سهرهتا وتار ئیدریس بارزانی سەرکردەیەکی دیندار و عیرفاندۆست و پاڵپشت بوو بۆ زانایانی ئایینی
د. عهبدوڵڵا شێرکاوەیی*
هەندێک جار هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ژیانی کەسایەتییەکان تەنها مێژوو نییە، بەڵکو تێگەیشتنە لەو ئەزموون و کولتورو فەرهەنگە کۆمەڵایەتییەی پشت دروستبوونیانەوە، کە کاریگەری زۆری هەیە لە داڕشتن و پەروەردەکردن و ئاراستە بۆ سەرکردایەتیکردن؛ هەڵبەت ئەوەی لەسەر کەسایەتی و سەرکردە و کاریزمایی ئیدریس بارزانی بە دوای خوێندنەوە و زانیاری و سەرچاوە بگەڕێت، بۆی دەردەکەوێت ئەو تەنها سیاسییەک نەبووە، بەڵکو سەرکردەیەکی لێهاتووی خاوەن هەست و هەڵوێستێکی بەرزی ئایینی و نەتەوەیی و کەسایەتییەکی هەڵکەوتوو و مەبدەئی بووە، ئەمە شتێکی نامۆ نییە، بەڵکو بۆ کەسێکی وا کە لە بنەماڵە و تەریقەتی شێخانی بارزان هاتبێتە دنیا، وێنایەکی بەرجەستەبووی ژەنەڕالێکی مەزنی وەک بارزانی نەمر بێت و، لەپێناو دۆزی رەوای گەلەکەی تێکۆشابێت! هەر ئەوە چاوەڕوان دەکرێت، لەپاڵ هەموو ئەو ئەرک و کۆڵە قوڕسەی سەرشانی و خەبات لەپێناو نیشتمان و قوڵبوونەوەی لە خەمی خەڵک و خاک، دینداری و خواناسی لەبیر نەکات و بە ئەولەویەتی ژیانی دابنێت، جێی هەڵوەستە و شانازییەکی مەزنە، ئەمە نەک بۆ خۆی و خەبات و مێژووی خانەوادەکەی، بەڵکو بۆ هەموو ئاییندۆستان و زانایان و تاکێکی کورد شەڕەفێکی گەورەیە، کە سەرکردەی وا هەڵکەوتووی سەر شاڕێگەی ئایینپەروەری و نیشتمانپەروەری هەبووە و هەیە.
خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی وێڕای ئەوەی کاراکتەرێکی سیاسیی خاوەن پەیوەندییەکی بەهێز و فراوان بووە، لەهەمان کاتدا هەڵگری کۆمەڵێک خاسیەت و خەسڵەتی دینداری و عیرفانی بووە، تەنانەت بەپێی زانیاری و سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ئیدریس بارزانی شەوانە کاتی تەرخانکردووە بۆ خواپەرستی و قوڵبوونەوە لە رێبازی خواناسی، حەزی بۆ شارەزایی لە قورئانی پیرۆز زۆر بووە و حەز و خولیای تەفسیری قورئانی پیرۆزی زۆر بووە، لە پارێزگاریکردن و پابەندی و پاراستنی رێبازی ئەهلی سوننەو مەزهەبی فیقهی کورد زۆر بەهەڵوێست بووە، لەکاتی دانوستانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ راشکاوانە گوتویەتی: “ئێمە گەلێکی موسڵمانین، زوڵم لێکراوین بەڵام باوەڕتان هەبێت کە یەزدانی مەزن قەت زوڵم قبوڵ ناکات خوا هەر سەرمان دەخات” ساڵانە لەگەڵ هاتنەوەی مانگی مەولود ئاهەنگی تایبەتی بەو بۆنەوە ساز کردووە و بانگهێشتی خەڵک و کەسایەتی سیاسیی و کۆمەڵایەتی بەتایبەت مامۆستایانی ئایینی کردووە و لە خوێندنەوەی مەولودنامە بەشدار بووە و پەرتووکی بوردەتولمەدیحی لەبەر بووە و لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی گێڕاویەتەوە، ئەو مرۆڤێکی زاهید بووە لە دین و دنیا و زۆریش حەزی لە دروشم و پەرستشەکان کردووە، تەنانەت لەسەرچاوەیەکی متمانەپێکراو کە بۆی گێڕامەوە، کە لە خزمەت ئیدریس بارزانی دانیشتبوون باسی لە پێویستی و لەززەتی دینداری کردووە بەتایبەت کاتی (بانگ) بۆ ئەو هەستێکی تایبەت بووە، گوتویەتی: من زۆر حەز لە دەنگی ( بانگی نوێژ) دەکەم و هەستدەکەم وەک پەیامێک دەروونم هێور و ئارام دەکاتەوە، هەبوونی ئەم دروشمە رووناهی دەداتە کۆمەڵگە و سەقامگیری رۆحی بڵاودەکاتەوە.
