خهبات: حەمید سوورچی:- خانمە وەرگێڕ و نووسەر مەهاباد حەسەن، بڕوانامەی ماستەری لە زانستی کۆمەڵناسیدا هەیە، ساڵانێکە لە بواری ڕۆشنبیری بێ وچان خزمەتی زمان و کولتووری کوردی کردووە، چ بەنووسین و وەرگێڕانی کتێب، چ بە وتار و بابەتی جیاواز بۆ ماڵپەڕ و گۆڤارەکان. لە دیدارێکدا تیشک دەخاتە سەر چۆنییەتی ئاشنابوونی بەکاری وەرگێڕان و چەند پرسێکی دیکەی پەیوەست بە وەرگێڕان.
* کەی دەستتان بەکاری وەرگێڕان کرد و ئامانجتان لە کاری وەرگێڕان چییە؟
هاتنە نێو دنیای نووسین و وەرگێڕان لە سەرەتا ڕەنگە ئاسان و چێژبەخش بێت، بەڵام وردە وردە درک بەوە دەکەیت بەرپرسیارێتییەکی گەورە و شاندانە ژێر کارێکی مەزن و مەرجی سەرکەوتن و جێ پەنجە دیاربوونە. چۆن هەر هۆیەک هۆیەکی لەپشتە، ئەوا ئەمڕۆشمان بەرەنجامی دوێنێیە. بیرمە لە قۆناغی سەرەتایی خوێندندا هۆگریی و خولیایەکی تایبەتی فێربوون و خوێندنەوەم هەبوو و هەمیشە ئەو دەق و پەند و زانیارییە نوێیانەی چنگم دەکەوتن، دەمنووسینەوە و زۆر لام بەهاداربوون. ئیدی ئەم دڵبەستەییەی فێربوونم گەشەی کرد و تامەزرۆیی زۆر بۆ دنیای کتێب و خوێندنەوە و گەڕان بەنێو فەرهەنگ و کۆکردنەوەی وشەی پەتی کوردی، وایلێکردم لە قۆناغی زانکۆدا دەست بدەمە وەرگێڕانی بابەتی کورت بۆ ڕۆژنامەکان. پاشان تژی لە مەیل و شەیدایی، کەڵکەڵەی وەرگێڕانی کتێب بە هزرمدا هات و لەوساوە ملی ئەو ڕێگەیەم گرتووە و بەپیر کارکردن لە پانتایی ڕۆشنبیریی و ڕاژەی زمان و کولتووری کوردییەوە هاتووم.
بەو پێیەی زمان وەک بوونەوەرێکی زیندوو، کارتێکەرێکی کارتێکراوە، بە گۆڕانی سەردەم و گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگەی ئاخێوەران و بەکارهێنەرانی هەمیشە لە گۆڕان و نوێکردنەوەدایە، پڕۆسەی وەرگێڕانیش کۆڵەکە و شادەماری ئاڵوگۆڕی مەعریفە و ڕۆشنبیریی تەواوی گەلانی جیهانە. دەتوانم ببڵم کارکردن لەم پانتاییەدا پێویستی بە ویستی بەهێز و پشوودرێژیی زۆرە. هەرچەند زۆرجار کارەکان بێ هەڵەوپەڵە نابن، بەڵام بە کەڵەکەبوونی ئەزموونەکان، مرۆڤ پتر قاڵ و قووڵ دەبێتەوە، ئەگەر شەیدایانە هەنگاو بنێت ئەوا باری بە هەوار دەگات. کەواتە وەرگێڕان تەنیا پڕۆسەیەکی زمانەوانی و گواستنەوەی مانا و گۆڕینی دەق نییە لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە، بەڵکو بەرهەمهێنانەوەی هزری ئەوی دیکە و خۆماڵیکردنەوەی دەقە بە کۆی تایبەتمەندی و وردەکارییەکانییەوە.
لە ڕوانگەی زانستی کۆمەڵناسیشەوە وەرگێڕان بزوێنەری سەرەکیی جیهانگیرییە و وادەکات بیرۆکەکان بە خێرایی بە جیهاندا بڵاوببنەوە، بەمەش بەرهەمی بیری گەلان تەنیا لەچوارچێوەی زمان و کۆمەڵگەکەیاندا قەتیس نابێت و دەبێتە ڕایەڵەی بەستنەوەی زمان و کولتوورە جیاوازەکان لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتوویشدا، بەدڵنیاییەوە کارکردن لە هەر بوارێکدا بایەخ و گرینگی خۆی هەیە و هەڵگری پەیامێکیشە، وەرگێڕان بۆ من لەلایەکەوە دۆزینەوەی خود و تاسەشکێنیی و شوێنکەوتنی خولیاو ویستێکی تەژی لە شەیدایی و تامەزرۆییە بۆم و لەلایەکی دیکەوە خۆشەویستییەکی لە ڕادەبەدەرە بۆ زمان و فەرهەنگی کوردی.
