ئیبراهیم حەمیدی*
لە كاتی شەڕەكانی نێوان سوپای سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) و كەناڵەنی دواتری دانوستان، لە نێوان سەرۆك ئەحمەد شەرع و فەرماندەی (هەسەدە) مەزڵووم عەبدی، تا دەگاتە شاندی هاوبەشی وەزیری دەرەوە ئەسعەد شەیبانی و عەبدی، لە كۆبوونەوە سیاسییەكان لە میونشن؛ سەرنجەكان لەسەر نەخشەكانی باڵادەستی، ڕێكارەكانی تەناهی، سنوورەكانی هەژموون و بەندەكانی هاوبەشیی لە سووریادا چڕ ببوونەوە. بەڵام لە پشتی ئەم دیمەنە پڕ ژاوەژاوەوەدا، براوەیەكی هێمن هەبوو، كە بە هەنگاوی ورد و هەژماركراو دەچووە پێشەوە، ئەویش: مەسعود بارزانییە.
هەڵكشانی ڕۆڵی بارزانی لە دیمەنی سووریادا، لەدایكبووی ساتێكی ڕاگوزەر نەبوو، بەڵكو لە ئەنجامی كەڵەكەبوونی سیاسی و تۆڕێكی پەیوەندی بوو، كە وای لێ كرد، ببێتە ناوبژیوانێكی بەگەنكراو لەلای لایەنە ناكۆكەكانەوە؛ هەر لە دیمەشقەوە تا سەركردایەتی (هەسەدە)، تاكوو بە ئەنقەرە و واشنتۆنیش دەگات. لە ساتێكدا كە بەرژەوەندییە دژبەیەكەكان یەكترییان دەبڕی، هەولێر وەكوو ڕووبەرێكی هاوبەشی دەگمەن دەركەوت و ناوی بارزانیش بووە ئەو ڕێگەچارەیکی شایستە.
یەكەمین ئاماژەكانی ئەم وەرچەرخانە، خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، هەموو لایەنە جیاوازەكان بە ڕۆڵی ناوبژیوانیی ئەو(بارزانی) قایل بوون، لەوانە میوانداریكردنی دیدارە نهێنییەكان و پەیوەندییە هەستیارەكان. كە هەولێر میوانداریی دیدارەكانی نێوان مەزڵووم عەبدی و تۆم باراك، نێردراوی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسانی ئەمهریكی دەكرد، وردەكارییەكی ڕاگوزەر نەبوو؛ بەڵكو ئاماژەیە بۆ ئەوەی، هەرێم بووەتە سەكۆیەكی دڵخواز بۆ ئەندازەكردنی ڕۆژەڤەكانی باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، نەك تەنها دراوسێیەكی جوگرافیی.
لەسەر زەویدا، هێمای ئەم ڕۆڵە نوێیە لە دیمەنەكانی بەرزكردنەوەی وێنەكانی بارزانی و ئاڵای كوردستان، لە ناوچەكانی باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا دەركەوت، كە پێشتر پڕی وێنەكانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)بوو، ئەمەیش دەربڕینێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی گواستنەوەی چەقی واتاییە، لە لای بەشێك لە كوردان، بەتایبەتی كە ئەمە لەگەڵ ڕەخنەگرتن لە هەندێك لە سەركردەكانی (پەكەكە)دا هاوكات بوو. ئەمەیش لەگەڵ ئامادەیی مرۆیی لە ڕێگەی چالاكیی دەزگا خێرخوازییەكانی سەر بە هەرێم و سەرۆك مەسعود بارزانییەوە، هاوشان بوو، كە بوونە كەناڵێكی سەرەكی بۆ دابەشكردنی هاوكارییەكان، ئەمەش هەژموونی نەرم و مرۆڤانەی بارزانی لە ژینگەیەكدا بەهێز كرد، كە بەدەست گوشاری ئابووری و بژێوی سەختەوە دەناڵێنن.
سەبارەت بە دەروازەی سێمالكا، هەر بە خوێنبەرێكی بژوێن مایەوە، كە ناوچەكانی (هەسەدە) بە جیهانی دەرەوە دەبەستێتەوە. ئەمەش كارتی كاریگەری كردەیی لەهەر ڕێكارێكی داهاتوودا بە هەولێر دەبەخشێت، وایش لە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێم دەكات، ببێتە تەوزییەكی ڕۆژانە نەك تەنها بژاردەیەكی سیاسیی.
لەسەر ئاستی هەرێمایەتیدا، گرنگی هەولێر لەگەڵ جێگیركردنەوەی هێزەكانی ئەمریكا زیاتر دەبێت. چونكە لەگەڵ كەمكردنەوەی بوونی سەربازیی لە سووریا و دەستكردن بە كشانەوە لە بنكەی تەنەف و بنكەكانی عێراق وەك عەین ئەلئەسەد، قورسایی بنكەكانی ئەمریكایش لە هەولێر، وەك خاڵێكی چەقی سەقامگیرتر زیاتر دەبێت، ئەمەش ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی لەسەر پێگەی سەركردایەتی كورد لەوێ، لە هاوكێشەكانی واشنتۆندا دەبێت، لە كاتێكدا بارزانی وەكوو لێوەگەرێكی فراوانتری كورد دەرکەوت، كۆنگرێسی ئەمهریكا لە هەوڵی تێپەڕاندنی یاسای (پاراستنی كورد) دایە.