وێڕای ئەمەش روحێکی عیرفانی گەورەی هەبووە و بەردەوام حەزی لەو شتانە بووە، کە روحی مرۆڤ بەرز و ئارام دەکەنەوە، تێکەڵ بووە لەگەڵ شیعری شاعیرانی رێبازی عیرفانی و هەستی نەتەوەپەروەری، بەتایبەت زۆر شەیدای شیعرەکانی مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی و وەفایی کردووە، زۆربەی شیعرەکانی ئەو سێ کەڵە شاعیرە ئایینپەروەر و نەتەوەپەروەری لەبەر بووە، کۆڕ و مەجلیسی پێ رازاندۆتەوە، تەنانەت کتێبی نەهجولبەلاغەی ئیمامی عەلی خوێندۆتەوە و بۆچوونی وابووە، کە حیکمەت و دانایی لەهەر کولتورێک هەبێت پێویستە سوودی لێ وەربگیرێت.
هاوکات پەیوەندییەکی بەهێز و نزیکی لەگەڵ زانایانی ئایینی هەبووە، لە دوای رێکەوتننامە شومەکەی جەزائیر لە ساڵی 1975 لە کاتی ئاوارەیی لە ئێران و ئۆردوگای زێوە، دواتر کاراکردنەوەی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لەسەر دەستی کۆمەڵێک مامۆستای ئایینی نیشتمانپەروەر بە پاڵپشتی راستەوخۆی خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی بوو، کە یەکێتی زانایان لەسەر پێی خۆی وەستاوەتەوە، ئیدی ئەو پۆلە مامۆستایە بوونە هەوێنی پاراستنی ئەم رێکخراوە و پاڵپشتی بۆ شۆڕش و هەستی کوردایەتی و ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر، سەرەڕای ئەو گوشار و فشارەی لەسەر کورد و دۆزی رەوای گەلەکەمان هەبووە، کە رژێمی شا سهرجهم ئاوارهكانی دوور دەخاتەوە بۆ شارهكانی دووره دهستی ئێران تاوهكو دووریان بخاتهوه له خهبات و تێكۆشانی نهتهوهیی و چیتر تێكهڵ به سیاسهت و شۆڕش نهبن، مامۆستایانی ئایینی وهكو سهرجهم پێشمهرگه و ئاواره خۆڕاگرهكان كۆڵیان نهداو كهوتونەتەوە خۆ بۆ ئهوهی ههرچی زووە یهكێتی زانایان ڕێكبخەنهوه، بۆ ئەو مەبەستە خوا لێخۆشبوان مهلا (محمدی مزووری) لهگهڵ چهند مامۆستایێكی دڵسۆز و كۆڵنهدهری دیكهی وهك: ( مهلا عهلی مهلا عمر دۆسكی) ناسراو به ( قازی شۆرش)، ههروهها مهلا (محمد گۆری) و مهلا ( عهبدولرهحمان میر سهردەری) و مهلا ( عهبدولكهریم خۆشناو) و ( مهلا جبرائیل بیری) و چهندین مامۆستای دیكه رۆڵی سهرهكیان ههبوو له ڕێكخستنهوهی یهكێتی زانایان، ئهوان پهیوهندییان به ههموو مامۆستایانی ئاوارهوه كرد لهسهرجهم شاره دووره دهستهكانی ئێران، لە ئهنجامدا ساڵی 1989 لێژنهی ئامادهكاری دیارکراو مامۆستایانی ئایینی پهیوهندیان بهو لیژنهیهوه كرد و بە بەشداری 50 مامۆستای ئایینی کۆنفڕانس بەسترا، تهنانهت ههندێكیان بهخێزانهوه گهڕانهوه ئۆردوگای زێوه تاوهكو له نزیكهوه بهشداربن له كار و چالاكییهكانی یهكێتی زانایان.
