خەبات: عەلی بانیشاری:- ئەم هەفتەیە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری پارێزگای دهۆك لێكۆڵینەوە و پشكنینی زانستی بۆ ئەو سەرە پەیكەرە دەكات كە 14ی ئەم مانگە لە سنووری قەزای شێخان دۆزرایەوە.

دكتۆر بێكەس بریفكانی، بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆك لەسەر دۆزینەوەی پارچەكە قسەی بۆ (خەبات) كردووە و دەڵێت: لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكانی سنوورەكە لەسەر هێڵین و هەر شتێكی نوێ هەبوو بە فەرمی ڕایدەگەیەنین. ڕۆژی شەممە 14ـی كانوونی دووەمی 2026 شونكارێك لە كاتی لەوەڕاندنی مەڕو ماڵاتەكەی لە بناری چیای مەقلووب لە سنووری قەزای شێخان سەرە پەیكەرێكی ئاژەڵی دۆزییەوە كە كێشەكەی نزیكەی 400 گرامە.

شوانكارەكە دەستبەجێ دەزگا ئەمنییەكانی سنوورەكە و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری دهۆكی ئاگادار كردووەتەوە كە سەرە پەیكەرێكی لەسەر شێوەی حوشتر دۆزیوەتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆك لەسەر دۆزینەوەی سەرەپەیكەرەكە ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت: بەڕێوەبەرایەتییەكەمان و دەزگا ئەمنییەكان ئاگاداری دۆزینەوەی پارچەكەن و لە ئێستادا دەزگا ئەمنییەكانی شێخان سەرە پەیكەرەكەیان پاراستووە و لەو ڕۆژانە دەگوازرێتەوە بۆ دەزگا ئەمنییەكانی پارێزگای دهۆك پاشان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك بەمەبەستی پشكنینی زانستی.

پەیامنێری (خەبات) لەسەر دۆزینەوەی سەرە پەیكەرەكە و چۆنییەتی پاراستن و پشكنین بۆی پەیوەندیكرد بە د.بێكەس بریفكانی، بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك، ناوبراو لە وەڵامدا گوتی: لە بەغداوە و لە پەیوەندیدام لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دهۆك، بەڵام ڕادەستكردنی پارچەكە بە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆك پێویستی بە ڕێكاری ئیداری هەیە و هەر شتێك هەبوو بەفەرمی ئاگادارتان دەكەینەوە.

گوتیشی: بەگوێرەی یاسای ژماری 5ـی ساڵی 2021ـی بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار و كەلەپووری هەرێمی كوردستان مامەڵە لەگەڵ پارچەكە دەكەین. بڕگەی حەوت لە ماددەی یەك یاسای ژمارە (5)ـی ساڵی 2021ـی تایبەت بە بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار و كەلەپوور: شوێنەوار ماددەی گوازراوە و نەگوازراوە، كە دروستكراوە یان نەخشكراوە یاخود بەرهەمهێنراوە یان نووسراوە دەستنووسە یاخود وێنەیان كێشراوە یان وێنەیان گیراوە و تەمەنی لە (200) ساڵ كەمتر نەبێت و پەیكەری مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەكەكانیش دەگرێتەوە. بەگوێرەی یاساكە سزاكان بەم شێوەیە: سزای توند (بەندكردن و غەرامەی دارایی) بۆ ئەو كەسانە دیاریكراوە كە شوێنەوار تێكدەدەن یان بە قاچاغ دەیبەنە دەرەوە، یان بەبێ مۆڵەت كنەوپشكنین دەكەن.

لە ناوەڕۆكی یاساكەدا هاتووە ((شوێنەوارەكان موڵكی دەوڵەتن و نابێت دەستكاری بكرێن)). تاوەكوو ئێستا ڕوون نییە ئەو سەرەپەیكەری دۆزراوەتەوە لە چ ماددەیەك پێكهاتووە، ئایا شوێنەوارە یان كەلەپوور؟ كۆپییە یان ئەسڵی؟ ئایا پەیكەرەكه‌ بەهۆی باران و لافاوەوە دەركەوتووە یان هۆكاری دیكە؟ لەگەڵ تەواوبوونی ڕێكارەكان و گەیشتنی سەرە پەیكەری ئاژەڵەكە بە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری پارێزگای دهۆك وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە دەدرێتەوە و شوێنەواری دهۆك كۆنفراسی ڕۆژنامەوانی دەبێت، چیای مەقلووب لە قەزای شێخان یەكێكە لە شوێنە دێرینە ئاینی و مێژووییەكان و لە هەندێك شوێن بەرزییەكەی دەگاتە زیاتر لە 1000 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە.