خەبات – عەلی بانیشاری
بەهۆی زۆری تاسە و چاڵوچۆڵی تێیدا ڕێگای گردی گۆ – هەورامان بە خراپترین ڕێگاوبانەكانی پارێزگای هەڵەبجە هەژمار دەكرێت. زۆرینەی كات لە وەرزی گەشتوگوزاردا ئاستەنگی هاتووچۆ لەسەر ڕێگاكە دروست دەبێت، بەوهۆیەوە شۆفێر نزیكەی دوو كاتژمێری پێویستە تاوەكو ئەو ڕێگایە ببڕێت كە درێژییەكەی تەنیا 32 كیلۆمەترە. یەكسایدی ڕێگاكە و زۆری چاڵ و تاسەكان بوونەتە هۆی ئەوەی ساڵانە چەندین كەس لەسەر ڕێگاكە ببنە قوربانی ڕووداوەكانی هاتوچۆ. بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی هەڵەبجە دەڵێت: جگەلە نۆژەنكردنەوەی تەواوی ڕێگاكە، بەشێكیشی دەكەینە جووتساید.
بەختیار ئاغا وەیس، بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی هەڵەبجە بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: ڕێگای نێوان سێ ڕیانی گردی گۆ تاوەكو شارۆچكەی خورماڵ كە درێژییەكەی شەش كیلۆمەترە دەكرێت بە جووتساید. گوتیشی: ڕەزامەندیی لەسەر تەرخانكردنی بڕی هەشت ملیار دینار بۆ جووتسایدكردنی ڕێگاكە دراوە و دیزانی پڕۆژەكەمان ناردووە و چاوەڕێی ئەوەین تەندەرینی بۆ بكرێت و دەست بە كاركردن لە ڕێگاكە بكرێت.
ڕێگای (گردی گۆ – خورماڵ) ڕێگایەكی یەكسایدە و لە ساڵی 2004 لەلایەن كۆمپانیای زاگرۆس دروستكراوە. لە 22 ساڵی ڕابردوودا چەند جارێك نۆژەنكراوەتەوە. بەهۆی ئەوەی هاتووچۆیەكی زۆری لەسەرە و ساڵانە هەزاران گەشتیار لەو ڕێگایەوە دەگەنە هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا و هەورامان دەیان چاڵی گەورەی تێدا دروستبووە.
ڕێگای (گردی گۆ – خورماڵ) یەكێكە لەو ڕێگایانەی سنووری پارێزگای هەڵەبجە كە لە 22 ساڵی ڕابردوودا زۆرترین ڕووداوی هاتووچۆی تێدا دروستبووە. بەوتەی شۆفێران، ڕێگاكە كەڵكی هاتووچۆكردنی نەماوە.
بەختیار ئاغا وەیس دەڵێت: پلانمان هەیە جگەلە ڕێگای (گردی گۆ – خورماڵ)، (خورماڵ – بیارە)ش بكەینە جووتساید. دەشڵێت: ڕێگاكە تیوئاڕی بۆ كراوە و ڕەزامەندیی گەڕاوەتەوە، ئەوەندەی ماوە بانگەوازی بۆ تەندەرەكە بكرێت و بەڵێندەر وەریبگرێت و دیزانی ڕێگاكە بكات بۆ ئەوەی بزانین تێچووی پڕۆژەكە چەندە.
ڕێگای نێوان شارۆچكەی (خورماڵ – بیارە) ڕێگایەكی یەكسایدە و درێژییەكەی 13 كیلۆمەترە. ساڵانە چەندین كەس بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوە لەسەر ڕێگاكە گیانلەدەستدەدەن. خێرایی لێخوڕین لەسەر ڕێگای (گردی گۆ – خورماڵ)، (خورماڵ – بیارە) 80 كیلۆمەترە لە كاتژمێرێكدا، لە ئێستادا شۆفێر بە زیاتر لە 30 خولەك دەتوانێت ئەو ڕێگاكە ببڕێت كە 19 كیلۆمەتر درێژییەكەیەتی، بەڵام لەگەڵ بە جووتسایدكردنی ڕێگاكە بۆ 20 خولەك كەم دەبێتەوە.
بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی هەڵەبجە ڕاشیگەیاند: لەسەر بودجەی ئاسایی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕی 500 ملیۆن دینار و لەسەر بودجەی گەشەپێدانی هەرێمەكان لە پارێزگای هەڵەبجە بڕی 500 ملیۆن دیناری دیكە، واتە بڕی یەك ملیار دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی ڕێگای (خورماڵ – تەوێڵە) تەرخانكراوە.
زیاتر گوتی: بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا وەرزی سەرمایە و كارگەكانی دروستكردنی قیر كارناكەن، 40 دانە كیسی قیری ساردمان بە بڕی ملیۆنێك دینار كڕیووە بۆ ئەوەی ئەو چاڵانەی گەورەن لەسەر ڕێگای (خورماڵ – تەوێڵە) و ڕووداوی هاتووچۆ دروست دەكەن تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیمان پڕی بكەنەوە، لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین دەست بە نۆژەنكردنەوەی ڕێگاكە دەكەین و بە قیری گەرم چارەسەری چاڵەكان دەكەین.
ئەختیار ئاغا وەیس ئاماژەی بەوەشدا، پلانیان هەیە هەر لە ماوەی ئەمساڵدا ئەگەر بودجە تەرخان بكرێت ڕێگای مەرزی سازانیش لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بكەن بە جووتساید. بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی هەڵەبجە ئەوەشی گوت: بەهۆی بارودۆخی داراییەوە ئەو پڕۆژانەی بۆ سەرەوەی خۆیانی دەنێرن كاتێكی زۆری دەوێت تا ڕەزامەندییان دەگەڕێتەوە.