی نەتەوەیی خۆیان، پێیانوایە دواجار داننان بە ناسنامەو زمانی کوردی، وڵاتەکەیان پارچەپارچە دەبێت، هەر بۆیەش دەیانەوێ بۆ هەمیشە زمانی کوردی زمانێکی لەتکراو و سەرکوتکراو و ژێردەستە بێت.
لە سەدساڵی ڕابردوودا ئەم زار و بنزارە کوردییانە بە پلان و ئەجیندای نەتەوەی دەسەڵاتدار وەک شەڕی تایبەت بەرامبەر بە سیاسەتی جینۆسایدی کەلتووری لە برەودایە، تەنانەت گەیشتە ئەو ڕادەیەی ئاخێوەرانی ئەم زمانە و زارەکانی زیندانی بکرێن، تەنانەت هەندێجار لە سێدارەش بدرێن، وێڕای هەوڵی بەردەوامی جینۆسایدی کەلتووری نەتەوەییمان و هاوکات هەوڵی ئەوەیان داوە ئاسمیلاسیۆنی زار و بنزارە کوردییەکانیش بکەن، ئەویش لەسەر بنەمای تیۆرەکانی مەکنزی و مینۆرسکی و هاوڕاکانیان لە هەندێ لەو ڕۆشنبیرە کوردانەی وەک ڕەشید یاسەمی و د.محەمەد موکری و میهرداد ئیزەدی و مەردۆخی سنەیی و ئەمیری حەسەنپوور و شاگردەکانی…
هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدابوون کە ئەم زار و بنزارە کوردییانە وەک زمانی سەربەخۆ و جیاواز لە زمانی کوردی بناسێنن، ئەگەر لە باکورو ڕۆژاوای کوردستاندا، ئاخافتن و نووسین و چاپەمەنی بە زمانی کوردی قەدەغە بووە و سزای زیندانی و ماڵی لەسەر بووە، ئەوا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا هەرچەند قسەکردن بە کوردی قەدەغە نەبووە، هەر لە سەردەمی پاشایەتی پەهلەوی تا کۆماری ئیسلامی بە ڕادەیەک دژایەتی زمان و فەرهەنگی کوردی کراوە و پەراوێزخراوە هەر بە زارێکی لۆکاڵیی و تایفەیی دانراوە و کراوەتە پاشکۆی زمانی فارسی، دەوڵەت هەردەم لە هەوڵی ئەوەدا بووە زارە کوردییەکانی وەک هەورامی و لەک و لوڕ و لە زمانی کوردی بترازینێ و یان وەک زمانێکی جیاواز و سەربەخۆ لە زمانی کوردی بیناسێنن.
بێگومان بایەخی زمان بەپێی بۆچوونە ئایدۆلۆژی و میۆدە فەلسەفییەكان دەگۆڕێت، بەپێی هزری فەلسەفەی ناسیۆنالیزم، زمان یەكێ لە مەرجە هەرە سەرەكییەكانی دروستبوونی نەتەوەیە و بە ژێرخانی كۆمەڵگە دادەنرێت، بەڵام کاتێ لاپەڕەی کتێبەکانی مێژووی کورد هەڵدەدەینەوە، بە دوای ناوی دەوڵەتێکی کوردیدا دەگەڕێین کە لە هەندێک قۆناغی جیاواز و سەردەمی مێژووییدا هەبووە، هەڵبەت بە ناوی جیاوازی هەرێمێک یان بنەماڵەیەک، نەک بە (ناوی کوردستان)، هیچ باسێکی لەو سەرچاوانەدا نادۆزینەوە، هەر بۆیەش ڕەگەزپەرستەکانی نەتەوەی سەردەست بەتوانجەوە دێن و بە متمانەیەکی زێدەڕۆییەوە بەسەرمەستی هەستێکی ساختەی سەرکەوتن پێمان دەڵێن، هەرچەند بەدوایدا بگەڕێن هیچ شتێک بە ناوی زمانی کوردی نییە و دەوڵەتێکیش بە ناوی کوردستانەوە لە مێژوودا بوونی نەبووە، پاشان لەسەر ئەم لێکۆڵینەوە گوماناویانە کۆمەڵێک ئەنجامی کەموکوڕی بنیات دەنێن و دەڵێن: بەو پێیەی لە مێژوودا دەوڵەتێکی کوردی بە ناوی کوردستانەوە نەبووە، ئەمە مانای ئەوەیە کە تۆ مافی دامەزراندنی دەوڵەتت نییە. لەو کاتەدا تۆ نابیتە شتێکی تر، جگە لە پێکەنینێک لە چاوی ئێمەدا، چونکە تا ئێستا هیچ کوردێک بانگەشەی ئەوەی نەکردووە کە لە ڕۆژگاری دێریندا زمانێکی هاوبەش و دەوڵەتێکی کوردی هەبووە بە ناوی کوردستان.
