ڕێباز ئیسماعیل بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر
خەبات: دانا بۆتانی:- خواردنی گۆشتی ماسی، جگە لە لایەنە تەندروستییەکەی کە سوودێکی ئێجگار زۆری هەیە و سەرچاوەیەکی باشی پڕۆتین و ڤیتامیناتە، بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگیش بۆ بووژانەوەی ئابووریی وڵات. وەک ڕۆژنامەی خەبات، بەدواداچوون بۆ ئەم سامانە نیشتمانییە دەکەین و ئەم پرسیارانە دەورووژێنین: مەرجەکانی بەخێوکردنی ماسی چین؟ حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا چەند هاوکارە بۆ پێشخستنی سامانی ماسی؟ ئایا گەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێوی؟ هەروەها ڕۆڵی بەنداوەکانی کوردستان بۆ بووژانەوەی سامانی ماسی چۆن هەڵدەسەنگێندرێت؟ ڕێباز ئیسماعیل بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، وەڵامی پرسیارەكانی (خەبات) دەداتەوە:
* چۆن دەڕوانیتە سامانی ماسی لە ئێستادا؟
– پێم وایە سامانی ماسی ڕۆژبەڕۆژ لە گەشەکردندایە. ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە؛ یەکەم، حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تەواوی بەم سامانە داوە و ئاسانکاری بۆ خاوەن پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی دەکات، تاوەکوو ئەم سامانە بەتەواوی ببووژێتەوە و پێداویستیی ناوخۆش لە گۆشتی ماسی پڕ بکرێتەوە. دووەم، ئاستی داواکاریی خەڵک بۆ بەکارهێنانی گۆشتی ماسی لە جێی گۆشتی سوور بەردەوام لە زیادبووندایە، چونکە هەم تەندروستە و هەمیش سەرچاوەی پڕۆتین و ڤیتامینەکانە. لە ئێستاشدا خواردنی گۆشتی ماسی بووەتە کلتوور و زۆربەی خەڵک هۆشیارە و لە جێی گۆشتی سوور ماسی دەخوات. ئەم هۆکارانەش وایان کردووە خواست لەسەر سامانی ماسی زۆر بێت و حکوومەتیش ئاسانکارییان بۆ بکات.
* کێن ئەوانەی دەتوانن ببنە خاوەنی مۆڵەتی بەخێوکردنی ماسی لە کوردستاندا؟
– هەموو کەسێک کە تەمەنی هەژدە ساڵی تەواو کردبێت و فەرمانبەری حکوومی نەبێت، مافی خۆیەتی داوای مۆڵەت بکات بۆ کردنەوەی پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی، ئەمەش لە ژێر ڕێنمایی ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢١ کە تایبەتە بە وەرگرتنی مۆڵەت. لە ئێستادا لە سنووری هەولێر زیاتر لە ١٠ جۆر ماسیمان هەیە، بەڵام خواستی خەڵک زیاتر لەسەر ماسی کارپە بۆ خواردن، پاشان سلڤەر و دواتریش سەلەموون. بۆیە زۆربەی پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی، لە جۆری ماسیی کارپن کە ژمارەیان دەگاتە ١٨٤ مۆڵەتی فەرمی. ئەم پڕۆژانە لەسەر ڕووبەری ٥٠٥.٣٥ دۆنم زەوی دروست کراون و ٤٤٩ حەوزی ماسی لەخۆ دەگرن. هاوکات سەدان حەوزی ماسیی بێمۆڵەتیش هەن کە گرفتێکی گەورەن و پێویستە چارەسەر بکرێن. حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکارییان بۆ دەکات تا بە شێوەیەکی فەرمی مۆڵەت دەربهێنن و پڕۆژەکانیان بەڕێوە ببەن.
