شێخ ستار عەواڵانی
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن تەنها کۆبونەوەی ساڵانەی سەرکردەکان نییە، بەڵکو گەورەترین و گرنگترین سەکۆی بڕیاری جیهانییە. لە ناو ئەم کۆڕبەندە سیاسییەدا کە پڕە لە سەرۆک کۆماری وڵاتان، سەرۆک وەزیران و وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی وڵاتانی زلهێز، ئامادەبوونی بەردەوام و کاریگەری ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک کەسایەتییەکی دەوڵەتمەدار، ڕەهەندێکی ستراتیژیی قووڵ بە پێگەی هەرێمی کوردستان دەبەخشێت، ئەم بەشدارییە نیشانەی ئەوەیە کە کورد چیتر تەنها کارەکتەرێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو بەشێکی سەرەکییە لە نەخشەی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەیی.
ئەوەی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی لەم جۆرە کۆڕبەندە جیهانییانەدا لە سەرکردەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، تەنها ناسنامە فەرمییەکەی نییە وەک سەرۆکی هەرێم، بەڵکو ئەو “سەرمایە سیاسیی و متمانە کەسییەیە، کە لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا بە حیكمەت و دانایی خۆی کۆیکردۆەتەوە، ئەو لە میونشن وەک هاوبەشێکی جێی متمانە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ئەم متمانەیە بەرهەمی ساڵانێکی دوور و درێژن لە سیاسەتی میانڕەوانە و دووربینانەی ئەوەوە، کە توانیویەتی هەرێمی کوردستان لە ناو گێژاوە تووندەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە سەلامەتی بهێڵێتەوە.
کاتێک ڕيزدار نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی جیهان دادەنیشێت، گفتوگۆکان لە ئاستی ناساندنی سەرەتایی تێپەڕیوە و چووەتە قۆناغی بڕیاردانی هاوبەش. ئەمە نیشانەی ئەوەیە، کە جیهان نێچیرڤان بارزانی وەک “زمانێکی تێگەیشتن” و “پردێکی متمانە” دەبینێت، کە دەتوانێت گرێکوێرە سیاسییەکان بکاتەوە، نێچیرڤان بارزانی لە کارنامە سیاسییەکەیدا بڕوایەکی تەواوی بە “دبۆماسییەتی نەرم” و زمانی دیالۆگ هەیە. ئەو لە میونشن توانیویەتی سێگۆشەیەکی زێڕین لە نێوان هەولێر، بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست بکات کە پارێزگاری لە مانەوەی قەوارەی هەرێم دەکات. گرنگیی ئەم دیدارانە لە چەند ڕەهەندێکی ستراتیژیدا کورت دەبنەوە:
یەکێک لە دەستکەوتە گەورەکانی ئەم سەردانانە، کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە. کاتێک پرسی بودجە، مووچە و هەناردەی نەوت لە کۆبوونەوە لووتکەکاندا باس دەکرێت، چیتر ئەمانە تەنها کێشەی تەکنیکی ناوخۆیی نین، بەڵکو دەبنە بایەخی وڵاتانی بڕیاربەدەست. راستە ئەمە فشارێکی ناڕاستەوخۆیە، بەڵام کاریگەری لەسەر حکومەتی ناوەندی دروست دەکات تاوەکو لە چوارچێوەی دەستووردا مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات، چونکە جیهان چاوی لەسەر سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە. لە دیدارەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی و وەزیرانی بەرگری وڵاتانی هاوپەیمان، سەرۆکی هەرێم جەخت لەوە دەکاتەوە، کە پاراستنی هەرێم و پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە، گەرەنتییە بۆ دووبارە سەرهەڵنەدانەوەی داعش و گرووپە توندڕەوەکان. ئەم ڕوانگەیە وای کردووە، کە هاوکارییە سەربازی و لۆجستییەکان بۆ هەرێم بەردەوام بن و پێگەی پێشمەرگە وەک “هاوبەشێک لە شەڕی دژی تیرۆر “ بمێنێتەوە. هەروەها کاتێک ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی لە میونشن وەک نوێنەری ناوچەیەک دەردەکەوێت، کە دەتوانێت بەشێک بێت لە چارەسەری وزە بۆ ئەوروپا و جیهان، ئەم ڕەهەندە ئابوورییەی دبلۆماسییەی سەرۆک، وای کردووە کۆمپانیا گەورەکانی جیهان و حکوومەتەکان بە بایەخەوە لە هەرێمی کوردستان بڕوانن.
