خەبات: حەمید سوورچی:- لاجان محەمەد عوسمان كۆمەڵناس و مامۆستای زانكۆ، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە زانستی كۆمەڵناسیدا، لەم دیدارەی لە گەڵ خەبات ڕۆشنایی دەخاتە سەر ڕەوشی ئافرەت لە كۆمەڵگەی كوردستاندا و باس لە ڕۆڵی ئافرەتان دەكات لە ناوەندەكانی بڕیاری سیاسی، كایەی ئابووریی، كارگێڕی، ڕێكخراوەیی و كۆمەڵایەتی لە سیستمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستاندا.
* چۆن دەڕوانیتە ڕەوشی ئافرەت لە كۆمەڵگەی كوردستاندا؟ – لەم بارودۆخەدا، ئافرەتان زۆرجار لە نێوان خواست لەسەر ژیانێكی نوێ و پابەندبوون بە باوەڕ و ڕێكخستە كۆنە كۆمەڵایەتییەكان دەمێننەوە. ڕەوشی ئافرەت لە كۆمەڵگەی كوردستاندا دۆخێكە لە نێوان پێشكەوتن و سنوورداركردندا، چەق بەستوو بووە. هەرچەندە لە ئاستی یاسایی و دامەزراوەكاندا هەوڵ بۆ پاراستنی مافەكانیان دراوە، بەڵام جێبەجێكردنی ئەم یاسانە زۆرجار لاواز بووە بەهۆی سنوورداربوونی ئەركی دەسەڵات، فشارە كۆمەڵایەتییەكان و زاڵبوونی نەریتە كۆنەكان. لە هەمان كاتدا، گۆڕانكارییە خێراكان، میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كاریگەرییەكی بەرچاویان لەسەر دید و دونیابینینی ئافرەت جێهێشتووە كە خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم گۆڕانكارییانە و قبوڵكردنی بەها و بیركردنەوە نوێكان، هەندێكجار بۆتە هۆكاری دروستبوونی پێكدادان لە نێوان نەوەكاندا و لەیەكتر تێنەگەیشتن، چونكە باوان زۆرجار هەوڵدەدەن پارێزگاری لە ئایدۆلۆژیا و بیر و بۆچوونە كۆنەكان بكەن، لە كاتێكدا نەوەی نوێ داوای گونجاندنی خۆی لەگەڵ عەقڵیەت و باوەڕی نوێدا دەكات.
* ئازادی تێگەیشتن و بەرپرسیارێتیە، لەم سۆنگەیەوە خوێندنەوەت بۆ ئازادی ئافرەت چییە؟ – ئازادی بە واتای دەرچوون لە هەموو سنوورێك نایەت، بەڵكوو واتای ئاگادار بوونی سنوورەكان و مامەڵە كردنێكی هۆشیارانەیە لەگەڵ هەڵوێست و هەڵبژاردنەكانی نێو كۆمەڵگە. بەم مانایە، خوێندنەوە دەبێتە ڕێگایەك بۆ ئەوەی ئافرەت خۆی وەكوو تاكێكی ئەخلاقی و بەرپرسیار بناسێت، تاكێك كە ئازادییەكەی بە تێگەیشتن دەستپێدەكات و بە ئەرك و بەرپرسیارێتی بەردەوام دەبێت و بە سنووردانان بۆ بەها تەندروستە كۆمەڵایەتییەكان كۆتایی دێت، چونكە بیرمان نەچێت ئافرەت دواجار دایكە خوشكە كچە، پەروەردكاری نەوەی ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی كۆمەڵگەیە.
* ڕۆڵی ئافرەتان بە گشتی لە ناوەندەكانی بڕیاری و سیستمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ – لە سیستمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستاندا دۆخێكی دوولایەنی هەیە، ئامادەیی هەیە، بەڵام دەسەڵات نییە، بەشداری هەیە، بەڵام بڕیارسازی سنووردارە. پێشكەوتنی ڕاستەقینە لەم بوارەدا پێویستی بە گۆڕانی سیستەماتیك هەیە كە تێیدا تەنها ژمارەی ئافرەت زیاد نەكرێت، بەڵكو توانایان بۆ بڕیارسازی، دەستگەیشتن بە دەسەڵات و كاریگەرییەكی ڕاستەقینە لە ناوەندی حوكمڕانیدا دابین بكرێت.
ئافرەتان كاتێك دەیانەوێت لە كایەی سیاسی و دەسەڵاتدا ڕۆڵێكی كارا بگێڕن و لە بەرگی نمایش دەربچن، دووچاری كۆمەڵێك ململانێ دەبنەوە كە ڕەنگە هەندێكی پەیوەندی بەو شێوازە بیركردنەوەیە بێت كە تا ئێستا كەسانێك پێیان وابێت ژن لاوازە و بۆ نێو كاری سیاسیی حكومڕانی میری نابێت. ئەم بەربەستانە زۆرجار پەیوەستە بە زاڵبوونی تۆڕی دەسەڵات، پەیوەندییە حزبییەكان و كولتوور، كە ڕێگای گەیشتنی ئافرەت بۆ بڕیارسازی ستراتیژی سنووردار دەكات. داهات و توانای ئابووریی ئافرەت كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆ و بنچینەیی هەیە لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی ژیان، ئاستی خوێندن و تەندروستی خێزان، لەسەر گەشەی ئابووریی كۆمەڵگە بە گشتی. لە ڕوانگەی زانستی و كۆمەڵایەتییەوە، كاتێك ئافرەت دەبێتە خاوەن سەرچاوەی دارایی و توانای ئابووریی سەربەخۆ، ئەو كاتە توانای بڕیاردانی خێزانی و كۆمەڵایەتیی زیاتری پێدەدرێت، كە ئەمەش دەبێتە هۆكاری باشتركردنی دابەشكردنی سەرچاوەكان و پاراستنی باشتری ماف و پێداویستییە بنچینەییەكان.