
د.محهمهد خدر مهولود
ئەم ساڵیش وەک ساڵان، یادی 65 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد لە رۆژی 10ی شوباتدا کرایەوە. مانگی شوبات جگە لەبۆنەی وەرگرتنی مۆڵەتی یەکێتی نووسەرانی کورد لە بەغدا لە ساڵی 1970 چەندین بۆنەی دیکەی لە خۆ گرتووە. لەوانە لە 17ی تشرینی دووەمی1997 یۆنسکۆ بریاری داوە رۆژی 21ی شوباتی هەموو ساڵێ، رۆژی جیهانی زمانی دایک بێ. دیارە ناولێنانی ئەم بەروارە رێککەوت نییە، بەڵکو مێژووی خوێناوی خۆپێشاندانی قوتابیانی زانکۆی دەککای لە پشتە دژی زاڵکردنی زمانی ئۆردوو بەسەر زمانی بەنگالی لەلایەن حکومەتی پاکستان وکۆڵنەدانی بەنگالییەکان تا بە فەرمی ناساندنی زمانەکەیان لەلایەن حکومەتی داگیرکارەوە.
هەروا هەمان رۆژ 21ی شوبات لە ساڵی 1991 رۆژی کۆچی دوایی زانای کورد هەژار موکریانییە. هەژارخاوەنی ئەم شیعری ناودارەیە لە باری بوون و مانەوەی کوردە بە زمانی کوردی وەک شاکارێکی بوون وبەردەوامی و مانەوەی نەتەوەیی لێکدەدرێتەوە:
بە کوردی دەژیم، بە کوردی دەمرم
بە کوردی دەدەم وەرامی قەبرم
بە کوردی دیسان زیندوو دەبمەوە
لەو دنیاش بۆ کورد تێهەڵدەچمەوە
ئەم شیعرە ناودارەی هەژار موکریانی، ئایکۆنە، هەر دەڵێیی هەژار بۆ رۆژی جیهانی زمانی دایک-کەرۆژی جیهانی زمانی میللەتانی ژێردەستە وچەوساوەیە نووسیویەتی وپیرۆزی کورد بوون و زمانی کوردی ژێر دەستەی نەتەوەکانی عەرەب و فارس وتورکی شەرمەزارکردوە.
دامەزراندنەوەی یەکێتیی نووسەرانی کورد
لە بارەی یەکێتیی نووسەرانی کورد و دامەزراندنەوەی لەدوای ڕێککەوتنامەی مێژووی 11ی ئازاری 1970وە بۆ ئەوەی راستییەکانی دوێنێی بارودۆخی ئەدەبی نووسەرانی کورد و مێژووی دامەزراندنی ئەم رێکخراوە رۆشنبیری و ئەدەبیەی نەتەوەکەمان لە نێورێکخراوی رۆشنبیری وئەدیبانی کۆمەڵگای عێراقی لەشاری بەغدا لەدوای شۆڕشی 14ی تەمەمموزەوە دامەزراون لای نەوەی تازە و نووسەران و ئەدیبانی ئەو سەردەمە تێکەڵوپێکەڵ نەبێ و نەبێتە چاکە ودەست پێشخەری دەسەڵاتدارانی بەغدا و وەک چاکە و خەڵاتو مەکرەمە وپیاوەتی و دەستکەوتی› 14و17› ی تەمووز، بە نووسەران و ئەدیبانی کوردی بفرۆشنەوە. لەکاتێکدا گەلی کورد و نووسەران و ئەدیبانی شۆڕشگێڕ لە نێوجۆش و خرۆشی سەرکەوتنەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دا دەژیان و دڵیان بە سەرکەوتنەکانی هەردوو بەرەی ناو خۆو بەرەی دەرەکی خۆش بوو کە بریتی بوون لە(سەرکەوتنی شۆڕش لە بەرەی ناوخۆو- بۆسارێژکردنی برینی قوڵی شەڕی ناوخۆکە لەدوای ئینشقاقی 1966 سەری هەڵدابوو، لەبەرەی دەرەکیش- دژی رژێمی تۆتالیتاری و شۆفینیەکانی بەغدای قۆناغی بەعس، کە سەرەئەنجامی سەرکەوتنەکان، ئەوەبوو رێککەوتنامەی مێژووی 11 ئاداری 1970 لێکەوتەوە).