دبلۆماسییەتی نێچیرڤان بارزانی
لە ڕوانگەیەکی سیاسیانەوە، مۆدێلێکی نوێی لە دبلۆماسییەتی جیهانی پێشکەش کردووە، کە پێی دەوترێت “دبلۆماسییەتی قەوارە نافیدراڵییەکان”. ئەو سەلماندوویەتی، کە دەکرێت بەبێ هەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی تەواو وەک کارەکتەرێکی کاریگەر و خاوەن بڕیار لە لووتکەی کۆڕبەندە جیهانییەکاندا مامەڵە بکرێت. ئەمە نیشانەی تێگەیشتنێکی قووڵە بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان و چۆنیەتی بەکارهێنانی “هێزی نەرم” بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی.
سەرۆکی هەرێم لە میونشن تەنها نوێنەرایەتی لایەنێکی سیاسی یان نەتەوەیەک ناکات، بەڵکو وەک پارێزەری نموونەی “پێکەوەژیانی ئاشتییانە” دەردەکەوێت. ئەو لە کۆبونەوە و دیدارەکانیدا هەمیشە تیشک دەخاتە سەر مافی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان (مەسیحی، ئێزدی، تورکمان و ئەرمەن) لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش وای کردووە جیهانی ڕۆژئاوا هەرێم وەک “نموونەیەکی دیموکراسی “ لە ناوچەیەکی پڕ لە توندڕەویدا ببینێت.
دوورکەوتنەوە لە جەمسەربەندی
یەکێکی دیکە لە خاڵە بەهێزەکانی نێچیرڤان بارزانی، کە لە میونشن ڕەنگ دەداتەوە، خۆلادانە لە جەمسەربەندی و لایەنگیری. ئەو توانیویەتی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا لە لایەک، و وڵاتانی دراوسێ ( تورکیا و ئێران) لە لایەکی دیکە بپارێزێت. ئەم سیاسەتیی “بێلایەنییە ئەرێنییە” وای کردووە، کە هەرێمی کوردستان نەبێتە گۆڕەپانی ململانێی وڵاتان. ئەم لێهاتووییە وای کردووە، کە سەرۆکی هەرێم ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی لە ناوخۆی عێراقیشدا وەک کەسایەتییەک ببینرێت، کە هەموو لایەنە شیعە، سوننە و کوردەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆبکاتەوە.
میونشن وەک قەڵغانێکی سیاسی
بەشدارییەکانی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، تەنها گەشتێکی دبلۆماسی و پڕۆتۆکۆڵی نییە، بەڵکو بۆ چەسپاندنی پایەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە ناو گۆڕانکارییە خێراکانی جیهاندا. هەر دیدارێک، خشتێکی دیکە دەخاتە سەر دیواری پاراستنی هەرێم و ڕێگری دەکات لەوەی، کە هەرێم لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا پەراوێز بخرێت. “هەرێمی کوردستان هەمیشە وەک فاکتەری ئاشتی، سەقامگیری و چارەسەر دەمێنێتەوە.” ئەمە ئەو ناسنامە نوێیەیە کە سەرۆکی هەرێم بۆ کورد لە جیهاندا دروستی کردووە؛ ناسنامەی نەتەوەیەک، کە دەیەوێت لە ڕێگەی دبلۆماسییەت و لێبوردەییەوە شوێنی خۆی لە ناو کاروانی شارستانییەتدا بکاتەوە.