ئەمە ئەنجامە هەڵەکەی تۆیە، بەرهەمی عەقڵی سەرلێشێواو و تێنەگەیشتنەکەتە. کورد بانگەشەی ئەوە ناکات کە دەوڵەتێکی مێژوویی هەبووە بە ناوی کوردستان، بەڵکو دەڵێن و تکایە بە وردی ئەمە لەبەرچاو بگرن کە ناوچەیەکی جوگرافیای مێژوویی زۆر گەورە و فراوان هەبووە کە کورد هەزاران ساڵە تێیدا ژیاوە، کە ئەمڕۆ بە کوردستان ناوی دەبەن، ئەمەش بەو مانایەیە کە کوردستان ناوی دەوڵەتێکی مێژوویی کوردی نییە، بەڵکو ناوی خاکی کورد و ماڵ و زێدی مێژوویی کوردە. دوای پەیماننامی شومی لۆزان ئەم ڕووبەرە جوگرافییە بەسەر چوار وڵاتی ئێستادا بەشکراوە و کە بریتین لە سوریا، تورکیا، عێراق، ئێران.
جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان ناوی ناوچەیەکی جوگرافیای مێژوویی و ناوی دەوڵەتێکی مێژووییدا هەیە، کورد ئاماژەیە بۆ خاکێکی مێژوویی بە ناوی کوردستان نەک دەوڵەتێکی مێژوویی بەو ناوەوە، هەروەک چۆن ناوچەی مێژوویی هەیە کە بە چەند ناوێک ناسراوە، وەکو میزۆپۆتامیا، ئەنادۆڵ، حیجاز (کە لە مێژوودا بە چەندان ناو ناسرابوون، لەوانەش نیمچە دورگەی عەرەب، خاکی دوو مزگەوتی پیرۆز، تەنانەت ئێرانی جاران ناوی -مەملەکەتی مەحرووسە- بووە)، کە هەموویان ئاماژەن بۆ ناوچەیەکی جوگرافی دیارکراو، کوردستانیش بە درێژایی مێژوو بە چەندان ناو ناسراوە، وەک خاکی گوتیيەکان، کاردوخییەکان، ئۆرارتووەکان، میزۆپۆتامیا، خاکی زاگرۆسەکان و جەزیرە(میزۆپۆتامیای سەرەوە) و چەندان ناوی تر. وەک دەبینین ناوەکان بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕدرێن، هەروەک چۆن لە ڕۆژگارێکدا زمانی کوردی خۆی لە زاری گۆران بەرجەستە کردبوو بووە زمانی پیرۆزی یارسانەکان و زمانی دەسەڵاتی حەوتسەدەی میرنشینی ئەردەڵان، بەڵام هەموویان ئاماژەن بۆ زمانی کوردی کە خاوەنی چەندان شاعیری بلیمەتی وەک خانای قوبادی و بێسارنی و مەولەوی تاوەگۆزی و یەک ناوچەی جوگرافی کە ئەویش کوردستانە.
ئێستا کە وێنەکە بۆ ئێوە ڕوونە، دەتوانن جارێکی تر قووڵ ببنەوە ناو کتێبەکانی مێژوو و بەدوای ئەو ناوچە جوگرافییە مێژووییە بگەڕێن کە هەزاران ساڵە گەلی کوردی تێیدا ژیاوە. بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم ناوچەیە بە چەند زارێک ناسراوە وەک گۆران و کوردی خوارین هەروەها بە چەند ناوێکی جوگرافیش ناسراوە، وەک بلاد الجبال، میزۆپۆتامیا، ناوچەی جزیرە، خاکی کوردان، زێدی کورد، کوردستان. بۆت دەردەکەوێت کە ئەم دەستەواژانە لە کتێبەکانی مێژوودا زۆرن، هەموویان ئاماژەن بۆ خاکی کوردان و نیشتمانە ڕەسەنەکەی.
