خەبات: تریفە ئازاد:- لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزاندا، نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرز بووەوە، ئەمەش نیگەرانیی لای هاووڵاتییان دروست کرد. بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵ ڕای دەگەیەنێت کە هۆکاری ئەم گرانبوونە بۆ زیادکردنی باجی گومرگی لە کاتی هاوردەکردنی ئاژەڵ لە وڵاتانەوە دەگەڕێتەوە و ئەمە هۆکارێکی سەرەکییە. سەبارەت بە نرخی مریشکیش دەڵێت، بەرهەمی مریشک بەشی پێداویستیی ناوخۆ دەکات و پێویستە لەلایەن لیژنەکانی چاودێریی بازرگانییەوە ڕێگری لە گرانبوونی بکرێت.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (خەبات) هۆکارەکانی گرانبوونی نرخی گۆشتی خستەڕوو و ڕایگەیاند: یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە نرخی ئاژەڵ لە وڵاتی سەرچاوەوە گران بووە. هەروەها، ئەو گۆڕانکارییەی عێراق لە پێناسەی گومرگیی سەر ئاژەڵدا کردوویەتی، وای کردووە کە نرخی گومرگ، بەتایبەت لەسەر ئەو ئاژەڵانەی لە ڕێگەی (ئوم قەسر)ەوە هاوردە دەکرێن، دوانزدە هێندە زیاد بکات، کە ئەمە هۆکارێکی سەرەکییە. لەلایەکی دیکەوە، هێشتا وەرزی پێگەیشتنی بەرخی خۆماڵی نییە، کە لە بەهاردا پێ دەگات و دەکەوێتە بازاڕەوە، ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە.
ناوبراو هۆکارێکی دیکەشی خستە ڕوو و گوتی: گرانبوونی نرخی ئاژەڵ لە وڵاتانی دراوسێ، وەک تورکیا و سووریا و ئێران، کە ڕێژەیەکی زۆر ئاژەڵیان لێوە دێتە هەرێمی کوردستان، کاریگەریی هەبووە. بۆ نموونە، تورکیا بڕی 200 دۆلاری خستووەتە سەر هەر ئاژەڵێک کە بە ترانزێت بە خاکەکەیدا تێدەپەڕێت بۆ هەرێمی کوردستان. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، هاتنی مانگی ڕەمەزان و جەژنەکان خواست لەسەر گۆشت زیاد دەکات، هاوکات بەهۆی ئەو هۆکارانەی باسمان کرد، خستنەڕوو لە بازاڕەکاندا کەم بووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی گرانبوونی نرخی گۆشتی سوور.
سەبارەت بە چارەسەریش، فیراس سدیق گوتی: وەک چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە، قسەمان لەگەڵ خاوەن کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی ئاژەڵ کردووە و دەمانەوێت بە گفتوگۆ و وەرگرتنی پێشنیازی ئەوان کێشەکە چارەسەر بکەین. هەرچەندە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هۆکاری ئەم گرانبوونە نییە، بەڵکو هۆکارەکە پێناسەی گومرگیی عێراقە، بەڵام ئێمە لەگەڵ خاوەن پڕۆژە گرنگەکان دادەنیشین و گوێ لە داواکارییەکانیان دەگرین بۆ ئەوەی ئاسانکاریی تەواویان بۆ بکەین تا ئاژەڵی زیاتر هاوردە بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە لیژنەکانی قایمقامییەت و چاودێریی بازرگانی، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی، بە ئەرکی خۆیان هەستن و ڕێگری لە قۆرخکاری بکەن، چونکە ئەگەری هەیە بەشێک لەم دۆخە بەهۆی قۆرخکارییەوە دروست بووبێت.
لەبارەی کوالیتیی گۆشتی ناو بازاڕەکانیشەوە، ئاماژەی بەوە کرد: ڕەنگە لێرە و لەوێ گۆشتی ناتەندروست هەبێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، نزیکەی %95ی ئەو گۆشتەی لە بازاڕەکاندایە، شیاوی خواردنە. ڕاستە گۆشت هەیە نرخەکەی هەرزانە، ئەمە لە ڕووی تەندروستییەوە کێشەی نییە، بەڵام لەوانەیە لە ڕووی کوالیتییەوە گۆشتی مەڕێکی پیر یان مانگایەکی بەتەمەن بێت. مەرج نییە ئەو گۆشتەی هەرزانە، ناتەندروست بێت، بەڵکو گۆشتێکی تەندروستە بەڵام پیرە و تامی وەک گۆشتی ئاژەڵێکی گەنج خۆش نییە. گرنگ ئەوەیە هاووڵاتییان دڵنیا ببنەوە کە مۆری سەربڕخانەی پێوەیە، نەوەک گۆشتی ئاژەڵێکی نەخۆش بێت.
لە کۆتاییدا و سەبارەت بە گۆشتی مریشک، ناوبراو گوتی: گۆشتی مریشک بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە و تا ئێستا نرخەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز نەبووەتەوە، تەنانەت بەرهەمەکەمان لە پێداویستیی ناوخۆش زیاترە. سەبارەت بە نرخەکەشی، پێویستە لیژنەکانی چاودێریی بازرگانی ڕێگری لە هەر گرانبوونێک بکەن.