دڵشاد مسته‌فا وه‌سانى
کورد وەک یەکێک لە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت لە جیهاندا، خاوەنی مێژوو و گرێدراوی گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکانی سەدەی بیستەمە. ئەم بابه‌تە هەوڵ دەدات، تیشک بخاتە سەر ڕەگ و ڕیشەی دابەشبوونی جوگرافیای کوردستان لە ڕێگەی ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکانەوە، بەتایبەتی ڕێکەوتننامەی سایکس-پیکۆ، کە چۆن ئەو دابەشکارییە کۆلۆنیالیستییە، بووەتە هەوێنی ململانێ سیاسی و سەربازییەکانی ئێستا و شێوەگرتنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەرانبەر بە پرسی کورد. ڕێکەوتننامەی سایکس-پیکۆ لە ساڵی 1916، کە بە نهێنی لە نێوان بەریتانیا و فەڕەنسا و بە ڕەزامەندی ڕووسیای قەیسەری واژۆ کرا.
لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌وڵه‌تان خاڵێکی وەرچەرخان بوو، بۆ كوردیش نه‌خشه‌ی نه‌هامه‌تییه‌كی به‌رده‌وام. ئەم ڕێكکەوتنە، بەبێ ڕەچاوکردنی پێکهاتەی دیمۆگرافی و سنوورە سروشتییەکان، ناوچەکەی دابەش کرد و بەشێکی زۆری کوردستانی خستە ژێر دەسەڵاتی ئینتیدابی بەریتانی و فەڕەنسی. ئەم نەخشەسازییە، بووە هۆی پارچەکردنی کۆمەڵگەی کوردی و دروستکردنی بەربەستی دەوڵەت-نەتەوەیی لە بەردەم یەکگرتنیاندا، کە دواتر بووە بنەمایەک بۆ ناسەقامگیرییەکی درێژخایەن لە ناوچەکەدا.
هەرچەندە پەیماننامەی سیڤەر لە ساڵی 1920، بە فەرمی مافی دیاریکردنی چارەنووسی بۆ کورد ناساند و ئاماژەی بە ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی کرد، بەڵام گۆڕانکارییە ئیقلیمییەکان و سەرکەوتنی بزووتنەوەی کەمالیزم لە تورکیا هاوکێشەکەی گۆڕی.
پەیماننامەی لۆزان لە ساڵی 1923 بە یەکجاری هیوای سیڤەری لەباربرد، کوردستانی بەسەر چوار دەوڵەتی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریادا دابەش کرد. ئەم دابەشکارییە به گوێره‌ی یاسای دەوڵەتان، لە چوار سیستەمی سیاسیی جیاوازدا، کوردی کردە نه‌ته‌وه‌یەکی ژێردەستە، کە هەریەکە له‌و سیسته‌مه سیاسییانه، ستراتیژی جیاوازی بۆ تواندنەوەی كورد و نه‌هێشتنی ناسنامەكه‌ی گرتەبەر. لە دۆخی هەنووکەییدا، میراتی سایکس-پیکۆ و لۆزان، هێشتا بە ڕوونی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا ڕەنگ دەداتەوە. پرسی کورد بووەتە کارتی گوشار و بەرژەوەندی لە نێوان زلهێزە جیهانییەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە. هەرچەندە کورد، لە شەڕی دژی تیرۆردا، وەک هاوپەیمانێکی گرنگی ڕۆژئاوا دەرکەوت، بەڵام هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هێشتا بە پاراستنی سنوورەكانی سایکس-پیکۆوه پابه‌نده، ئەم دووفاقییە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، کە لە لایەک پشتگیری مافی مرۆڤ دەکات و لە لایەکی دیكەوە پارێزگاری لە دابەشکارییە کۆلۆنیالییەکان دەکات، لە بەردەم چارەسەرکردنی پرسی کورد بە شێوەیەکی ئاشتیانە و دادپەروەرانە ئاستەنگی سەرەکییە.
جینۆسایدكردنی کورد دوای سایکس-پیکۆ
دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆ 1916 و دواتر پەیماننامەی لۆزان 1923، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی و خوێناوی بوو، لە سیستەمی ئیمپراتۆریی فرەنەتەوەییەوە (عوسمانی و قاجاری) بۆ سیستەمی دەوڵەتی مۆنۆ-ئەتنیک (یەک نەتەوەیی).