ههموو ئهو ههوڵانه به پشتگیری و هاوكاری ڕاستهوخۆی خوالێخۆشبوو( ئیدریس بارزانی) بووە، كه ئهگهر رۆڵی ئهو نهبووایه ههوڵهكان سهریان نهدهگرت و سهركهتوو نهدهبوون. وەک سەرۆک مەسعود بارزانی لە کتێبەکەیدا دەڵێت: “کاک ئیدریس بارزانی رۆڵێکی گەورە و بەرچاوی بینی لە کۆکردنەوە و رێکخستنەوەی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە ئاوارەیی دا، ئەگەر رۆڵی ئەو نەبووایە رێکخستنەوە و کۆکردنەوەی مامۆستایان لە ماوەیەکی کەمدا ئاستەم بوو”.
نزیکی و پاڵپشتی خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی لە زانایانی ئایینی قەت واینەکردووە ئەم رێکخراوە و مامۆستایانی ئایینی هەست بە بێکەسی و مەینەتی بکەن، پەیوەندی راستەوخۆی نێوان ئەم دامەزراوەیە و ئەو سەرکردە مەزنە وەک نزیکترین کەس لە زانایانی ئایینی، زەمینەی گونجاوی رەخساندبوو بۆ زانایان بتوانن هاوشانی شۆڕشگێڕانی کورد و پێشمەرگە خەبات بکەن و لە چالاکی خۆیان نەوەستن.
سەرباری هەموو ئەرکە قوڕسەکان، ئەو سەرکردەیە لایەنی خواناسی و خواپەرستی فەرامۆش نەکردووە، دەتوانین بڵێین؛ کاریگەری و رۆڵ و حزوری ئایین لای ئەو جێی بایەخ بووە و کاردانەوەی بەسەر کۆی هزر و هەنگاوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و دیبلۆماسیەکانەوە هەبووە، ئاراستەی تێڕوانین و جیهانبینی، هەڵقوڵاوی هەناوی ئایین و رێبازی عیرفانی و باپەند بە پرسی ئەخلاق بە هەموو رەهەندەکانییەوە بووە.
ئەمەش هۆکار بووە، کە بەردەوام گرنگی بە خوێندنەوە و خۆپێگەیاندن بدات، لە بواری ئایین و ئەدەب و مێژوو هاوڕێی کتێب بێت و حەزی زۆری بۆ شارەزایی لەم چوارچێوەیە هەبێت، وەک سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەم بارەوە دەڵێت: “شەوانە تا درەنگ دەیخوێندەوە و دەینووسی ھەردەم کتێبی پێ بوو تامەزرۆی کتێب خوێندنەوە بوو تەنانەت لە ناو ئوتۆمبێلیشدا دەیخوێندەوە، شەوانە بە یەکەوە کتێبمان دەخوێندەوە و گفتوگۆمان دەکرد”.
لەپاڵ ئەم هەوڵانە؛ هەمیشە هەڵگری خەمی دۆزی رەوای گەلەکەی بووە و تەنانەت لە دانیشتنێکدا ساڵی 1986 لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی لە ئۆردوگای زێوە باسی لەوە کردووە، کە ئەو لە ژیانیدا ئیسراحەتی کەم بووە و بەردەوام لە خەبات و تێکەڵی ئێش و ئەندێشەی گەلەکەی بووە، لەبەر ئەوەی ئەو خەڵکەی ئاوارە بووە لەسەر کوردایەتی و رێبازی بارزانی بووە، ناکرێ بەرپرسیارێتی هەڵنەگرن و خەمی ئەو خەڵکە لە کۆل نەنێن.
