عارف ڕوشدی
پێویستە بە وردی و هەستیارییەوە لە کردەوەکانی ئەم دواییەی بەغدا و هەڵوێستی هەندیك لە لایەنە کوردستانییەکان بڕوانین. حکوومەتی عێراق بە شێوەیەکی سیستەماتیک و بەرنامە بۆ داڕێژراو، گوشارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان چڕتر کردووەتەوە. ئەم گوشارانە چەندین ڕەهەندیان هەیە:
لە بواری ئابووری و داراییدا: بڕینی بودجە و بەکارهێنانی مووچەی فەرمانبەران وەک کارتی گوشار، کە تەنانەت لە کاتی ناردنیشیدا بە منەت و وەک مامەڵەکردن لەگەڵ هاووڵاتیی پلە دوو (دوای تەواوبوونی دابەشکردنی مووچەی هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق) ئەنجام دەدرێت. هاوکات، ڕێگری لە هەناردەکردنی بەرهەمی جووتیاران و پیشەوەرانی کوردستان دەکرێت، ئەگەر باج و سەرانەیەکی ناڕەوا (خاوە) نەدرێت، لەگەڵ چەسپاندنی سیستەمی ئەسیكۆدا و چەندین بڕیار و فەرمانی ناڕەوا بەرانبەر ئەو بازرگانانەی هاموشۆی شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەكەن.
لە بواری سەربازی و کارگێڕیدا: وەرگرتنەوەی پۆستی باڵای سەربازی وەک سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق لە کورد، كە بەپێی سیستەمی تەوافوق پشكی كوردە، هەروەها سستکردن و ڕاگرتنی ڕێنوێنییەکانی جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری هەمیشەیی عێراق، جێگەی سەرنج و نیگەرانییەکی قووڵە کە لە بەرامبەر ئەم هەموو پێشێلکارییە دەستووری و سیاسییانەدا، جگە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، زۆربەی فراکسیۆنە کوردییەکانی دیکە هەڵوێستێکی شایستەیان نەبووە و بێدەنگییەکی پرسیارئامێزیان هەڵبژاردووە. ئەم بێدەنگییە تەنیا هەڵوێستێکی سیاسیی سادە نییە، بەڵکو دەرگای بۆ جووڵەی گوماناوی لە ناوخۆی هەرێمدا کردووەتەوە.
لە کاتێکدا دەبوو هەموو هێزەکان یەکڕیز بن بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم سیاسەتەی بەغدا، دەبینین هەندێک لایەن لە کوردستان سەرقاڵی پێکهێنانی هاوپەیمانیی ناوخۆیین و بەردەوام لە سەردان و کۆبوونەوەدان لەگەڵ ئەو کەس و گرووپانەی کە بە ئاشکرا و بێ پێچوپەنا دژایەتیی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەم هەنگاوانە نەک هەر یەکڕیزیی کورد تێکدەدەن، بەڵکو پەیامێکی لاوازیش دەدەن بە بەغدا و نەیارانی دیکەی کوردستان، کە کورد لە ناوخۆیدا پەرتەوازەیە و دەتوانرێت بە ئاسانی کارتەکانی یاریی پێ بکرێت.
مایەی داخە کە لەژێر کاریگەریی بەرژەوەندیی تەسكی حزبی و «خۆسەپێنی و خۆپەرستی»دا، هەندێک لایەن چاویان لە خواستی ڕاستەقینەی خەڵک و پاراستنی پێگەی شایستەی هەرێمی کوردستان پۆشیوە. ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە، کە دوورە لە هەر هەستێکی بەرپرسیارێتیی نیشتیمانییەوە، زەنگێکی مەترسیدارە بۆ داهاتووی هەرێمەکەمان. لەبری پتەوکردنی پایەکانی ئەم قەوارەیە، بەداخەوە هەندێک لایەن خەریکی لاوازکردنی بنەماکانی و کردنەوەی دەرگایەکن بۆ دەستێوەردانی زیاتری دوژمنان. پێویستە ئەم ڕەفتارانە بە وردی هەڵبسەنگێنرێن و سنوورێکیان بۆ دابنرێت، ئەگەرنا باجەکەی لەسەر هەموو گەلی کوردستان زۆر قورس دەبێت.