کێشەی سەرەکیی کورد، لەوێوە دەستی پێ‌کرد، کە سنوورەکان بەبێ ڕەچاوکردنی دیمۆگرافیا کێشران، کورد بەسەر چوار دەوڵەتدا (تورکیا، عێراق، ئێران، سوریا) دابەشکرا، هەریەکەیان له ڕێگه‌ی زه‌بر و زه‌نگ، هەوڵی دروستکردنی ناسنامەیەکی یەکگرتووی دا، ئەم دەوڵەتە نوێیانە، هەر جۆرە فرەچەشنییەکی ئەتنی وەک هەڕەشەیەکی مەترسیدار، بۆ سەر سەروەری و یەکپارچەیی خاک وێنا دەکه‌ن. بەم شێوەیە، توندوتیژی و جینۆساید، بوون بە بەشێک لە پرۆسەی بونیاتنانی نەتەوەی سه‌رده‌ست لە ناوچەکەدا، ئه‌م دابه‌شكارییه، نه‌ك ته‌نیا ڕێگری له دروستبوونی قه‌واره‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی كورد كرد، به‌ڵكوو ڕێگه‌ی بۆ ده‌وڵه‌ته‌كان خۆشكرد، بۆ به‌هێزكردنی سه‌روه‌ریی خۆیان، سیاسه‌تی تواندنه‌وه‌ی كورد به‌كاربهێنن.
کەمالیزم و نکۆڵیکردن لە ناسنامە
لە تورکیا، ئایدۆلۆژیای کەمالیزم لەسەر بنەمای یەک زمان، یەک ئاڵا، یەک نەتەوە دامەزرا. مستەفا کەمال ئەتاتورک و دەسەڵاتدارانی دوای ئەو، بوونی کوردیان وەک نەتەوەیەکی جیاواز ڕەتکردەوە و زاراوەی تورکی شاخاوییان بەکارهێنا. ئەم سیاسەتەی تواندنەوە، پڕۆسه‌یه‌كی كاتی نه‌بوو، به‌ڵكوو بۆ لەناوبردنی به‌رده‌وامی هەر ده‌نگ و بەرەنگارییەک بوو، وەک ئەوەی لە سەرکوتکردنی شۆڕشی شێخ سەعید 1925 و کۆمەڵکوژیی دێرسیم 1938 بینرا.
ڕاگواستنی بەکۆمەڵ و یاسای نیشتەجێکردن (skân Kanunu) لە ساڵی 1934، بۆ تێکدانی دیمۆگرافیای کوردستان و پەرتکردنی پێکهاتەی کورد ئامرازی سەرەکی بوون، چونکە دەوڵەت پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کوردی، وەک بەربەستێک لە بەردەم مۆدێرنیتە و تورکبوونی دەوڵەت دەبینی. دوای دامه‌زراندنی كۆماری توركیا له ساڵی 1923، ده‌وڵه‌ت ده‌ستی به جێبه‌جێكردنی چڕی سیاسه‌تی به‌تورككردن كرد. ده‌ستووری ساڵی 1924 هه‌موو ناسنامه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی جگه له تورك ڕه‌تكرده‌وه، وشه‌ی كورد و كوردستان قه‌ده‌غه كران. ئه‌مه كاریگه‌رییه‌كی وێرانكه‌ری له‌سه‌ر سیمای نه‌ته‌وه‌یی كورد هه‌بوو، چونكه كورد وه‌ك توركی كێوی پێناسه كرانه‌وه. به مه‌به‌ستی داگیركردنی خاكی كوردستان و گۆڕینی دیمۆگرافیاكه‌ی، یاسای نیشته‌جێكردن له ساڵی 1934دا ده‌ركرا، كه بووه هۆی ڕاگواستنی به‌كۆمه‌ڵی كورد، له ناوچه‌كانی خۆیانه‌وه بۆ ڕۆژئاوای توركیا و نیشته‌جێكردنی كۆچبه‌ره توركه‌كان له شوێنی ئه‌وان.