ئامانجی سەرەکیشم خزمەتکردنی زمان و کولتوور و کتێبخانەی کوردییە. ئەگەر بۆ نەتەوەیەکی خاوەن دەوڵەت و سەربەخۆیی، خزمەتی زمان و پاراستنی کولتوور ئەرک و شانازیی بێت، ئەوا بۆ نەتەوەیەکی ژێردەست و بێ دەوڵەت و داگیرکراو، تاکە ڕێگەی مانەوە و بەرگریکرنە لە توانەوە و لەناوچوونی. کەواتە هەر گەلێ زمانەکەی لەدەست بدات بوون و مانەوە و شکۆی لەدەست دەدات و مردنی زمان مردنی نەتەوە و ناسنامە و کولتوورەکەیەتی.
ئەگەر چاوێک بە مێژووی گەلانی جیهاندا بخشێنین چەندین نموونە و ڕێوشوێنی بەرزی بەرگری لە زمان و کولتوورمان بەرچاودەکەوێت، کە لەلایەن گەلانی ژێردەستە و داگیرکراوەوە پێش سەربەخۆبوونیان گیراونەتەبەر، وێڕای چەوساندنەوە و زەبروزەنگی توندی داگیرکەرانیان. لەمەوە تێدەگەین ڕزگاربوون لە ژێردەستەیی و سەربەخۆبوون و خۆخاوەنی خاک و نیشتمان بەبێ سەربەخۆیی زمان و کولتوور نایەتەدی، چونکە زمان بۆ گەلێکی ژێردەستە ناسنامەی بوونە، پاراستن و بەرگریکردن لێی تەنیا بابەتێکی مەعریفی و وێژەیی نییە، بەڵکو پرسی بوون و مان و قەڵای بەرگری و پێشمەرج و بنەمای ڕزگاریی خاکە. زۆرێک لە بیرمەندان گوتوویانە سنووری جیهانی من سنووری زمانەکەمە، لەنێوچوونی زمان دەبێتە هۆی سەرگەردانی نەتەوە، لەخۆ نامۆبوون، پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ ڕابردوو، هەستکردن بەکەمی، توانەوە، سڕینەوە و لەدەستدانی کۆیادەوەری، چونکە مێژوو، ئەفسانە، چیرۆک و تایبەتمەندییەکانی هەر نەتەوەیەک لەنێو زمانەکەیدا هەڵگیراون، کەوایە دەتوانین ببێژین زمان ڕایەڵە و گرێدەری نەوەکانی نەتەوەیەکە بە ڕابردوو و ڕەگ و ڕیشەیەوە.
* تایبەتمەندییەکانی وەرگێڕی باش چیین؟
– وەرگێڕان پرسێکی گرنگی ڕووناکبیریی و کۆڵەکە و شاڕێی دەوڵەمەندکردنی پانتایی ڕۆشنبیری گەلانە و لە ڕێگەیەوە دەتوانین بچینە قووڵترین توێکانی کۆمەڵگەکان و ناسینی تایبەتمەندی و سوودوەرگرتن ئەزموونەکانیان. ئەو زمانە جیاوازەیە بووە بە ڕایەڵەی نێوان زمانە جیاوازەکان. وەرگێڕەکانیش ئەو دەست و قامکە خاوەن مەعریفانەن، کە خەریکی بەستنەوەی جیهان و بەیەک ناساندنی کولتوور و زمانە هەمە چەشنەکانن و بەنێو سەردەم و جوگرافیا جیاوازەکاندا هاتووچۆیانە و دەقەکان لە چوارچێوەی زمان و کولتوورێکی ناوچەییدا دەهێننە دەرەوە و پۆشاکێکی زمانی نوێی بە بەردا دەکەن. بۆیە هەر بەرهەمێکی وەرگێڕدراو خەرمانی سووری وەرگێڕە دوای وەشاندن و دروێنە و شەن کردن، واتە چەندین قۆناغی بڕیووە. بەو پێیەی وەرگێڕان پڕۆسەی بەرهەمهێنانەوەی مەعریفە و ماناپێدانی دەقە لە زمانی مەبەستدا، لەم دەلاقەیەوە دەتوانین ببێژین بە کەڵەکە بوونی ئەزموون و قووڵبوونەوە لەم پرۆسەیەدا توانا و دەستڕەنگینی پتر دەبێت، وەرگێڕی باشیش پێویستە بەردەوام لە خۆنوێکردنەوە و کنەوپشکنیندا بێت، هاوکات خوێنەرێکی ڕژد و چاوکراوەی هەردوو زمانەکە و ئاگای لە گۆڕانکارییەکانیان بێت. لە دیدی منەوە هەر وەرگێڕیکی سەرکەوتوو گرنگە ئەم تایبەتمەندییانەی تێدا بێت:
– زانین و زاڵبوون بەسەر هەردوو زمانی ژێدەر و مەبەستدا، چونکە وەرگێڕان تەنیا ماناکردنەوە و بەرهەمهێنانەوەی دەق نییە، بەڵکو گوێزەرەوەی کولتوور و مێژوو و دیدگا و پڕۆژە و پلان و هەنگاوەکانی ئەوانی دیکەیە بۆ سەر زمان و کولتووری خۆت. بۆیە شارەزایی لە زمان و دەربڕین و چنینی و ڕستە و دەقدا گرنگە.