زارا ئیۆسۆبۆف ئەلینۆڤا کە زمانناسێکی کوردی سۆڤیەتی جاران بوو لە وەڵامی تێزەکەی مینۆرسکی لە بارەی زمان و بنەچەی گۆرانەکان پرۆدۆکتۆرایەکەی بەناوی زاری گۆران دەفەرمووێت : زمانی کوردی لەسەر بنەمای ئیتنیکی لە زاری گۆران و زاری کورمانج پێکهاتووە، ئاشکرایە زاری گۆرانی کۆمەڵێک بنزاری وەک هەورامی و زازاکی و باجەڵان و کاکەیی و شەبەک و زەنگنەو رۆژبەیانی و تد.. پێکهاتووە، ئیدی چۆن دەتوانین بنزاری هەورامی لە زاری گۆران جودا بکەینەوە دواتریش بە زمانی بناسێنین، لە سەدەی دوانزەی زاینیدا بوو، بۆ یەکەمجار کە خاکی کوردان بە کوردستان ناسرا، سوڵتانی سەلجوکی سەنجەر ئەم ناوەی لێ نا. ئەم ناوه لەلایەن کوردەوه پێشوازی لێکرا و پێزانینی بۆ کرا، به قووڵی له هۆشیاری و هەست و نەستیدا چەسپێندرا. لە شیعر و گۆرانی و نووسین و بەرهەمە هزرییەکانیاندا دەستیان کرد بە گوتنی ستایشی کوردستان و لە ئەدەبیاتی سیاسی و نەتەوەیی خۆیاندا بەکاریان هێنا. ئەم ناوە تا ئەمڕۆش بە توندی لە هۆشی کورددا ماوەتەوە. ئەگەر دەوڵەتێکی کوردی بە ناوی کوردستان لە کتێبەکانی مێژوودا نەدۆزینەوە، بەڵکو تەنها ناوچەیەکی جوگرافیای مێژوویی بە ناوی کوردستان بدۆزیتەوە، ئەمە بەو مانایە نییە کە کورد دەوڵەت یان ئیمپراتۆریەتی لەو ناوچەیەدا دانەمەزراندووە. بە پێچەوانەوەش کورد بە درێژایی مێژووی دوور و درێژی خۆی، چەندان ئیمپراتۆریەت و دەوڵەت و شانشینی لەسەر خاکی کوردستان دامەزراندووە. ئەم قەوارانە ناوی جیاوازیان هەڵگرتووە و مەرجیش نییە هەمیشە بە ئاشکرا بە کوردستان ناویان ببرێت. ناوی دەوڵەت و شانشینی بە درێژایی مێژوو جێگیر نییە؛ ئەمەش هەموو گەلانی جیهان دەگرێتەوە نەک تەنها هەر کورد، بۆ نموونە کورد پێش هاتنی مەسیح چەندان ئیمپراتۆریەتی دامەزراندووە لە خاکی مێژوویی خۆیدا، کە بە کوردستان ناوی دەبەن، وەک ئیمپراتۆریەتەکانی سوپاریان، کاردوخی، ئورارتیان، لولوبی، کاسیت، هوریان، میتانی، مادەکان، لە نێو ئەوانی تردا. لە سەردەمی ئیسلامیشدا، کورد چەندان دەوڵەتی لە سەر خاکی کوردستان دامەزراندووە، وەک بنەماڵەی مەڕوانی، شەدادی، ئەیاری، عەنەزی و حەسەنوەند و ئەوانی تر. هەروەها چەندان میرنشینیان لە سەرانسەری خاکێکی بەرفراوان دامەزراندبوو، کە ناوی جۆراوجۆریان هەڵگرتبوو وەک: میرنشینی ئەردەڵان، میرنشینی بۆتان، میرنشینی بادینان، میرنشینی سۆران، میرنشینی بابان، میرنشینی هەکاری، میرنشینی بیتلیس، میرنشینی شوانکارە، میرنشینی عەنازی، میرنشینی چیمشزاک، میرنشینی بیناشی، میرنشینی برادۆست، میرنشینی خانەیەتی تەبرێز، میرنشینی زەراک، میرنشینی بازوکە، میرنشینی هەسەن کیف، میرنشینی کیلیس، میرنشینی دۆنبولی، میرنشینی بەلو، میرنشینی خاناتی سەراب، میرنشینی خانەیەتی خۆی، میرنشینی موکریان، میرنشینی شیروان، میرنشینی بینگۆل و چەندانی تر. هەموو ئەو میرنشینانەش زارێکی کوردی وەک زارەکانی کورمانج، زازاکی یان سۆرانی و بادینی زمانی ئاخێوەرانیان بووە، کەسیش لە کوردناس و ڕۆژهەڵاتناسەکان وەک زمانی جیاواز لە زمانی کوردی نەیانی ناساندووە.
