سەدیق سەعید ڕواندزی
ئایا كوردبوون لەوچركەساتە دایە، كە تیایدا شەقام بە هاوهەڵوێستی و یەك گوتاری لە بەرانبەر مەترسییەك لە سەر بوون و ناسنامە دەریدەبڕێت؛ یان دەبێ كوردبوون، وەك بوونێكی ئەنتۆلۆژییانەی ژیان و حەتمیەتێكی مێژوویی ببینین؟، كە بەردەوام دەبێ لە كۆنەستی میللی و هزری تاكەكان دابێت و دەبێ هەمیشە لە بارودۆخە ئاساییەكانیشدا، هەست بكەین كوردبوون بەشێكە لە بوونمان.
بێگومان شتێكی سروشتییە كاتێ نەتەوەیەك دەكەوێتە بەردەم هەڕەشەی سڕینەوە و نەمان، ئەوا كاردانەوەكانی گوتاری بەرەنگارییانە و گوزارشتكردن لە شوناسی بوون، توندتر و بەهێزتر دەبن و لێرەدا، جۆرێك لە هوشیاریی گشتی و ڕوحی بەرەنگارییانەی كۆمەڵی دروست دەبێت، وەك ئەوەی لە پەراوێزی شەڕی میلیشیا کانی حكومەتەکەی (شەڕع) بەرانبەر بە كوردانی خۆرئاوا بینیمان. ئەو مەترسییە، وەك مەترسییەكی لۆكاڵی نەبینرا، وەك ئەوەی هەڕەشە و مەترسییەك بیت بۆ سەر پارچەیەكی دیاریكراو، بەڵكو لە ئاستی یەك گوتاریی نەتەوەیی گوزارشتی لێكراو لە هەموو پارچەكانی كوردستان، شەقامی كوردی وروژا.
بێگومان ئێمە نەتەوەیەكین، دیفاكتۆیی سیاسی و جوگرافی و جیۆپۆلەتیكی و زەبری مێژوو، ناچاری كردووین لە گۆشەیەكی جوگرافی پڕ لە دوژمن و هزری شۆفێنیانە بژین، كە هەموو كات ئەم هزرە، مەترسییەكی گەورە و ڕاستەقینەیە لە سەر بوونمان، بۆیە ئەگەر لە بەرانبەردا گوتاریی بەرگرییانەی نەبێت، ئەوا بوونمان دەسڕنەوە. مەترسییەكانی ئەو ئەقڵە شۆفێنییە، هەر تەنها لە سەر شوناسی سیاسی و ناسنامەی نەتەوەیی ئێمە نییە، بەڵكو لە ئاستی فەرهەنگی و كولتووریی و كایەكانی دیكەی ژیانیشە، ئەم بارودۆخەش لۆژیكێك دەخوازێت كە ئێمە بەردەوام كوردبوون وەك بەشێك لە بوونمان ببینین، نەک تەنها ئەو كاتانەی مەترسییەك لە سەر ئەو بوونەمان دروست دەبێت. گوزارشتكردن لە كوردبوونمان، دەبێ لە ئایدیا و تێڕوانینمان، كایەی پەروەردەو فێركردن، ڕەهەندی كولتووریی و فەرهەنگی، ئایدیای سیاسی و كۆنەستی میللی كۆی كۆمەڵگە، ڕەنگبداتەوە. كوردبوون دەبێ وەك بوونێكی ئەنتۆلۆژیی و مێژوویی ، ببینین و بەردەوام ئەو هەست و تێگەیشتنەمان هەبێت، كە ئێمە كوردین گەر لە هەر بارودۆخێكی ئاسایی یان نائاسایی دابین، ئەوا دەبێ گوزارشت لەو شوناسە سیاسی و نەتەوەیەمان بكەین و وەك گوتار و هەڵوێستێكی هاوبەش ئەنالیزەی بكەین.
كوردبوون، هەستێك و كردەیەك نییە، لەگەڵ دروستبوونی مەترسییەك لە پارچەیەكی كوردستاندا، ڕاگوزەرانە بۆ چەند ڕۆژێك دەربكەوێت و نیشانی دنیای بدەین كە ئێمەش هەین، بەڵكو بوونمانە و هەر كاتێك، كوردبوون كەوتە بەر مەترسی، ئەوا كۆی نەتەوە لە بەردەم مەترسیدایە، بەڵام زۆرجار(هەندێک لە تاکەکان)؟! هەڵوێستی پێچەوانەی کوردبوون دەنوێنین و بە جۆرێك لە دوالیزمی سیاسییانە مامەڵە لەگەڵ كوردبوون دەكەن، ئەویش لە سۆنگەی ئەو تێگەیشتنە ئایدۆلۆژییەی لەدەرەوەی كوردبوون هەیانە؛ بۆ نموونە: دیارە زۆر لە ڕۆژنامەنووس و پەرلەمانتار و بە ناوچاودێری سیاسی و چاڵاكوانان ، پاڵپشتییەكی گەورەیان بۆ خۆرئاوا نواند و هەندێكیان لە ڕێگەی عەلاگەیەكی دەستییانەوە لە خۆرئاوا، بە بەخشینی شتی بێ بەها بەمنداڵان، خەڵكیان چەواشە دەكرد و فریودەدا، كە گوایا ئەوان هاوسۆز و پشتیوانی ئەزموونی خۆسەرین و تاكە تروسكایەك كە بۆ هەبوونی دەوڵەتی كوردی لە ئارادابێت!، ئەوا لە دەستی هەسەدەیە و ئەمانە لە خۆرئاوا، كوردستانییەكی عەیار بیست و چواربوون، كەچی لە باشوور بانگەشەی بە عێراقیكردنەوە دەكەن؟! و داوامان لێ دەكەن بچینەوە سەر بەغدا، چونكە چارەسەری هەموو كێشەیەكمان لای میلیشیاکانی بەغدایە؟!، لەکاتێکدا؛ ئەوەی لێرە هەمانە، نیمچە دەوڵەتێكی سەربەخۆیە و بەداخەوە ئەوەشی لە خۆرئاوا وەك ئیدارەی سەربەخۆ هەبوو، بوونی نەما.
كەواتا ئەم دوو ڕوویە سیاسییە چییە؟، تۆ لە پارچەیەك بانگەشەی دروستبوونی دەوڵەت بكەیت، كەچی لە باشوور، هەموو هەڵوێست و گوتاری میدیایی و سیاسیت، لە خزمەت دەوڵەتی نێوەند و ژێردەستەی شۆفێنیزم بە ڕەوا دەبینیت، كە لە ماوەی سەدو پێنچ ساڵ دامەزراندنی دەوڵەتی سەنتڕاڵیزمی عێراق، هەزار ئەوەندەی حكومەتی بەعس لە سوریا ستەمی بەرانبەر بە كورد كردووە. ئەم جۆرە تێگەیشتن و هەڵوێستانە، گوزارشت لە كوردایەتی ڕاستەقینە ناكەن، چونكە كوردبوون،هەر تەنها پەیوەست نییە بە پارچەیەكی دیاریكراوی كوردستانەوە، بە پێچەوانەوە كوردبوون، یەكەیەكی گرێدراوی ڕوحی و نەتەوەیی و جوگرافییە و كە دوژمنان لە بەرهەر هۆكارێكەوە بێت، ئەو یەكەیان لەیەكتری جیاكردۆتەوە، بۆیە ئەوانەی بڕوایان وایە،كوردایەتی تەنها لە خۆرئاوا یان باكوور هەیە، و ڕۆهەڵات و باشوور كوردایەتییان لێ ناكرێت.