– بوونی پاشخانێکی ڕۆشنبیریی دەوڵەمەند لەمەڕ ئەو بابەت و کتێب و دەقانەی دەستیان بۆ دەبات.
– ئەمانەتپارێزی و بەرپرسیارێتی و نەشێواندنی دەق بە ویست و سەلیقەی خودی وەرگێڕ، واتە داڕشتنەوە بە شێوەیەک هیچ بۆن و بەرامە و هێمایەکی دەقە ڕەسەنەکەی پێوە نەمێنێت و لەتایبەتمەندییەکانی دایبماڵێت.
– دوورکەوتنەوە لە قرتاندن و سەربارکردنی ناپێویست.
– بوونی شارەزایی ورد، یاخود گەڕانی بەردەوام بۆ پەند و ئیدیۆمی هاومانا لە زمانی مەبەستدا، نووسینی پەراوێز بەپێی پێویستیی دەقەکە.
– بوونی پشوودرێژیی و دەستڕەنگینی لە داڕشتنەوەی دەق و کنەوپشکنینی ورد بەنێو فەرهەنگدا و چەندین جار پێداچوونەوە.
– دوورکەوتنە لە داڕشتنی ئاڵۆز و ناڕوون، کە تەنیا چینێکی دیاریکراو لێی تێبگات، لەبری ئەوە گرتنەبەری شێوازێکی تەڕ و پاراو و بێ گرێوگۆڵی سادە.
– شارەزایی باش لە ڕێنووس و خاڵبەندی و وردەکارییەکانی هەردوو زماندا.
– خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی پێشوەختە بۆ ئەو کتێب و بابەتانەی هەڵیان دەبژێرێت.
* لە نێوەندی ڕۆشنبیریی کوردیدا باس لەوە دەکەن کە کتێبی وەرگێڕدراوی خراپ کەوتۆتە نێو کتێبخانەکان شڕۆڤەت بۆ ئەم پرسە چییە؟
– ئاشکرایە لە هەر بیاڤێکدا پۆلێنبەندی و دەستیشانکردن و هەڵسەنگاندن بایەخی زۆری هەیە، بە تایبەت بۆ پرسێکی گرنگی وەک کتێب و وەرگێڕان، کە ئاڕاستەی هزری تاک و کۆمەڵگەی لەسەر بەندە. باشترین کاریش دەستخستنەسەر برین و کەم و کورتییەکان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاوە بۆ چارەسەر کردنیان. نکوڵی لەوە ناکرێت ئەم دۆخەی کتێب و وەرگێڕان بەرهۆی چەندین هۆکاری دیار و کاریگەرن، بۆ چارەسەری ڕیشەیی یان کەمکردنەوەی هەڵە و پەڵە و گرفتەکانیش پێوستە وردتر بڕوانین و لێکەوتەکان بە بەرەنجامی چەندین هۆکار بزانین. بیریشمان نەچێت، وەرگێڕان لە کوردستاندا بە زۆری کارێکی تاکەکەسییە و پتر دەکەوێتە سەر توانا و پاشخانی مەعریفی وەرگێڕ و چۆنیەتی و چەندێتی هەوڵدان و پڕکردنی هەگبەکەی لە ئەزموون و نوێبوونەوە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی ناوەندێکی نیشتمانیی ئەکادیمی تایبەت بە پرسی وەرگێڕان، کە بەپێی ستراتیژێکی ڕوون و پلان و سیاسەتێکی تۆکمەی زمانی لەلایەن کەسانی شارەزاوە بڕیار لەسەر ناوەڕۆک و جۆری ئەو کتێبانە بدرێت کە پێویستن بۆ کتێبخانەی کوردی و خوێنەری کورد، تاکوو کات و توانای زۆرێک لە وەرگێڕەکان بەفیڕۆ نەچێت و ڕێ لە پاشاگەردانی و زۆری و بۆری و خراپوەرگێڕان بگیرێت. سەرباری هەموو ئەوانەی باسکران، هێشتا کتێبخانەی کوردی پێویستی بە وەرگێڕانی زۆرتر و ئاخنینی کۆگای زمان و پانتایی ڕۆشنبیری کوردییە بە زانست و ئەزموون و وێژەی گەلانی دیکە لە گشت بوارە مەعریفییە جیاوازەکاندا. نووسین و وەرگێڕانیش جۆرێک لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییە لەمەڕ ئەو کەتوار و جیهانەی تێیدا دەژین، کە زۆرجار گۆمی مەنگی کۆمەڵگە دەشلەقێنن و بەرەو باشتر و پێشەوەی دەبەن.