لەسەدەی بیستەمدا ناوچەکە شاهیدی دوو تاقیکردنەوەی جیاوازی دەوڵەتی کوردی بوو: یەکەمیان کۆماری کوردستان کە پایتەختەکەی لە شاری مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی 1946 بە سەرکردایەتی پێشەوای شەهید قازی محمد دامەزرا. تەنها یازدە مانگی خایاند. دووەمیان کۆماری کوردستانی سووری سۆڤیەتی بوو، کە کۆمارێکی ئۆتۆنۆمی بوو لە نێوان ساڵانی 1923 تا 1929 بوونی هەبوو، پایتەختەکەی لە لاچین لەو ناوچەیەی ئێستا بە ناگۆرنۆ قەرەباخ ناسراوە، دواتر بە فیتی ئەتاتورک بڕیارێکی نامرۆڤانەی ستالین بە شێوەیەکی کارەساتبار لەلایەن ڕژێمی سۆڤیەت هەڵوەشایەوە. جگە لەوەش ناوی کوردستان لە نەخشە و بەڵگەنامەکانی عوسمانیدا هەبووە و بە فەرمی بۆ ئاماژەدان بە خاکی کورد بە درێژایی سەردەمی عوسمانی بەکارهاتووە و تا سەرەتای سەدەی ڕابردوو لە بەکارهێناندا ماوەتەوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە ناوی کوردستان، وەک ئاماژەیەک بۆ خاکی کورد و زێدی مێژوویی، بە درێژایی سەردەمی عوسمانی بەکارهاتووە و لەلایەن پارتە سیاسییە مۆدێرنەکانی کوردەوە داهێنراو نەبووە، وەک هەندێک بانگەشەی ئەوە دەکەن.
لە کۆتاییدا: کوردستان ناوی دەوڵەتێکی مێژوویی نییە، بەڵکو ناوی ناوچەیەکی جوگرافیای مێژووییە. کاتێ گوێم لە کەسانێک دەبێت کە دەڵێن: زمانە کوردییەکان یان سەردەمی دەوڵەتە نەتەوەییەکان کۆتایی هاتووە، یان من دژی دەوڵەتی نەتەوەییم” و کاتێک دەڵێن دەوڵەتێکی نەتەوەیی لە ئامانجەکانیان نییە، بەڵام باشە سەیری عەرەب و تورک و ئەوانی دیکە بکەن ئایا لە دەوڵەتە نەتەوەکانیان باشتریان دۆزیوەتەوە؟”
سەبارەت بە دژایەتیکردنیان لەگەڵ پرەنسیپی خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی کورد وەک گەلانی دیکەی ناوچەکە و جیهان، ناتوانیت خۆت بپارێزیت و سووکایەتی بەو کەسایەتیانە نەکەیت و هەست بە بێزاری بەرامبەریان نەکەیت، بەبێ گوێدانە پێگەی ئەوان لە نێو شوێنکەوتوان و سەرسام و پەرستراوەکانیان. ئەم تاکانە یان لە واقیع دابڕاون و سەر بەم سەردەمە نین، کە ئێمە تێیدا دەژین- سەردەمی ناسیۆنالیزم و دەوڵەتە نەتەوەییەکان بە شێوەیەکی نایاب- و هەر بۆیە پێویستیان بە ڕەوانەکردنی نەخۆشخانەکانی دەروونی هەیە بۆ چارەسەرکردن؛ یان تەنیا بریکارن کە ئەجێندای دوژمنانی کورد جێبەجێ دەکەن.
