خەبات: محەمەد سەعید کوردە:- لەسەردەمی تەلەڤزیۆنی ڕەش و سپی و لە ڕێگەی شاشەوە بە کەسایەتی خانمە هونەرمەندی لێهاتوو (ئەختەر کەریم) ئاشنا بووم، کە شان بە شانی (ئەحمەد سالار و حاجی مەکی عەبدوڵڵا – عەلییە فەندی و عومەر چاوشین و عەباس ژاژڵەیی) ئەوانی دیکە جوانترین نواندنی دەکرد، کەچی ئەمڕۆ کەوتۆتە تەمەنەوە و تا ئێستاش بە بەرچاوم نەکەوتووە تیشکێک بخرێتە سەری و ڕۆڵی کاریگەری بەرچاو بخرێ بەرامبەر بەو خزمەتە زۆرەی کە لە بواری نواندن و تەمسیل پێشکەشی کردووە.

خانمە هونەرمەند (ئەختەر کەریم) لە ساڵی 1952 لە گوندی داری کەلی شاری سلێمانی لە دایک بووە، سەبارەت بە هاتنە نێو دنیای هونەری نواندن دەڵێت: لەسەردەمی ئێمەدا تەنیا ڕادیۆ هەبوو، بۆیە بیرم دەکردەوە چۆن بتوانم وەک هەموو ئەو کچانەی لە ڕادیۆ کار دەکەن و قسە دەکەن منیش بتوانم کار بکەم، ئەوەبوو لە کارگەی جگەرەی سلێمانی کارم دەکرد کە (تیپی سەندیکای کرێکاران) درووست بوو، بە هۆی سەندیکاوە دەبووایە مانگانە سەردانی سەندیکا بکەین، جارێک لە کاتی تازەکردنەوەی ناسنامەکانمان گرووپێکی لێبوو گوتیان ئێمە ئەکتەرین و هاتووین پرۆڤە بکەین، بریتیبوون لە حاجی مەکی عەبدوڵڵا و ئیسماعیل بەرزنجی و عەباس ژاژڵەیی و سەڵاح مەجید رۆڵیان پێدام، منیش گوتم ئاسایە لێرە دانیشم و سەیر بکەم گوتیان ئاساییە، دوای تۆزێک حاجی مەکی هاتە لامەوە و گوتی بۆ نایەی ڕۆڵێک هەیە لەگەڵمان بیگێری، ئەوەبوو لە شانۆی (پێ بەقەد بەڕەکەی خۆت ڕاکێشە) ڕۆڵەکانی بینی، منیش دەقەکەم وەرگرت و هاتمەوە ماڵ بە باوکمم پیشانداو ئەویش گوتی زۆر ئاساییە و بەشداریی بکەن لەگەڵیان بكه‌، ئیتر لەوێوە لە ساڵی 1970 هاتوومەتە نێو کاری هونەر و لە چەندین دراما و سینەما و شانۆ توانیوومە لە کاری هونەری وەک (پیسکەی تەڕ پیر، باوەژن خوا بناسە، پێ بەقەد بەڕەکەی خۆت ڕاکێشە، جام کە پڕ بوو لێی دەڕژێ، شەوێک لە ژیانی خانزاد، چارەنووس و … هتد). بەشداری بکەم، لەوسا بەدواوە توانیومە ئەرشیفێکی دەوڵەمەند لە بواری هونەری بۆ خۆم درووست بکەم.