عەرەبیزم و جینۆساید لە عێراق و سوریا
لە عێراق، دوای دروستبوونی دەوڵەت لەلایەن بەریتانیاوە، ئایدۆلۆژیای قەومی عەرەبی (پان عه‌ره‌بیزم) وردە وردە باڵی کێشا. لوتکەی توندوتیژییەکان لە سەردەمی بەعسدا دەرکەوت، کاتێک کورد وەک دژە شۆڕش و بەکرێگیراوی بێگانە وێنا دەکرا، پرۆسەی ئەنفال 1988، کە تێیدا نزیکەی 182 هه‌زار کورد جینۆساید کران، دەرەنجامی عەقڵیەتێک بوو، کە پاکتاوکردنی ڕەگەزیی بە چارەسەری کۆتایی، بۆ پاراستنی نەتەوەی عەرەب دەزانی.
له عێراق و سووریا، سیاسه‌تی به عه‌ره‌بكردن، به شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو په‌یڕه‌و كرا، به‌تایبه‌ت له ناوچه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان به نه‌وت وه‌ك كه‌ركووك. ڕژێمی به‌عس له عێراق پڕۆسه‌ی ته‌عریبی ئه‌نجام دا، كه بریتی بوو لە گۆڕینی ناوی شار و گونده‌كانی كورد بۆ ناوی عه‌ره‌بی و ده‌ركردنی كورد له سه‌ر زه‌وی و زاری خۆیان، لە سوریا، سیاسەتی پشتێنەی عەرەبی و دەرکردنی هەزاران کورد و بێبه‌شكردنیان له مافی هاوڵاتیبوون، بەشێک بوو لە هەوڵی دابڕاندنی کوردانی سوریا لە کوردانی تورکیا و عێراق و تواندنەوەیان لەناو ناسنامەی عەرەبیدا. پڕۆژه‌ی پشتێنه‌ی عه‌ره‌بی له ساڵانی شه‌ست و حه‌فتای سه‌ده‌ی رابردوو جێبه‌جێ كرا، به‌هۆیه‌وه كورد له ناوچه‌یه‌كی ستراتیژیی سه‌ر سنووری توركیا و عێراق ده‌ركرا و هۆزه عه‌ره‌بییه‌كانی لێ نیشته‌جێ كران، ئه‌مه‌ش به مه‌به‌ستی پچڕاندنی په‌یوه‌ندی جوگرافیی نێوان پارچه‌كانی كوردستان بوو.
ناسیۆنالیزمی فارسی و ناوەندگەرایی لە ئێران
لە ئێران، پرۆژەی دەوڵەتسازی لە سەردەمی ڕەزاشا پەهلەوییەوە، لەسەر بنەمای ناسنامەی فارسی و مێژووی ئێرانی دێرین دامەزرا. هەر داواکارییەک بۆ لامەرکەزییەت یان خۆبەڕێوەبەری، بە توندی وەک جیاخوازی و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی سەرکوت دەکرا، لەناوبردنی کۆماری كوردستان له مهاباد نموونەی ئەم سیاسەتە بوو، ڕژێمی په‌هلەوی هه‌وڵی دا ناسنامه‌یه‌كی یه‌كگرتووی ئێرانی، له‌سه‌ر بنه‌مای زمان و كولتووری فارسی دروست بكات.
ئه‌م سیاسه‌ته، بووه هۆی په‌راوێزخستنی زمان و ئه‌ده‌بیاتی كوردی و قه‌ده‌غه‌كردنی جلوبه‌رگی كوردی له داموده‌زگا فه‌رمییه‌كاندا، كه ئامانج لێی لاوازكردنی په‌یوه‌ستبوونی نه‌ته‌وه‌یی كورد بوو. دوای شۆڕشی ئیسلامی 1979، هەرچەندە گوتاری ئاینی زاڵ بوو، بەڵام تێڕوانینی ئەمنی بۆ کوردستان نەگۆڕا. فەتوای جیهاد دژی کورد، نیشانەی ئەوە بوو کە دەوڵەتی ناوەندی (چ پاشایەتی یان ئیسلامی)، فرەیی سیاسی و نەتەوەیی بە مەترسی بۆ سەر مانەوەی خۆی دەبینێت. كاتێ ڕه‌زا شای وه‌ك ئێرانی ڕه‌سه‌ن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كورد كرد، مه‌به‌ست ئه‌وه‌بوو نه‌ژادی كورد له ناو كولتووری فارسی‌دا بتوێته‌وه، ئه‌مه‌ش جۆرێك بوو له داگیركردنی كولتووری و نه‌هێشتنی تایبه‌تمه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان.