لە بارەی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد لە 10ی شوباتی 1970 دا بە هاوکاری حکومەتی بەغدا، ئامادەکاری دەکرا بۆئەو یەکێتیی نووسەرانەی بەر لە ڕێککەوتنامە مێژوویەکەی 11ی ئاداری ساڵی 1970 لە بەغدا دابمەزرێ بە پەیرە و پرۆگرامێ هاوشێوەی بەرنامە وپەیڕەوی ناوخۆی (الاتحاد العام لادباء والكتاب فی العراق- بغداد 1959) بۆ مەبەستی خواست ومەرامی خۆیان تا ببێتە ئەویەکێتیی نووسەرانەی لەدەرەوەی ئامادەیی و بەشداری کارای چەندین کەڵە ئەدیبو نووسەرو زانا و ئەفرێنەری تێکۆشەری کوردبێ . ئەوانەی ئەوێ رۆژێ لەشاخ وشاردا لە ریزی شۆڕشی ئەیلوول لەخەبات دابوون بۆ بەرگری کردنی لە پرسی سیاسی و مانەوە و زمان و کەلتوری کوردی لە شاری بەغدا نەبوون و بەئاشکرا بابەت و بەرهەمیان لە رادیۆ ورۆژنامە وگۆڤاروبڵاوکراوەکان بڵاونەدەبۆوە چونکە خۆیان بەرهەمیان قەدەغەبوون وجێی مەترسی بوون.
لە کاتێکدا، دامەزراندن ومۆڵەت وەرگرتنی یەکێتیی نووسەرانی کورد، لە 10ی شوباتدا، بەهەمان پرۆگرامی(الاتحاد العام)ی نووسەروئەدیبانی بەغدا، بە بەرنامە وهاریکاری حکومەتی عێراقی وەک (الاتحاد العام الادباء والكتاب فی العراق- فرع البصرە) سەیری نووسەرانی کورد و رێکخراوەکە کراوە، کە پاشکۆ بوونی نووسەرو ئەدیبی کورد دەگەینێ.
سەرکردایەتی سیاسی شۆڕشی ئەیلوول، بەتایبەتی نەمر سەرۆک مستەفا بارزانی لە تێگەیشتنی نیشتمانی و نەتەوەییەوە، لەو باوەڕو دیدگایەوە کە نووسەرو ئەدیبانی کورد، خاوەن کەسایەتی و تایبەتمەندیەتی خۆیانن و هەڵگری گوتارو پەیامی تایبەتی زمانی نەتەوەیەکی خاوەن تایبەتمەندیەتی کلتووری جیا لە نەتەوەکانی عەرەب و فارس وتورکن ولە پێگە و ڕۆڵی کارای نووسەرانی کوردەوە لە رێکخراوی یەکێتیی نووسەرانی ڕوانیوە. بۆیە سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوول هەر دوای ڕێککەوتنامەی 11ی ئاداری 1970 واتە یەک مانگ دوای دەرچوونی مۆڵەتی رێکخراوەکە، بۆ بایەخ دان بە بواری رۆشنبیری و ئەدەبی وهونەری وزمانەوانی و پەروەردەیی، رێکخستن ودارشتنی سیستەمی دەستەی بەرێوەبردنی سەندیکایی و رێکخراوەیی و حکومی. بە گوێرەی پسپۆریی، ئەندامانی شارەزایان دەست نیشان کرد تا ڕۆڵی خۆیان ببینن. بۆیەکێتیی نووسەرانی کورد- مەڵبەندی گشتی سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوول لەسەر راسپاردەی مستەفا بارزانی رابەری شۆڕش سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەژار موکریانی دەستنیشانکرا و راسپێردرا بچێتە بەغدا بۆ بەستنی کۆنگرەی دامەزراندن. ئەوەبوو لە رۆژانی 23و24 ی حوزەیرانی ساڵی 1970 گۆنگرەی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەران لە هۆڵی خولد بەسترا.