ئەم زەمینەیە خۆڕسکە هۆکار بووە، کە ئەو لە هەڵسوکەوت و رەفتاردا کەسێکی سادە و دامەزراو و رۆشنفکر و کۆمەڵایەتی و نموونەی وەفا و رەوشتبەرزی هەڵکەوێت، لە دیدار و گفتوگۆدا بە قسەو گوفتاری شیرین و بوێڕ و راشکاو، لۆژیکیانە سەرنجی بەرامبەری رابکێشێت، تەنانەت ئەوە باوە کە جارێکیان دەچنە لای ئایەتوڵا خامەنەئی کە ئەو کات ئیمام جومعەی تاران بوو، لە دیدارەکە و دوای قسەکانی کاک ئیدریس بارزانی، خامەنەئی هێندە سەرسام بووە بە گوفتار و زانیاری و ڕاشکاوی لە دەربڕیندا، پێی گوتوە کە مەلا مستەفا بارزانی بە ئاسوودەیی سەری ناوەتەوە چونکە کوڕی وەک تۆی هەیە، هەروا سەرۆک مسعود بارزانی لە کتێبی ( بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد)دا دەڵێت: دەتوانم بڵێم کاک ئیدریس وێنەیەکی پاک و بێگەردی بارزانی بوو، هەموو سیفاتی لەودا کۆببۆوە.
ئەو بە ئەندازیاری ئاشتی و کەسێکی ژیرمەند لە دانوستان وەسفدەکرێت، لە کاتی ململانێ و باری نائاسایی و شەڕ و لێکترازانە کۆمەڵایەتییەکان و کاری دیبلۆماسی، رۆڵێکی گەورەی لە رەخساندنی زەمینەی ئاشتی و سەقامگیری و لێکنزیکردنەوەی بۆچوونە جیاوازەکان گێڕاوە، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ هەموو نەتەوە و ئایین و مەزهەبەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردی هەبووە، بۆیە لە سۆنگەی ئەمەکداری و خەمخۆری بۆ دۆخی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، خەڵک بە پشت و پەنایەکی گەورە سەیریان کردووە، زۆر بایەخی بە پەیوەندی کۆمەڵایەتی داوە و تۆڕی پەیوەندییەکانی فراوان بووە، ئەمەی وەک زەمینەی ئاشتی و پێکەوەژیان لە نێو سەرجەم بۆچوونە جیاوازەکان و پێکهاتە ئاینییەکان زانیوە. بە کورتی: خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی وەک سەرکردە و سیمبولێکی نەتەوەیی، لەسەر رێباز و میراتی دینداری و عیرفانی شێخانی بارزان، نەک خۆی لەدین لانەدابوو، بگرە ئایین لای ئەو هێزێکی گەورەی مەعنەوی بووە بۆ پاڵپشتی هەنگاوەکان و درێژکردنەوە و پاراستنی هەستی ئایینی و بەستنەوەی بە هەست و سۆزی نەتەوایەتی و نیشتماندۆستی، وەک بناغەی گەیشتن بە مافی رەوای گەل و بەرقەرارکردنی ئاشتی و بە ئەنجامگەیاندنی ئامانجەکانی شۆڕش و خەباتی کوردایەتی، بۆیە سەرۆک بارزانی لەگەڵ هەواڵی ماڵئاوایی ئەو پیاوە مەزنە دەنووسێت: بەم هەواڵە ناخ و دەروونم هەژا، دنیا لەبەر چاوانم تاریک بوو، کۆچی دوایی کاک ئیدریس کۆست و زیانێکی گەلێک گەورە بوو نەک هەر بۆ ئێمە بەڵکو بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد بەگشتی.
* ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان.