ڕۆژی جیهانیی زمانی دایك؛ ڕۆژی ناسنامە و دەنگ و کولتووری میللەتانە

130

محەمەد ئیبراهيم شەريف
ڕۆژی جیهانی زمانی دایك هەموو ساڵێك لە ٢١ی شوباتدا بە ڕێز و شکۆوە یادی لێ دەکرێت كه ئەم ڕۆژە بە پێشنیاری ڕێکخراوی UNESCO دامەزراوە بۆ ئەوەی گرنگی زمانە دایکەکان و پاراستنیان بخرێتە ڕوو ئەم بۆنە جیهانییە تەنها یادی زمان نییە ، بەڵکو یادکردنەوەی ناسنامەو مێژوو و کەلتووری گەلانە کە لە ڕێگەی زمانەکانیانەوە ماونەتەوە .
زمانی دایك بنەمای یەکەمین پەیوەندی مرۆڤە بە ژیان و کۆمەڵگە منداڵ لە ڕێگەی زمانی دایکەوە فێری بیرکردنەوەو هەستکردن و تێگەیشتن لە جیهان دەبێت زانستی زمانەوانی دەرخستووە کە منداڵانی فێربووی زمانی دایك بە باشی توانای فێربوونی زمانەکانی دیکەشیان زیاتر دەبێت چونکە بناغەی هزريان پتەوترە.
لە جیهاندا هەزاران زمان هەيه ، بەڵام زۆریان لە مەترسی لەنێوچوون دان . کاتێك زمانێك لەنێو دەچێت، تەنها وشەکان نامێنن ، بەڵکو گەنجینەیەکی تەواوی زانست و چیرۆك و فۆلکلۆر و بیرکردنەوەی نەتەوەیەك لەناو دەچێت . بۆیە پاراستنی زمانی دایك بەرپرسیارێتی هەمووانەحکومەت و خوێندنگەو خێزان و تاك.
لە کوردستان و ناوچەکانی دیکەش، زمانی دایك هێمای بوون و بەردەوامیی گەلە پێویستە کار بکرێت بۆ بەهێزکردنی خوێندن بە زمانی دایك و چاپکردنی کتێب و بەرهەمهێنانی بەرنامەی ڕاگەیاندن و پشتگیری نووسەران و هونەرمەندان، چونکە زمان بە بەکارهێنان دەژی و بە پشتگوێخستن دەمرێت.
بۆیە ڕۆژی جیهانی زمانی دایك یادەوەرییەکە بۆ ئەوەی بزانین زمان تەنها ئامرازێکی قسەکردن نییە ، بەڵکو ڕووحی نەتەوەیە هەر کەسێكيش زمانی دایکەکەی بپارێزێت، بەراستی بەشداری لە پاراستنی کەلتوور و مێژووی مرۆڤایەتی دەکات.