هەژار موکریانی و دامەزراندنەوەی یەکێتی نووسەرانی کورد
چوونی هەژار بۆ بەغدا لەسەر راسپارەی مستەفا بارزانی بۆ دامەزراندنەوەی یەکێتیی نووسەرانی کورد مەڵبەندی گشتی وبەستنی کۆنگرەی یەکەم- کۆنگرەی دەستەی دامەزرێنەرچەندهۆکاری گرنگ لە باگڕاوەندی ئەم پرۆسیە رۆشنبیرییە نیشتمانیە هەن ودەبنە پاڵنەربۆ دامەزراندن وبەستنی کۆنگرەی دامەزراندن.
ئەمانەی خوارەوە گرنگترین پاڵنەرەن:
1 – پتەوکردنی پەیوەندی نێوان نووسەرانی کوردو بەهێزکردنی یەکریزی نێوانیان لە نێوان نووسەرانی شۆڕشی ئەیلوول و نووسەرانی کوردی بەغدا. مەبەست لەم پرۆسەیە بۆ ئەوە بوو تا نووسەرانی کورد پارێزراوبن لە هەموو ئەوپلان و کێشە وگرفتانەی بەعسییەکان بەرنامە رێژیان کردبوو بۆ تێکدانی ریزی نووسەرانی کوردو چاندنی تۆی دوو بەرەکی لە نێویەکێتیی نووسەران و دەستەی بەرێوەبردنی هەڵبژێردراو.
2 – پەرەپێدان بە زمان و ئەدەبی کوردی و بایەخدان بە زمانی نەتەوەیی هەروەک لە وتارەکەیدا لەکۆنگرەی دامەزراندندا هەژار موکریانی ڕوو لە ئامادەبوانی نێو هۆڵی کۆنگرە دەکات و راشکاوانە دەڵێ: برایانی بەڕێز گومان لەوەدا نیە کە زمان قەباڵەو تاپۆی ژیانی میللەتان و هەوێنی مافی گەلانەو هەرگەلێک زمانەکەی لەدەست بچێ دەتوێتەوە .
3 – کردنەوەی لقی هەولێرو سلێمانی و کەرکووک و دهۆک . بەمەبەستی بوژانەوە وپەرەپێدان وپێشخستنی زمان وئەدەبی کوردی لە شارەکانی کوردستاندا، بەتایبەتی بۆ هەردوو شاری› کەرکووک ودهۆک› کە تایبەتمەندییەکانی ئەم دوو شارە وای دەخواست بە زۆری و بەچڕوپڕی بزاڤی رۆشنبیری و ئەدەبی تیادا لەگەشەسەندن و پەرەسەندندابێ وگرنگی دانی زیاتریش بە زمانی کوردی وپێشخستنی بدرێ . چونکە شاری دهۆک هەڵکەوتەی جوگرافی پێگەی جیۆسایی گرنگی پێ بەخشیبوو وەک دەروازەیەک لەسەر سنوور بۆ باکوری کوردستان و پەنجەرەیەک بەرەوە ڕۆژئاوا و ئەوروپا. دهۆک تازە ببووبە پارێزگا، لەژێر ئیدارەی پارێزگای مووسڵ کە بە سەنگەری پۆڵایینی عروبە وتەعریبکردنی دەڤەری بادینان ناسرابوو، ئازاد بوو، رزگاری بوو.بۆ پارێزگا وشاری کەرکووکیش لەبەرپێگەی نەتەوەو ئابووری وجیۆسیاسییەکەی تەعریبی بەردەوامی نێو شارودێیەکانی سنوری پارێزگاکە، زۆر گرنگ بوو لقی یەکێتیی نووسەرانی لێ بکرێتەوە .
