پرسی ڕۆژئاوا له‌ گفتوگۆكانی میونشن

127

شۆڕش عه‌زیز سورمێ
لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئیلهام ئه‌حمەد، هاوسه‌رۆكی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (دانەس) لەگەڵ یۆهان وادەفول وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبوونەوە. مەزڵووم عەبدی سوپاسی ئەڵمانیای کردووه‌ بۆ دەرفەتی بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکەدا و جەختی لە گرنگیی پشتیوانیی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی داعش کردەوە. هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه کرده‌وه که جێبه‌جێکردنی ئو ڕێککه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی دیمه‌شق واژوو کراوه و هه‌روه‌ها چاودێریی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌و ڕێککه‌وتنه بۆ سه‌قامگیریی باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا زۆر گرنگه.
دوابەدوای بەشداریکردنیان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، شاندی ڕۆژئاڤا وتووێژی ئاستبەرزیان لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی ڕۆژئاوا ئەنجامدا. مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئیلهام ئه‌حمەد هاوسه‌رۆكی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (دانەس) له‌گه‌ڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا مارکۆ ڕوبیۆ کۆبوونەوە. بەگوتەی عەبدی، وەزیری دەرەوەی حکوومەتی كاتی سووریا، لە دیدارەکەی لەگەڵ ڕوبیۆش ئامادەبووە و گفتوگۆکان بە پلەی یەکەم لەسەر پرسەکانی یەکگرتن و داهاتووی سیاسیی سووریا و بارودۆخی ئێستای ئەو وڵاتە تیشکی خرایە سەر و دوای ئەوە عەبدی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: کۆبوونەوەکە بە گشتی ئەرێنی بوو، باسمان لە پرسەکانی پەیوەست بە یەکخستنی پێکهاتەکانمان و دۆخی سووریا و داهاتووی وڵات کرد. هەروەها شاندەکە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆبووەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات، شاندەکە سوپاسی بەردەوامی پاڵپشتیی فەڕەنسایان کرد و بەتایبەتی بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە و دەستەبەرکردنی ئاگربەست. هەروەها لە گفتوگۆکاندا تیشک خرایە سەر جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە ٢٩ی ژانویەدا لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەسەڵاتداران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا ئەنجامدرا.
بەم پێیە بوونی نوێنەرانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن پرسیارێکی بنەڕەتی دەورووژێنێت ئایا کۆنفرانسەکە وەک کۆبوونەوەی ساڵانەی نوخبە جیهانییەکان دەمێنێتەوە کە مشتومڕ لەسەر سەرکردایەتی و بەرپرسیارێتی دەکەن؟ یان خۆی دەکاتەوە بۆ ئەو ئەکتەرانەی کە ئاسایش لەژێر بارودۆخی ڕاستەقینەی شەڕدا ڕێک دەخەن؟