سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند: “بەهۆی ئەو دەنگۆ و مشتومڕانەی لەبارەی ئەگەری هاوردەکردنی جۆرێک دەرمانی تایبەت بە پەلەوەر بۆ ناو هەرێمی کوردستان بۆ بەکارهێنانی لە کێڵگەکانی بەخێوکردنی پەلەوەر، هاتوونەتە ئارا، بە بڕیاری مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لێژنەیەکی تایبەت بۆ ئەو بابەتە پێک هێنرا.”

ئەو سەرچاوەیەی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەشی بەوە داوە: “لێژنەکە بە زووترین کات دەست بەکاری خۆیان دەکەن و لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی هاووەڵاتییان و بەرهەمی ناوخۆ، بە وردی لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکەن.”

روونیش کراوەتەوە: “سەرۆکوەزیران جەختی کردووەتەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی تەواو  لە بەروبووم و بەرهەمی ناوخۆیی دەکات، لە هەمان کاتدا پاراستنی سەلامەتیی هاووەڵاتیان و ئاسایشی ئابووری، ئەرکی لەپێشینەی  حکوومەتە و چاوپۆشی لە هیچ سەرپێچییەک ناکرێت.”