خه‌بات – حەمە هاشم:- ئەو پیاوەی کە هەمیشە دەینووسی (ئەگەر گوڵ نیت، دڕکیش مەبە)، خۆی وەک گوڵێکی کێوی لە پەراوێزی ژیاندا ژاکا. ژیانێکی سەخت، جەستەیەکی ماندوو و دەستێکی پڕ لە ڕەنگ، کە دواجار تەنیا یادەوەرییەکی شیرینی بۆ خەڵکی هەولێر جێهێشت” ئەو وەک هەزاران هونەرمەندی خۆڕسکی دیکە، لە پەراوێزی ژیاندا بوو. نە میدیا گەورەکان ناسییان و نە دەزگە ڕۆشنبیرییەکان ئاوڕیان لێ دایەوە. شیت مەخمووری (دار و دیواری هەولێری نووسیبوو)، بەڵام خۆی لە ژیانێکی زۆر سادە و پڕ لە کوێرەوەریدا دەژیا.

شیت مەخموری، وەک زۆر لە خۆشنووسەكانی دی، کاتی ئەوەی نەبوو ساڵانێکی زۆر تەرخان بکات بۆ وردەکاریی تاقەتپڕوکێنی ڕێساکانی خۆشنووسی – ئەو دەبوو بنووسێت بۆ ئەوەی بژی. فڵچەکەی تەنیا ئامرازێکی هونەری نەبوو، بەڵکو تاکە هۆکاری ڕاگرتنی ژیانی خێزانەکەی بوو، شیت مەخموری، ڕۆیشت، بە یەکجاری ئۆغری کرد، بەڵام چیرۆکی ژیانە سەختەکەی، گەورەترین تابلۆ بوو، لە مۆزەخانەی یادەوەریماندا.
یادت بۆ هەمیشە لە بیرەوەرییەکانماندا ڕۆشن بمێنێتەوە.