4 – بەدەستهێنانی مافی ڕۆشنبیری و کەلتورو زمانی کوردی بەهۆی چاپکردنی کتێب وبڵاوکردنەوەی گۆڤاروبایەخدان بە بەرنامەی ئەدەبی وهونەری وزمانەوانی لەرادیۆی بەغدا و هەردووتەلەفزیۆنی کەرکووک.
بۆ هێنادی ئەمانە هەژار، دوای ئەوەی دەبێتە سەرۆکی یەکێتیی نووسەران وەک سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد، نووسراوی فەرمی و نامەی فەرمی زیاتر ئاراستەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات تا لەگەڵ لایەنی دەسەلاتدارانی حکوومەتی بەغدا داوای تەواوی مافەکانی ئەدەبی وڕۆشنبیری و بایەخدان بە چاپ وچاپەمەنی بدەن ودانوستانی لەسەر بکەن.
بەنموونە ئەونامە مێژووییەی هەژار موکریانی کە پێشتر لە رۆژی 9ی کانوونی یەکەمی 1970 ئاراستەی سەرکردایەتی پارتی کردبوو. هەژار نووسەرو رۆشنبیرێکی مەزن و ئایندەبین بوو،لە هەموو ئەو داواکارییانەی هەیبووئایندەیی گەشی ئەدەب ومێژووی نەتەوەکەی لا مەبەست بوو. بۆنموونە داواکردن بۆ دامەزراندنی چاپخانەیەک لە شارۆچکەی چۆمان کە بارەگای سەرکردایەتی شۆڕشی لێ بوو، مەبەست لێی بۆ چاپکردنی کتێبی مێژوو و مێژووی شۆڕشەکانی کورد بوو بەدەستی نووسەرانی کورد و دور لە دەستی سانسۆر ومەقەسی بەغدا. ئەو کتێبە مێژوویانە، نەک هەرئەو کتێبانە بن کە داگیرکەرانی کوردستان بە ئارەزوو و بەرژەوەندی خۆیان بۆمانی بنووسنەوە و مێژوومان بشێوێنن و ئایندەشمان گومان و نادیار.
5 – بایەخدان بە بەرهەمی ئەدەبی نووسەرانی کوردو چاپکردنیان وبە دەرهێنانی گۆڤارێکی تایبەتی وەک بڵاوکراوەی یەکێتیی نووسەرانی کورد- مەڵبەندی گشتی و هاندانی لقەکان بۆ چاپکردن و بڵاوکردنەوەی گۆڤاری ئەدەبی تایبەت بە خۆیان .
6 – بایەخ دان بە کتێبی قۆناغەکانی خوێندنی قوتابخانەکان بە کوردی وبە چاودێری پسپۆرانی کورد.
هەر لە نێو ئەم نامەیەدا هەژار موکریانی بە ناوی لیژنەکەوە چەندین داوای لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە تا بایەخی زیاتر بدرێ بە بەرزکردنەوەی ئاستی رۆشنبیری و دەستەبەرکردنی کتێبی چاپکراوی کوردی قۆناغەکانی خوێندن ودامەزراندنی چاپخانە لە کوردستان و بایەخدان بە کۆڕی زانیاری کورد.
