ئازاد ساڵح نادراغا رواندزى*
لە ئەدەبیاتی سیاسیی نەتەوەیی کوردیدا، “مەرجەعیەت” تەنها پۆستێکی کارگێڕی یان سیاسی نییە کە لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا قەتیس بێت، بەڵکو سیمبولێکی ویژدانی و نەتەوەییە کە بەسەر سنوورە دەستکردەکاندا زاڵە. لەم سۆنگەیەوە، قوتابخانەی مەلا مستەفا بارزانیی نەمر و درێژەپێدەری ئەو ڕێبازە لە حیکمەتی مەرجەع مەسعود بارزانیدا، کۆڵەکەی “مەرجەعیەتی خۆڕاگر” پێکدەهێنن، کە ڕووداوەکانی دوایی لە “ڕۆژئاوا” سەلماندییان کە هێشتا ئەم ڕێبازە سوپەرێکی پارێزەرە بۆ ناسنامەی نەتەوەیی.
ڕەگ و ڕیشەی ئەکادیمی و مێژوویی مەرجەعیەت
قوتابخانەی بارزانیی نەمر لە شەرعیەتی ئەکادیمی خۆیدا پشت بە چەمکی “کوردایەتی” گشتگیر دەبەستێت. توێژەرانی مێژووی بزووتنەوە نەتەوەییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مەلا مستەفا بارزانی تەنها ڕێبەری شۆڕشێکی ناوچەیی نەبووە، بەڵکو ناسنامەی نەتەوەیی هەر چوار پارچەی داڕشتووە. بارزان هەر هەمیشە “چەق”ی تێکۆشەران بووە، چونکە بارزانیی نەمر بڕوای وابوو کە مافی کورد یەکەیەکی دانەبڕاوە. ئەم مەرجەعیەتە تەنها سەربازی نەبووە، بەڵکو مەرجەعیەتێکی ئەخلاقی بووە لەسەر بنەمای پاراستنی مەزڵووم و هانای کورد لە هەر کوێ بێت، ئەمەش لە لایەن زۆرێک لە مێژوونووسانی وەک “دەیڤید ماکدۆواڵ” لە کتێبی (مێژووی هاوچەرخی کورد)دا جێگیر کراوە.
مەسعود بارزانی؛ مەرجەع و درێژەپێدەری ڕێبازی بارزانی
سەرۆک مەسعود بارزانی توانی ئەو میراتە شۆڕشگێڕییە بگۆڕێت بۆ مەرجەعیەتێکی سیاسی و دیپلۆماسی جیهانی. لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا، بارزانی وەک باوکێکی ڕۆحی و سەرکردەیەکی ستراتیژی دەبینرێت. ئەمە لە چەندین هەڵوێستی مێژووییدا دەرکەوتووە، کە دیارترینیان کردنی هەرێمی کوردستانە بە پەناگەیەکی ئارام بۆ هەر کوردێکی ستەملێکراو.
سەرکردایەتیی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی؛ بەردەوامیی ڕێبازی بارزانییە
گرنگی و مەزنیی ئەم مەرجەعیەتە لەوەدایە کە توانیویەتی سەرکردایەتییەکی گەنج و هۆشیار بەرهەم بهێنێت کە بە دیدگایەکی سەردەمیانە درێژە بە کاروانەکە بدەن. ئەمڕۆ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی (سەرۆکی هەرێمی کوردستان) ڕووە دیپلۆماسییە نەرمەکەی ئەم مەرجەعیەتە نیشان دەدات، کە توانیویەتی بە حیکمەتی خۆی هاوسەنگی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکاندا بپارێزێت و پێگەی کورد وەک شەريكێکی سەرەکی لە ئاشتیی جیهانیدا بچەسپێنێت. لە لایەکی دیكهوه، بەڕێز مەسرور بارزانی (سەرۆکی حکوومەتی هەرێم) نوێنەرایەتی هێزی دامەزراوەیی و پێداگیری لەسەر بونیادنانی قەوارەیەکی کارگێڕی و ئەمنیی تۆکمە دەکات کە دەستبەرداری مافە دەستوورییەکان نابێت. ئەم تەواکارییەی نێوان هەردوو سەرکردە، گەرەنتی مانەوەی ڕێبازی بارزانییە وەک مەرجەعیەتێکی نەبەز و خۆڕاگر.
بارزانی و یەکخستنی ناوماڵی کورد
لە ڕووداوەکانی دوایی ڕۆژئاوادا، ڕێبازی بارزانی سەلماندی کە بەرپرسیارییەتی بەرامبەر پارچەکانی دیكه لە ئەرکێکی نەتەوەییەوە سەرچاوە دەگرێت. لە سەرەتای تەنگژەی سووریاوە، سەرۆک مەسعود بارزانی سەرپەرشتیاری ڕێککەوتنەکانی (هەولێر ١ و ٢ و دهۆک) بوو، بە مەبەستی یەکخستنی ناوماڵی کورد و دوورخستنەوەی ڕۆژئاوا لە مەترسییەکانی پەرتەوازەیی.
هەڵوێستی مەرجەعیەت لە هەولێر؛ بەمانە دەناسرێتەوە:
-1 هانای مرۆیی: کردنەوەی سنوورەکان بۆ سەدان هەزار ئاوارە و پێشکەشکردنی هاوکاری لۆجستی و پزیشکی.
-2 شەرعیەتی نێودەوڵەتی: بەکارهێنانی کێشی دیپلۆماسی هەرێم لە نێوەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ داکۆکیکردن لە مافی کورد لە سووریا.
-3 سیمبولی نەتەوەیی: ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانی وێستگەیەکی مێژوویی بوو کە سنوورە وەهمییەکانی شکاند، کاتێک کورد و برای کوردی لەژێر یەک ئاڵادا و بە فەرمانی (بارزانیی – مەرجەع) یەکتریان گرت.
ئەمە مەرجەعیەتێکە کە دەستبەردار نابێت چونکە هێزی خۆی لە مافی مێژوویی و خوێنی شەهیدان وەردەگرێت. قوتابخانەی بارزانی دەزانێت کە چارەنووسی کورد لە هەر چوار پارچە پێکەوە بەستراوەتەوە. ڕێبازی بارزانی وەک سێبەرێک دەمێنێتەوە کە کورد لە ساتە سەختەکاندا پەنای بۆ دەبات، چونکە ڕێبازێکە سازش لەسەر پرەنسیپە نەتەوەییەکان ناکات.
* مامۆستاى زانکۆ/ پسپۆر لە بوارى کارگێرى و ئابوورى.