سهرهتا وتار قەیرانی مووچەی كوردستان.. سیاسەتی برسیکردن و قۆڵبادان و گوشارە لەسەر بژێوی ژیانی...
كیفاح مەحمود
هیچ شتێك بۆ سەر كۆمەڵەكان لەوە مەترسیدارتر نییە، بژێوی بۆ ئامرازی دانوستان بگۆڕدرێت؛ چونكە كاتێك مووچە دوادەخرێت، یان شایستە داراییەكان بلۆك دەكرێن، لەبەردەم ڕێكارە داراییەكاندا نابین، ئەوەندەی لەبەردەم ئابڵۆقەیەكی ئابووریی دەمامكداردا دەبین: گوشارێكی سیاسی بە ڕووگەیەكی كارگێڕی، قۆڵبادانێكی بژێوی، كە مەبەست لێی شڵەژاندنی خەڵك، نەهێشتنی متمانە و بڵاوكردنەوەی پشێوییە لە دەروازەی پێویستییەوە.
لە هەرێمی كوردستاندا، ئەم نموونەیە زۆر بەزەقی دیارە: مووچەی زیاتر لە ملیۆنێك فەرمانبەر، كە بە شێوەیەكی كردەیی، ژیانی زیاتر لە سێ ملیۆن و نیو كەس، وەكوو تێكڕای خێزان، بە دواخستن، یان بڕین، یان ڕاگرتن لە گەروویانەوە گیراوە. كاتێكیش مووچە دەبێتە (دوگمەیەك) بە دەستی سیاسەتەوە، سزاكە تەنها فەرمانبەر ناگرێتەوە، بەڵكو تەواوی بازاڕ دەگرێتەوە: بەكاربردن سست دەبێت، قەرزە بچووكەكان پەكیان دەكەوێت، كرێی خانوو دوادەكەوێت و پاڵیش بە خێزانەكانەوە دەنێت، پەنا بۆ قەرزكردن و فرۆشتنی كەلوپەلەكانیان ببەن. ئینجا داوایان لێ دەكرێت، چەپڵە بۆ وتارەكانی یەکڕیزی و پێكەوەژیانی نێوانیان لێ بدەن، لە كاتێكدا یەکڕیزیی ژیانی ڕۆژانەیان لە وردەكارییەكانی نان، دەرمان و قیستی قوتابخانەكاندا هەڵدەوەشێنرێتەوە.
لەبەر ئەوەی یادگەی عێراق قورسە، بەراوردكردن بەتوندی ئامادەیە؛ لە ساڵانی نەوەددا، سزای نێودەوڵەتیی توند بەسەر عێراقدا سەپێنرا، كە كارەساتی كۆمەڵایەتی و ئابووریی گەورەی لێكەوتەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش ناچار بوو، پڕۆژەی (نەوت بەرامبەر خۆراك و دەرمان) بۆ كەمكردنەوەی داڕمانی بژێوی خەڵك دابهێنێت. ئەو كات كوردستان دوو ئابڵۆقەی لەسەر بوو: یەكەمیان چونكە بەشێك بوو لەو عێراقەی سزاکان دەیگرتەوە، دووەمیشیان ئابڵۆقەیەكی ناوخۆیی توند، لەلایەن ڕژێمی سەرۆك سەددام حسێنەوە بوو، كە دەیویست هەرێم لە ڕێگەی خنكاندنی ئابوورییەوە، ملكەچ بكات، دوای ئەوەی نەیتوانی لە ڕووی سیاسییەوە، ملكەچی بكات. ئابڵۆقەكان خەڵكیان هەژار كرد، بەڵام ویستیانی نەشكاند، بەهای سەربەخۆی خۆماڵی، دامەزراوەكان و ناسنامەی سیاسیی بەدیهاتوویشی، نەكوژاندەوە.