توندوتیژی وەک ئامرازی بونیاتنانی دەوڵەت
ئەو دەوڵەتانەی دوای سایکس-پیکۆ، کوردستانیان دابەش کرد، جینۆساید و پێشێلکارییان تەنیا لەبەر ڕقی ئەتنی ئەنجام نەدا، بەڵکو وەک ئامرازێکی ستراتیژی بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆیان بەکارهێنا. هه‌رسێ نه‌ته‌وه، کوردیان لە بەردەم خەونی یەک نەتەوەی تورک، عەرەب و فارس، وه‌ك بەربەست بینیوه، نەبوونی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی دادپەروەرانە و سەپاندنی سنووری دەستکرد، وایکرد ئەم دەوڵەتانە هەمیشە هەست بە نائارامی ناوخۆیی بکەن، وەڵامیان بەرانبەر بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد، هەمیشە سەربازی و توندوتیژ بێت.
دۆزی كورد له نێوان مێژوو و به‌رژه‌وه‌ندیدا
لە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆ و کۆتاییهاتنی جەنگی یه‌كه‌می جیهان، پرسی كورد بووه قوربانیی بەرژەوەندییە کۆلۆنیالییەکان. هەرچەندە پەیماننامەی سیڤەر 1920 بەڵێنی دەوڵەتی سەربەخۆی بە کورد دا، بەڵام بەهۆی سەرھەڵدانی تورکیای نوێ، بە ڕابەرایەتیی ئەتاتورک و ترس لە فراوانبوونی هەژموونی بەلشەفیی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، زلهێزەکان لە پەیماننامەی لۆزان 1923دا، له په‌یمانی سیڤه‌ر پاشگەز بوونەوە. هۆکاری سەرەکیی ئەم پاشگەزبوونەوەیە، بریتی بوو لە خواستی بەریتانیا، بۆ کۆنترۆڵکردنی نەوتی ویلایەتی موسڵ و پاراستنی تورکیا وەک بەربەستێک لە دژی کۆمۆنیزم، ئەمەش وایکرد مافی کورد بەپێی نەخشەی زلهێزەکان، بکرێتە قوربانیی ده‌وڵه‌تانی ناوچەکە و به‌رژه‌وه‌ندیی زلهێزه‌كان. لە سەردەمی جەنگی سارددا، سیاسەتی نێودەوڵەتی بەرانبەر بە کورد، لەسەر بنەمای پاراستنی هاوپەیمانێتییەکان داڕ‌ێژرابوو. ڕۆژئاوا، بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تورکیا و ئێرانی وەک دوو کۆڵەگەی سەرەکیی (پەیمانی بەغدا) بۆ گەمارۆدانی یەکێتیی سۆڤیەت دەبینی. هەر بۆیە، هەر جووڵەیەکی کوردی، کە هەڕەشەی لە یەکپارچەیی ئەم وڵاتانە بکردایە، بە توندی ڕەت دەکرایەوە یان پشتگوێ دەخرا. نموونەی ئەمە کۆماری كوردستان له مەهاباد بوو، کە بەهۆی کشانەوەی سۆڤیەت لەبەر بەرژەوەندیی نەوت لە باکووری ئێران و بێدەنگیی ڕۆژئاوا، ڕووخێنرا. شۆڕشی ئه‌یلوولیش 1961-1975، كه له گه‌رمه‌ی جه‌نگی سارددا بوو، بووه قوربانیی به‌رژه‌وه‌ندیی زلهێزه‌كان و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه. بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە ئاست تاوانەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە لە هەشتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، لوتکەی پراگماتیزمی سیاسیی ڕۆژئاوا بوو. لەو کاتەدا، وڵاتانی ڕۆژئاوا و کەنداوی عەرەبی، سەدام حسێنیان وەک قەڵغانێک لە دژی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دەبینی. ترس لە هەژموونی شیعە و پاراستنی ڕێڕەوی وزە، وایکرد ئەمریکا و ئەورووپا چاوپۆشی لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بکەن، تەنانەت لە ڕووی دیپلۆماسییەوە هەوڵی شاردنەوەی ڕاستییەکانیان دەدا، چونکە لاوازکردنی عێراق لە بەرژەوەندیی ستراتیژیی ئەواندا نەبوو. لە قۆناغی دوای 2003 و شەڕی داعش 