
هەموو چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی ساڵانەی دەستەی یەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتییە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گفتوگۆیەکی بەرفراوان لەسەر هێنانەکایەی گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان کە دەکرێت پێش دەستپێکردنی مۆندیالی 2026 جێبەجێ بکرێن.
بەپێی ڕاپۆرتێکی بی بی سی، فیفا تاوتوێی پێشنیازێک دەکات کە پێویستە ئەو یاریزانانەی لە یاریگادا چارەسەر وەردەگرن لانیکەم بۆ ماوەی یەک خولەک لە دەرەوەی یاریگا بمێننەوە.
هەندێک خول پێشتر ڕێنماییەکانی کاتیان جێبەجێکردووە، وەک خولی نایابی ئینگلیزی، یاسای 30 چرکەی پەسەند کرد، هاوکات فیفا لە جامی عەرەبی ئەم دواییەدا یاسایەکی دوو خولەکی تاقیکردەوە، بهڵام ئهم یاساییه گۆڵپارێزەکان ناگرێتهوه.
پێشنیازێکی دیکە کە لەبەرچاو دەگیرێت بریتییە لە جێبەجێکردنی سیستەمێكی دیكه، هاوشێوەی یاسای هەشت چرکە بۆ گۆڵپارێزەکان، ئهویش بۆ لێدانی گۆڵ و ههڵدانی تۆپ، ئەگەر کاتێکی دیاریکراو تێپەڕێنرا، ئەوا تۆپەکە دەدرێته تیپی بەرامبەر.
هەروەها پێشنیازەکە بریتییە لە سەپاندنی ماوەی 10 چرکە بەسەر یاریزانە یەدەگەکان بۆ ئەوەی یاریگا بەجێبهێڵن، ئەگەر کاتەکەی تێپەڕێندرا، ئەوا یاریزانە یەدەگەکە ڕێگری لێدەکرێت لە چوونە ناو یاریگا، هەروەها تیپەکە ناچار دەبێت لەگەڵ 10 یاریزان یاری بکات تا وەستانی فەرمیی داهاتوو دوای تێپەڕبوونی لانیکەم 60 چرکە.
بڕیارە دەسەڵاتەکانی یاریدەدەری ناوبژیوانی ڤیدیۆیی (VAR) فراوانتر بکرێت و پێداچوونەوە بە بڕیارەکانی کارتی زەردی دووەمدا بگرێتەوە ئەگەر فۆڵێک سەلمێنرا، ئەمە جگە لەوەی ئەگەری جێبەجێکردنی پێداچوونەوەی زیاتر لە هەندێک پێشبڕکێدا هەیە.