* ئایا خوێندنی ئەکادیمی لە زانکۆ وەرگێڕی باش بەرهەم دێنێ، یان پەیوەستە بە هەوڵی کەسەکە؟
– خوێندنی ئەکادیمی نەخشەڕێگە و بنەما زانستییەکانی وەرگێڕان فێری فێرخواز دەکات و بەستێنێکی لەبار دەڕەخسێنێت بۆ ئەوانەی ئارەزووی وەرگێڕان دەکەن، بەڵام تەنیا ئەوە بەس نییە بۆ بوون بە وەرگێڕێکی باش، چونکە وەرگێڕان لێهاتوویی و هونەر و سەلیقەیە، وەرگێڕی سەرکەوتووش ئەو کەسەیە خوێنەرێکی بەبڕشت و کونجکۆڵ بێت، هەڵوەدای شارەزابوونی کولتوور و فەرهەنگی زمانی دایک و ئەو زمانەش بێت کە وەرگێڕانی لێوە دەکات. ڕوونە کە وەرگێڕان پرۆسەیەکی وردکارانە و دژوارە ئەگەر بە شەیدایی و مەیلەوە بەپیریەوە نەچووبیت و خولیات نەبێ ئەوا هەر زوو بڕستت لێ دەبڕێ و دەستی لێ هەڵدەگریت، چونکە پشوودرێژی و مکوڕبوونی دەوێ. وێڕای گەڕان بەنێو فەرهەنگ و زیندوو کردنەوەی وشە لەیاد کراوەکان و شارەزایی لەپەند و ئیدیۆمی هەر دوو زمان و ڕێسا و یاسا زمانەوانییەکاندا.
* تا ئێستا چەند کتێبتان وەرگێڕاوە، لە چ بوارێکیشدا زیاتر کاری وەرگێڕان دەکەن؟
بەو پێیەی کتێب ئامرازێکی کات و شوێنبڕ و بێدارکەرەوەی دارماڵ لە هێزی بەگوڕ و ماتەوزەی زۆروزەبەندە، واتا و شوناس بەباڵای ژیاندا دەبڕێت و بزوێنەری گۆڕانکاریی، چاکسازیی، گەشەپێدانی تاک و کۆمەڵگەکانە، ئەویش بە ئافراندنی کۆهۆشیاریی و کۆدەنگی لەمەڕ پرس و مژارە جیاوازەکان. کەواتە کارکردن لە پانتایی ڕۆشنبیریی و مەعریفەدا ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی گەورە و کاریگەری پشت بەستوو بە ویستی بەهێزە. بە خۆشحاڵییەوە ئەم پانتاییە دڵخوازترین بوار و بەستێنە لەلام و هەنگاونان تێێدا دڵگەرمی و گوڕوتینم پێ دەبەخشێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەش کە وەرگێڕان پڕۆسەکی فرە ڕەهەندی زمانەوانی و هونەری و زانستیی پشتبەستوو بەسەلیقە و دەستڕەنگینی و پشوودرێژیی و دڵبەستەییەکی زۆره بۆ بەردەوام بوون تێیدا. بەپێی توانا و دەرفەت تا ئێستا پتر لە بیست کتێبم وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و بێ وچانیش لە هەنگاوناندام و ماندووێتی نەناسانە تا تەمەن بڕبکات لە هەوڵ و تەقەلادا دەبین. ئەو بوارانەشی زیاتر کارم تێدا کردوون کۆمەڵناسی- فەلسەفە، دەروونناسی و تەنزن.