* ئەو کێشە و گرفتانە چین کە ڕووبەڕووی بەخێوکەرانی ماسی دەبنەوە؟
– دوو جۆر گرفتمان هەیە کە بەرۆکی خاوەن پڕۆژەکانی گرتووە. جۆرێکیان دەستکردە، وەک ئەو پڕۆژە بێمۆڵەتانەی کە زۆر نزیکن لە یەکەوە و زۆر جار دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی ماسی، بەتایبەت کەڕووی ماسی، کە بەداخەوە ساڵانە بە سەدان تەن ماسی لەناو دەبات. بەشێکی دیکەی گرفتەکان ڕووداوی سروشتین. بۆ نموونە، تەنیا لە لافاوەکانی ئەمساڵدا لە سنووری هەولێر ٢٢٥ حەوز بەر لافاو کەوتن و لە ناوچەی تەق تەق و دەوروبەری، نزیکەی ٧٠٠ هەزار ماسیی گەورە و بچووک لەناو چوون. بۆ ڕێگریکردن لەم کارەساتانە، پێویستە خاوەن پڕۆژەکان زیاتر پابەندی ڕێنماییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بن، تا خۆیان و سامانەکانیان پارێزراو بن.
* گرنگیی بەنداوەکان بۆ بووژانەوەی سامانی ماسی چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
– بەنداوەکانی کوردستان، جگە لەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی دەبووژێننەوە، بوونەتە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی ئاو و بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ و سامانی ماسی. بۆ نموونە، پێشتر شاری هەولێر ساڵانە پێویستیی بە ٥٨٠٠ تەن گۆشتی ماسی هەبوو، بەڵام نەماندەتوانی ٢٠٪ـی ئەو ڕێژەیەش دابین بکەین. بۆیە بەردەوام داواکاریی زۆری لەسەر بوو و نرخەکەشی دوو هێندەی ئێستا بوو کە نزیکەی ٤٥٠٠ دینارە. بەڵام ئێستا گەیشتووینەتە ئاستی بەرهەمهێنانی ئەو ڕێژەیە و بەشێکیشی هەناردە دەکەین. دڵنیام دوای گەورەبوونی ئەو پەنجەماسیانەی لە بەنداوەکاندا بەردراونەتەوە و سوودوەرگرتن لەم سامانە لەبننەهاتووە، هەرێمی کوردستان دەبێتە گەورەترین هەناردەکاری ماسی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکەش. ئەمەش پلانی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.
* حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا چەند هاوکارە بۆ خاوەن پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی؟
ڕێباز ئیسماعیل: سەرەڕای ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام بەردەوامە لە پاڵپشتیی خاوەن پڕۆژەکانی ماسی و هانیان دەدات بۆ دروستکردنی پڕۆژەی داخراو (قەفەس)، تاوەکوو لە کەمترین ڕووبەردا زۆرترین بەرهەم بەدەست بهێنن. بۆ نموونە، لە حەوزێکی ١٠٠ مەتریدا دەتوانرێت زیاتر لە ٢٠٠٠ ماسی بۆ هەموو وەرزەکان بەرهەم بهێنرێت، لە کاتێکدا لە حەوزێکی ئاساییدا پێویستت بە ٣ دۆنم زەوی دەبێت بۆ هەمان بەرهەم. جگە لەمانە، کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ خاوەن پڕۆژەکان دابین کراوە بە نرخی کشتوکاڵی، کە نرخی هەر کیلۆواتێک ٦٠ دینارە و زۆر جیاوازە لە نرخی بازرگانی. هەروەها باج لەسەر هاوردەکردنی ماددە سەرەکییەکانی وەک سۆیا و پێداویستییەکانی دیکەی عەلەفی ماسی وەرناگیرێت. ئەمەش وا دەکات خاوەن پڕۆژەکان بەرهەمیان زۆر بێت و تووشی زیان نەبن. حکوومەت بازاڕی بەردەوامیشیان بۆ دەدۆزێتەوە. هەموو ئەمانە لە پێناوی بووژانەوەی ئابووریی وڵات و ڕەخساندنی هەلی کارە بۆ گەنجەکانمان. لە ئێستادا هەزاران هەلی کار لە پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی فەراهەم کراون، کە بوونەتە خێر و بەرەکەت بۆ خاوەنکار و کرێکارەکانیان.