لێرەدا دەبێت جیاوازی بکەین لە نێوان دوو بابەتی چارەنووسسازدا: جیاوازی نێوان گوتاری پراگماتیک، تاکتیکی و خیانەتێکی ڕاشکاوانە. گوتاری پراگماتیک، یان ئەوەی کە دەکرێ بە واقیع سیاسی ناوببرێت، بە واتای ئەوە دێت کە بە ڕوونی و بێ دوودڵی بڵێین: “کورد وەک هەموو گەلانی دیکەی جیهان زمانی تایبەت بە خۆی هەیە و مافی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی هەیە. مافی چارەی خۆنووسین مافێکی پیرۆز و حاشا هەڵنەگرە بۆ هەموو گەلان، لەگەڵ ئەوەشدا هەلومەرجی ئێستای نێودەوڵەتی و ناوچەیی، هاوسەنگی هێز کە لە ناوچەکەدا هەیە، ڕەنگە لەم قۆناغەدا ڕێگە بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی نەدات”. بۆیە لەڕووی تاکتیکی و کاتییەوە دەتوانین داوای مافە ڕەواکانی خۆمان بکەین لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین، بەبێ ئەوەی دەستبەرداری ئامانجی کۆتایی نەتەوەیی بین و بەبێ دەستبەرداربوون لەم ئامانجە خوازراوە”.
بۆیە هیچ کەسێک بەرژەوەندی لە دوورخستنەوەی کورد لە هزری ڕزگاریخوازی نەتەوەیی کورد و لە پرۆژەی ڕزگارکردنی کوردستان، هەم خاکەکەی و هەم گەلەکەی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردی نییە، جگە لە ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان. ئەوانەن کە زۆرترین بەرژەوەندییان هەیە بۆ ڕازی کردنی کورد بۆ وازهێنان لە بیرۆکەی پارچەپارچەکردنی زمانەکەیی و دەوڵەتی نەتەوەیی کوردی.
کەواتە بێ بوونی دەوڵەتێکی نەتەوەیی بۆ کورد، زمانەکەی پێشناکەوێت، بێ بوونی زمانێکی پێوەرو ستاندارد چارەسەری کێشەکانی زار و بنزارەکان ناکرێت، ئەلفابیتایەکی یەکگرتوو چارەسەر نابێت.
ئێمە وەک گۆڤاری زمانناسیی(زمان و زار) لە پێنج ساڵی ڕابردوودا (٢٠) ژمارەی وەرزیمان بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی و جارجارەش بە زمانی ئینگلیزی دەرکردووە، لەم گۆڤارە زمانناسییەدا کە لەسەر ئاستی کوردستانی گەورەدا بایەخمان بە توێژینەوەی زمانناسیی لەسەر پرسی زمان و ئیتنیک و زارە کوردییەکان کردووە، وێڕای بایەخدانمان بە زمانی کوردی و لە دەلیڤەکانی پەروەردە و فێرکردن، هەروەها زمانی کوردی و سۆسیالمیدیا، هاوکات بە پلەی یەکەمیش بایەخمان بە دۆسیەی تایبەت لەسەر زار و بنزارە کوردییەکانی وەک زاری گۆران-هەورامی و زارەکانی، فەیلی و لەکی، کەلهوری، کورمانجی و زازاکی داوە. هەر بۆ ئەم مەبەستەش بە بەشداری دەستەبژێڕێک لە ئەکادیمی و زمانناسان بۆ وتووێژ لەسەر ئەم پرسانە چەندان کۆنفرانس و دیداریزانستیمان لەسەر پرسگریکەکانی زمانی کوردی بەڕێوە بردووە.
* سەرنووسەری گۆڤاری زمانناسیی (زمان و زار).