مستەفا بارزانی پشتیوانی مافی ڕۆشنبیری نووسەرانی کوردە
لەدوای کۆنگرەی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەران لە 23و24ی حوزەیرانی 1970 هەژار موکریانی بە رێنمایی و پشتیوانی بەردەوامی وئاراستەی نیشتمانی بەهەشتی مستەفا بارزانی توانی زاڵبێ بەسەر هەموو جۆرە›› هەوڵ وکۆشش وپلان و بەرنامەی جیاخوازی ومن من وتۆتۆوکێشمەکێشی سیاسی››هەندێ لە نووسەرانی هەڵبژێردراوی نێو دەستەی کارگێری. ئەم سەرکەوتنەی هەژار موکریانی وەک یەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراوی یەکێتیی نووسەران کورد،چەندە بۆ زیرەکی و هوشیاری کارگێری خۆی دەگەڕێتەوە. لە باگڕاونددا تەواوی پشتیوانی هزروبیری نیشتمانی ونەتەوەیی وتوانای ئابووری مستەفا بارزانی رابەری بیری نەتەوەیی وسەرۆکی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان دەبینین. بۆیە پشت ئەستووری هەژار موکریانی بۆکارو چالاکی و چاپکردن وسازدانی دیداری رۆشنبیری و رێزلێنان وخەڵاتکردنی ئەدیب ونووسەرانی کوردی لێ کەوتەوە.
مستەفا بارزانی وەک سەرۆک ورابەری بزاڤی سیاسی شۆڕشی ئەیلوول و پارتی دیموکراتی کوردستان، خاوەن تێگەیشتنی تایبەتی خۆی بوو بۆ گوتاری رۆشنبیری نیشتمانسازی و ڕۆڵی نووسەرو ئەدیبان و رۆشنبیران بۆ هەربابەت وپرسێکی هەستیاری کۆمەڵگە بەتایبەتیش پرسی نیشتمانی ونەتەوەیی نەتەوەیەکی داگیرکراو و ماف لێزەوتکراودا بۆیە بەدرێژای مێژووی خەباتی نیشتمانیدا لە هەر قۆناغێکدا بووبێ ڕۆڵی نووسەرو ئەدیبانی کوردی بەرزوبڵند نرخاندوە و بە نوێنەری پرسی کوردودۆزی رەوایەکەی زانیووە. بەنموونە ساڵی 1959مستەفا بارزانی راستەوخۆ ئەنوەر مایی شاعیرو نووسەرو ئەدیبی کورد وەک نوێنەری ئەدیب و نووسەرانی کورد، دەنێرێتە نێو (الاتحاد العام الادباء فی العراق) و دواتریش لە دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراقیشدا، هەر ئەنورمایی دەکاتە نوێنەری نووسەرو رۆژنامەنووسانی کورد لەم سەندیکایەدا.
مستەفا بارزانی لەو سەرۆک و رابەرانەی کوردە کە هەردەم بە گرنگییەوە لە پێگەو ڕۆڵی ڕاستەقینەی ئەدیب و نووسەرانی کوردی ڕوانییەوە. هەروا لە نزیکەوە پەیوەندی لەگەڵ ئەدیب و نووسەرو شاعیرانی کورد بەهێزو پتەو بووە و لە نزیکەوە ئاگاداری بارو دۆخی ژیان و گوزەرانیان بووە بە پێی توانا بەردەوام هاریکاری کردوون. بابەتی هاریکاری کردنی مستەفا بارزانی بۆ شاعیر ونووسەرانی کورد، بۆ هەژار موکریانی بابەتێکی نەزانراوی تازە نەبووە، بەڵکو بابەتێکی ئاشکرا و کراوە وهەمیشەیی بووە،هەردەم سەرۆک بارزانی لەهاریکاری کردنی ئەدیب ونووسەرانی کورد وپرسی بارودۆخی ژیان وگوزەران و باری تەندروستیانی بەهەند وەرگرتووە. لەخوێندنەوەی