2014-2017، تێڕوانینی جیهان بۆ کورد گۆڕانکاریی بەسەردا هات، بەڵام تەنیا لە چوارچێوەی هاوبەشیی ئەمنی نەک هاوبەشی دەوڵەتداری. وڵاتانی زلهێز، کوردیان وەک هێزێکی پیادەی کاریگەر بۆ تێکشکاندنی تیرۆر دەویست، بەڵام کاتێک هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017 ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كرد، هەڵوێستی نێودەوڵەتی نەرێنی بوو. هۆکارەکە ئەوەیە کە سیستەمی جیهانی، هێشتا بە پاراستنی سنورەكانی سایکس-پیکۆوه پابه‌نده، ترسی لەوە هەیە سەربەخۆیی کورد، ببێتە هۆی ناسەقامگیری لە تورکیا (ئەندامی ناتۆ) و گۆڕینی نەخشەی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە ڕوانگەی توێژەرانی عەرەبەوە، پرسی کورد هەمیشە وەک بەشێک لە ململانێی هەرێمایەتی سەیر کراوە، نەک وەک مافێکی نەتەوەیی سەربەخۆ. زۆر لە دەوڵەتە عەرەبییەکان، له ڕێگه‌ی به‌رده‌وام لێدانه‌وه‌ی قه‌وانی ئیسرائیلی دووه‌م، ترسیان لەوە هەبووە، کە دروستبوونی قەوارەیەکی کوردی، ببێتە هۆی دابەشبوونی زیاتری وڵاتانی عەرەبی (وەک عێراق و سوریا) و دروستبوونی هاوپەیمانێکی نوێ بۆ ئیسرائیل لە ناوچەکەدا. ئەم تێڕوانینە وایکردووە، کە تەنانەت لە کاتی لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوەندیشدا، پشتیوانیی تەواو لە مافی چارەی خۆنووسینی کورد نەکرێت.
ته‌قینه‌وه‌ی توڕه‌یی كورد
دوای 110 ساڵ له ڕێككه‌وتننامه‌ی سایكس پیكۆ و 100 ساڵ له لكاندنی باشووری كوردستان به عێراق، له سه‌ره‌تای ساڵی 2026دا، ڕق و توڕه‌یی سه‌ده‌یه‌ك ته‌قییه‌وه. كاتێ به به‌رچاوی جیهان، رۆژئاوای كوردستان كه‌وته به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچوون، بۆ یه‌كه‌م جار كوردانی هه‌ر چوار پارچه و تاراوگه به یه‌كگرتوویی، هه‌ستانه سه‌ر پێ و بێده‌نگیی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییان شه‌رمه‌زار كرد. هه‌رێمی كوردستان، له به هاناوه‌چوونی ڕۆژئاڤا، له دوو ئاستدا ڕۆڵیكی سه‌ره‌كیی بینی، له ئاستی جه‌ماوه‌ری به خۆپیشاندانی به‌رده‌وام، كه سه‌ره‌تا له هه‌ولێر له‌به‌رده‌م كونسوڵخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌ستی پێكرد، دواتر هه‌موو شاره‌كانی گرته‌وه، هه‌روه‌ها له كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك و ڕۆڵی ده‌زگه میدیاییه‌كان و ده‌زگه‌ی خێرخوازیی بارزانی به‌رجه‌سته بوو. له ئاستی دیپلۆماسیدا، سه‌رۆك بارزانی ده‌ستی به جووڵه‌یه‌كی دیپلۆماسیی خێرا كرد، وه‌ك سه‌ردانی به‌په‌له بۆ ڤاتیكان و په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی سوریا و قه‌ته‌ر و نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا. هه‌روه‌ها هه‌وڵه‌كانی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ناڕه‌زایی سه‌رتاسه‌ریی كورد و هه‌ولی دیپلۆماسی به‌یه‌كه‌وه، توانیان مه‌ترسییه‌كه‌ی سه‌ر ڕۆژئاڤا لاببه‌ن، له كۆنفڕانسی میونشنیشدا، به‌شداریی شاندی ڕۆژئاڤا ئاماژه‌ی ئه‌رێنی بوو. شه‌پۆلی به‌رفراوانی چوونی كوردانی باكوور، به سه‌رما و سۆڵه بۆ پشتیوانیی ڕۆژئاڤا، ڕۆڵی میحوه‌ریی هه‌رێمی كوردستان، شكاندنی سنووری سایكس پیكۆ بوو، پێوسته ده‌ست به فاكته‌ره‌كانی ئه‌و هه‌ستانه‌وه نه‌ته‌وه‌ییه بگیرێ.