لە ڕووی سیاسییەوە، هەر ئاراستەیەك كە ببێتە هۆی پاشەكشەكردنی هەژموونی سەركردەكانی (پەكەكە) لە ناو سووریا، بوار بۆ هەڵكشانی زیاتری (پارتی دیموكراتی كوردستان) دەڕەخسێنێت، كە خۆی وەكوو جێگرەوەیەكی كەمتر بەگژداچوو لەگەڵ هەرێمەكە و ئامادەتر بۆ لێكتێگەیشتن لەگەڵ توركیا و ڕۆژئاوادا دەناسێنێت. ئەم گۆڕانە تەنها پەیوەندی بە هاوسەنگیی هێزی سەربازییەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە سرووشتی گوتاری سیاسییشەوە هەیە. گەشتەكانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد (ئەنەكەسە)ی هاوپەیمانی بارزانی، بۆ دیمەشق و هەولێر، دیداری سەركردەكانی لەگەڵ شەرع و پاڵنان بەرەو گواستنەوە لە سەربازییەوە بۆ سیاسی، ڕێكەوت نەبوو؛ بەڵكو وەرگێڕانی فەرمانی سەرۆكایەتی، سەبارەت بە مافەكانی كورد لە ڕاگەیاندراوی دەستووری، بە ئامرازی سیاسی نەك بە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی و دانانی میكانیزم بۆ پیادەكردنی ئەمە لە دامەزراوەكانی سووریادا بوو.
ئەو بیروباوەڕەی (پارتی دیموكراتی كوردستان) پەیڕەوی دەكات، لە مگێزی كۆمەڵایەتی ناوچەی جەزیرەی سووریا، لە بیرۆكەكانی (پەكەكە) نزیكترە. خێزان، هۆز و پلەبەندی لە گۆڕانكاریی بۆ ئەوان، لە گوتاری ئایدۆلۆژی چەپی سنووربڕ نزیكترە، كە قوتابخانەكانی دیموكراسیەتی گەلان دەیخەنە ڕوو. لەگەڵ گوشارەكانی جەنگ و ئابووری، كۆمەڵەكان زۆربەی كات مەیلیان بۆ نموونە سەقامگیرتر و ڕوونترەكاندا هەیە.
لە ڕووی ئابوورییەوە، نموونەی هەولێر، ڕەهەندێكی دیكە دەخاتە سەر ئەم هەڵكشانە. هەرێم ئەزموونێكی لە بەڕێوەبردن، كرانەوە و وەبەرهێنان پێشكەش دەكات كە -سەرەڕای ئاڵنگارییەكان- ئەوی كردووەتە لێوەگەڕێكی كرداریی، كە لە چوارچێوەی تەسكی نەتەوەیی تێدەپەڕێت، سەرنجی ئەو چینانەی دانیشتووانیش ڕادەكێشێت، كە بە دوای هەلی كار و ژیانێكی سەقامگیرتردا دەگەڕێن. لە سەردەمێكدا كە بژێوی پێش دروشمەكان دەكەوێت، نموونەی ئابووری دەبێتە بەشێك لە ئامرازەكانی هەژموون.
هەموو ئەمانە بەو مانایە نایەن، كەوا ڕێگەكەی بەردەم بارزانی تەختە. هاوسەنگییەكانی سووریا هێشتا لاوازن، لێكتێگەیشتنە نێودەوڵەتییەكان ئەگەری گۆڕانیان هەیە و ڕكابەریش لە ناو ماڵی كورددا هەیە. ئەم باڵكێشانە پارێزبەندی لایەنە كوردییەكانی دیكە و لێكدانەوەی ورد لەلای دیمەشق و ئەنقەرەوە دەورووژێنێت. بەڵام خوێندنەوەیەكی هێمنانە بۆ ڕەوتی ڕووداوەكان، ئاماژە بەوە دەكەن، هەولێر تاكو ئێستا، لە گۆڕینی جوگرافیا و پەیوەندییەكان بۆ دڤانەكێكی سیاسی گەشەسەندوودا، سەركەوتوو بووە.
لە ساتەوەختی كێشانەوەی نەخشەكانی هەژموون لە سووریا و عێراقدا، وا دەردەكەوێت كەوا مەسعود بارزانی، ڕۆڵی (براوەیەكی هێمن) بگێڕێت؛ ئەو بەردەوام لە سەردێڕی هەواڵەكاندا نییە، بەڵام ئەو لە وردەكاریی ڕێككەوتنەكان و ڕێڕەوەکانی چارەسەریدا ئامادەیە، كە دەیەوێت لە سنوورەكانی كوردستانی عێراق دوورتر بڕۆن.
* سەرنووسەری گۆڤاری (ئەلمجەلە)ی سعودی.
و: ڕەمزی میرەكانی
هەژموون: (نفوز)، بەگەن: (قبول)، تەوزی: (زەروری)، لێوەگەر: (مەرجەع)، مگێز: (میزاج)، دڤانەك: (ڕەسید).