کتێبی ‹چێشتی مجێور›ی هەژاردا چەندین نموونەی لەو بابەتەمان بە چاو دەکەوێ. ئەم هەڵوێستەی سەرۆک مستەفا بارزانی لە سەرەتای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولەوە و پێشتریش لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە مهاباد ودامەزراندنی پارتی لە 1946وە سەرچاوەی گرتووە نووسەرو شاعیرانی کورد لای سەرۆک بارزانی،هەڵگری پەیامی نیشتمانی نەتەوەیی، نەتەوەیەکی ستەم لێکراوی زمان و کەلتوورلێ داگیرکراون. لەوبینین و ڕوانگەیەوە هەردەم پێگەی شاعیرو نووسەرو ئەدیبانی راستەقینەی کورد لە ناو پارتی و سەرکردایەتی مەکتەبی سیاسی پێگەیەکی بەرزو نرخێندراو بووە. لەسەر ئەرکی بارزانی گۆڤاری (نووسەری کورد) چاپ دەکرێ لە کۆنگرەی دووەمی یەکێتیی نووسەرانی کورد هەولێر، لە رۆژی 15-8-1971داهەژار سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد،وتاری یەکێتیی نووسەرانی کورد دەخوێنێتەوە . لە وتارەکەیدا باس لە چالاکییەکانی نووسەران و گرفت و کێشە هەمەجۆرەکانی دارایی و سیاسی و دووبەرەکی نێوان دەستەی نووسەرانی کورد و هەوڵ وکۆششی ژێراو ژێری حکومەتی بەعس بۆ شکست پێهێنانی کۆنگرەی دامەزراندنی یەکێتیی دەکات. لەو وتارەیدا کە وتاری کۆنگرەی دووەمی یەکێتیی نووسەرانە لە هەولێر،هەژار ڕاشکاوانە باس لە گرفت و کێشەکان دەکات وهۆکاری کێشە و گرفت و پلانەکانیش دەخاتە ڕوو و بوێرو ئازایانە خاڵ بەخاڵ بابەتەکان ڕوون دەکاتەوە ڕاشکاوانە دەڵێ:
ئەوجارە بۆ هەڵبژاردنی هەیئەی ئیدارە- دەستەی کارگێڕی تووشی چەند کێشمە کێشمێک هاتین . من من و تۆتۆ و سیاسەتی حزبایەتی سەری بەرزکردەوە هەر کەسە وبەلای خۆیدا ڕاکێشاو کەس دڵی بۆ کوردستان نەدێشا !! لە ڕوی ناچاریەوە بە هەزار قوربان وسەدەقە ومەرایی کردن دڵی ئەو تاقمە نەسازانەش رازی کرا.
لەبارەی دەرچوونی گۆڤاری نووسەری کورد
هەژار لە وتارەکەیدا بەم جۆرە ئاماژە بە گۆڤارەکە دەکات: بۆ گۆڤارەکەمان- مەبەست گۆڤاری یەکێتی نووسەرانی کوردە، ژمارە یەک و ژمارە ٣ هیچ اعلانمان دەست نەکەوت هەر گۆڤارێک یا رۆژنامەیەکیش ئیعلانی نەبێ ناژی. پارەی دەرچوونی ژمارە یەک بارزانی دای ژمارە دوومان بە قەرز چاپکرد.
هەر لەبارەی یارمەتی دانی بارزانی بۆ چاپکردنی گۆڤاری (نووسەری کورد) گۆڤاری یەکێتیی نووسەرانی کورد و چالاکییەکانی، هەژار بەم جۆرە باسی ڕۆڵی بارزانی دەکات وهەر لە درێژەی وتارەکەیدا دەڵێ: بەم مناسەبەیە حەز دەکەم ئمەندە بیر بخەمەوە کەوا بارزانی شەخسەن زۆر دڵی لەسەر یەکێتی نوسەرانە و وەک دەیزانین یەکەم ژمارەی گۆڤارەکەمان لەسەر ئەرکی ئەو بوە و پارەی جایزەکان ئەو داویەو وائێستاش 500 دیناری بۆ مەسرەفی کۆنگرە پێ بەخشیوین. زۆر سوپاس بارزانی .