فەلسەفەی ناسنامەی نەتەوەیی لە گوتارە مێژووییەکەی مەسروور بارزانیدا

138

لوقمان عوسمان گەڵاڵی
لە مێژووی نەتەوەکاندا ساتەوەختگەلێک هەن، کە تێیدا سەرکردەکان تەنها بە زمان نادوێن، بەڵکو بە دەنگی ویژدان و مێژوو قسە دەکەن. مەسروور بارزانی لەو چاوپێکەوتنە پڕبایەخەیدا لەگەڵ (سکای نیوز)، ڕاستییەکی ڕەهای بۆ جیهان کێشا کە تێیدا سنووری نێوان سیاسەت و ناسنامەی جیا کردەوە. ئەو کاتەی بەوپەڕی بڕوابەخۆبوونەوە ڕایگەیاند کە: «خودا منی بە کورد دروست کردووە»؛ ئەمە تەنها دەربڕینێکی سادە نییە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ پەیوەندییەکی میتافیزیکی لە نێوان مرۆڤ، خاک و ئیرادەی پەروەردگاردایە، کە هیچ دەسەڵاتێکی زەوی ناتوانێت دەستکاری بکات.

مەسروور بارزانی بەم گوتانەی سەلماندی کە ناسنامەی نەتەوەیی لای ئەو بەرگێک نییە کاتێک ویستی بیگۆڕێت، بەڵکو پێست، گۆشت و خوێنیەتی. کاتێک دەفەرموێت: «ناتوانم نکۆڵی لێ بکەم و شانازی پێوە دەکەم»، پەیامێکی ڕوون بۆ هەموو جیهان دەنێرێت کە کوردبوون نەک هەر بارگرانی نییە، بەڵکو مەدالیایەکی شەرەفە و لە لوتکەی دەسەڵاتی سیاسییەوە بەوپەڕی شانازییەوە ڕادەگەیەنرێت. ئەم گوتەیە وەک تاشەبەردێکی قایم وایە کە شەپۆلەکانی گوشاری سیاسی و گۆڕانکارییەکانی سەردەم ناتوانن لێی بدەن و بیبزوێنن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کە ڕەهەندی نێودەوڵەتی و یاسایی تێدایە، ئاماژە بەوە دەکات کە «ئەگەر لە عێراق بژیم یانیش لە هەر شوێنێکی دیکە، کوردم». ئەمە لوتکەی دڵسۆزییە بۆ ڕەگ و ڕیشە؛ چونکە لای سەرۆک وەزیران، نیشتمان تەنها سنوورێکی جوگرافی نییە کە لەسەر نەخشەکان کێشرابێت، بەڵکو نیشتمان لە ناو ناسنامەی تاکی کورد خۆیدایە. هەر بۆیە مانەوە لە عێراق یان هەر پارچەیەکی ئەم جیهانە گەورەیە، ناتوانێت ئەو ناسنامەیە کاڵ بکاتەوە یان بوونە کوردییەکەی بخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەمە وانەیەکە لە خۆڕاگری، کە چۆن مرۆڤ دەتوانێت لە ناو هاوکێشە ئاڵۆزەکاندا پارێزگاری لە گەوهەری خۆی بکات.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا کە هەستێکی بەرز و شکۆدار دەبەخشێت، فەرموویەتی: «ناتوانم ناسنامەی خۆم بگۆڕم و ناشیگۆڕم». ئەم دوو وشەیە (ناتوانم) و (ناشیگۆڕم) دوو پەیامی جیاوازن؛ یەکەمیان ئاماژەیە بۆ مەحاڵبوونی گۆڕانکاری لە ناخی کوردبووندا، و دووەمیان ئاماژەیە بۆ ئیرادەی پۆڵایینی سەرکردەیەک کە ئامادە نییە لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا سازش لەسەر ڕێبازی کوردایەتی و نەتەوایەتیی خۆی بکات. مەسروور بارزانی بەم هەڵوێستە مێژووییەی، نەک هەر وەک سەرۆکی حکومەت، بەڵکو وەک پارێزەری ناسنامەی نەتەوەیی دەرکەوت و بە جیهانی گوت کە کوردبوون لای ئێمە چارەنووسێکە بە شانازییەوە باوەشمان پیا کردووە و هەتا هەتایە وەک ناسنامەیەکی پیرۆز و نەگۆڕ دەمێنێتەوە.