كەچی ئێستاكە چینێكی توندتری زیاد كردووە: بە جۆرێك كە قۆڵبادانی بژێوی، تەنها ململانێیەكی دارایی نییە، بەڵكو لە ناوەڕۆكیدا لەسەر گەشە و هەژموونی تەوژمە ڕادیكاڵ و میلیشیاییەكانەوە دەلەوەڕێت، كە بەكردەنی نە باوەڕیان بە سیستەمی فیدراڵی و نە بە گیانی دیموكراسییەوە هەەیە، هەر ئەزموونێكی سەركەوتووی دەرەوەی دەسەڵاتی خۆیشیان، بە هەڕەشەیەك دەبینن، كە دەبێت بچووك بكرێتەوە، نەك وەك هاوبەشێك، كە دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت. بۆیە مووچە بووەتە كارتێكی گوشار، بژێوی خەڵكیش بووەتە بەشێك لە شەڕی شكاندنی ویستەكان، نەك بەڕێوەبردنی دەوڵەت.
كارەكە تەنها لەسەر نەدان یان دواخستنی مووچە نەوەستاوە، بەڵكو بۆ بەكارهێنانی توندوتیژی، بۆ پەكخستنی چەرخی گەشەسەندن لە هەرێمیش درێژ بووەتەوە: بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووریی هەستیار، وەكوو چاڵە نەوت و غازەكان، دەروازە بژوێنەكان و تەنانەت فڕۆكەخانەكانیش، لە ڕێگەی نامەی ئاگرینەوە، كە دەیانەوێت بە وەبەرهێنەر و هاووڵاتی پێكەوە بڵێن: لێرە ئارامی نییە و هیچ داهاتوویەكیش لە دەرەوەی گوێڕایەڵی ئێمەدا نییە!
بەم شێوەیە قۆڵبادانەكە تەواو دەبێت: خنكاندنی مووچە لە لایەك و هەڕەشەكردن لە ئابووری، لە لایەكی ترەوە، بە یەك ئامانج كە ئەویش، خاوكردنەوەی گەشەكردن و گەڕاندنەوەی كۆمەڵە بۆ خاڵی شەكەتیی هەمیشەیی، مەترسیدارترین شتیش ئەوەیە، ئەم شێوازە لە قووڵاییەوە زەبر لە چینی ناوەڕاست دەوەشێنێت: ئەو فەرمانبەرەی كە كۆڵەگەی سەقامگیریی كۆمەڵایەتی بوو، دەبێتە قەرزوەرگرێكی هەمیشەیی؛ بازرگانی بچووك سووڕی نەختینەیی خۆی لەدەست دەدات؛ گەنجانیش، بێئومێدی بەرەو كۆچكردن، یان پەنابردنە بەر بازاڕی ڕەش، پاڵیان پێوە دەنێت، هەر مانگێكیش مووچە دوا بكەوێت، بەهاكەی بە شێوەیەكی كردەیی كەم دەبێتەوە و تێچووی ژیانیش زیاد دەبێت، بەمەش متمانەی هاووڵاتی بە دەوڵەت و بە سوودی خودی سیاسەتەوە نامێنێت و دامەزراوەكانیش، دەبنە ڕووگەی بێدەسەڵات، كەچی دەسەڵاتی ئەو كەسانە گەورە دەبێت، كە كلیلەكانی خەرجكردنیان لەدەستە، نەك كلیلەكانی چارەسەری.
لەگەڵ ئەوەشدا، وانەكانی ئابڵۆقەی كۆن و نوێ یەك شتە: برسیكردنی خەڵك، دەوڵەت دروست ناكات، بەڵكو لە ناوەوە دەیتەقێنێتەوە، مووچە نە منەت، نە دەستكەوتی جەنگ و نە ئامرازی دانوستانە، بەڵكو مافێكی یاسایی و ڕەوشتییە، ئەوی ئەمڕۆكەیش سیاسەتی بڕینی ڕۆزی خەڵك پەیڕەو بكات، بەیانی دەوڵەتێكی كەمتر سەقامگیر، كۆمەڵێكی كەم متمانە و وڵاتێك دەدروێتەوە، كە پشێوی زیاتر لە نەیارەكانی، برستی لێ دەبڕن؛ چ لە بەغدا بێت یان لە هەولێر، سلێمانی و دهۆكدا.
و: ڕەمزی میرەكانی